فێستیڤاڵی شەهید زیلان کۆتایی هات

٢٠هەمین فێستیڤاڵی ژنانی شەهید زیلان کە هەزاران ژن بەشدارییان تێداکرد لە شاری دۆرتمۆند کۆتایی هات و ڕاگەیاندرا، دەبێت لە پێناو بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی، پێگەی یاسایی ڕێبەر ئاپۆ دیاری بکرێت و دەوڵەت هەنگاو یاساییە پێویستییەکان بگرێتەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی دوێنێ بە بەشداری هەزاران ژن لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا بە دروشمی “ژنان ژیانی ئازاد دەهۆننەوە” فێستیڤاڵی شەهید زیلان دەستیپێکرد، شەوی ڕابردوو دوای چەندین چالاکی فێستیڤاڵەکە کۆتایی هات.

 

لە فێستیڤاڵەکە ئایتەن کاپلان، وتەبێژی تەڤگەری ژنانی کوردی ئەورووپا "تەژەکە-ئەورووپا" ڕایگەیاند، ئەو میراتی تێکۆشانەی شەهید زیلان بەجێی هێشتووە، ساڵانە بەردەوامی پێدەدرێت و بەرفراوانتر دەکرێت، بۆ ئەوەی ئەم میراسە بە زیندوویی بهێڵینەوە و تێکۆشانی ژنان لە هەموو کایەیەکدا بڵاو بکەینەوە، بە بڕیاردارییەوە هەنگاو دەنێین.

 

پاشان، لە گۆڕەپانی فێستیڤاڵەکەدا بۆ تەمەنە جیاوازەکان ئاهەنگی جۆراوجۆر سازکرا، لە چادری زارۆکا ما کە بۆ منداڵان هەڵدرابوو، چالاکیی مۆسیقی، یارییە دێرین و کەلتورییەکان و چالاکیی هونەری بەڕێوەچوون، منداڵان لەگەڵ مامۆستاکاندا کۆبوونەوە و بەشدارییان لە جۆش و خرۆشی فێستیڤاڵەکەدا کرد.

 

هەروەها لە میانەی وتارەکانی فێستیڤاڵەکەدا، گوڵجان کاچماز، پەرلەمانتاری وانی دەمپارتی وتارێکی پێشکەش کردو تێیدا سەرەڕای ئاماژەکردن بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، جەختی لەوە کردەوە، دەبێت لە پێناو بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە پێگەی یاسایی ڕێبەر ئاپۆ دیاری بکرێت، هەروەها دەوڵەت هەنگاو یاساییە پێویستییەکان بگرێتەبەر.

 

بەرنامەی فێستیڤاڵەکە بەو سروودانە دەستیپێکرد کە لەلایەن کۆرۆی منداڵانەوە پێشکەش کران، لە ماوەی ڕۆژەکەدا کۆرۆی منداڵان، باران بۆزیەل، دەز دەنیز، هانی، هه‌ڵبه‌ست ئاری و ئەیلەم و دەف نمایشەکانیان پێشکەش کرد.

 

کۆمەڵەی هەڵپەڕکێی NRW بە پێشکەشکردنی هەڵپەڕکێی ڕەسەن و کەلتووری، ڕەنگینی بەخشییە فێستیڤاڵەکە و ئامادەبوان بە مۆسیقا و هەڵپەڕکێی فێستیڤاڵەکە دڵخۆش بوون، بە هەزاران کەس، بۆ ماوەیەکی درێژ هەڵپەڕکێیان کرد، پاشان فێستیڤاڵەکە بە پەیامی ئاشتی، ئازادیی و تێکۆشانی ژنان کۆتایی پێهات.