فشارەکان لەسەر ژنانی چالاکوان و خوێندکاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامی هەیە

لە چوارچێوەی سیاسەتە سەرکوتگەرییە سیستماتیکییەکانی ئێران لە دژی ژنان، زیندانیان و چالاکوانانی ژن لە هەوڵێکدا بۆ بێدەنگکردنی دەنگەکانیان، ڕووبەڕووی سزای نادادپەروەرانە، مانگرتنی توند و بانگهێشتکردنی نایاسایی دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

 

سیاسەتی ئێران بەرامبەر بە ژنان لەسەر بنەمای دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە و پەراوێزخستنی سیستماتیک دامەزراوە، دادگا و ئامێرە ئاسایشیەکان بۆ سەرکوتکردنی چالاکوانان و داگیرکردنی سەرەتاییترین مافەکانیان بەکاردەهێنرێن، ئەم پراکتیزانە بیرکردنەوەیەکی تاکڕەوانە ئاشکرا دەکەن کە هەوڵدەدات دەنگی ژنان بێدەنگ بکات و لە ژیانی گشتی دووریان بخاتەوە.

 

لە بەرامبەر ئەم کارانەدا کە ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەی تاکڕەوانەیە کە ژنان بە گرتن و پەراوێزخستن دەکاتە ئامانج لەبری دانپێدانان بە ماف و ئازادییەکانیان، ریسا کەمالی ئەردەکانی، زیندانی سیاسی کە لە زیندانی یەزد ڕاگیراوە، لە ٢٤ی تشرینی دووەم بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە چەسپاندنی سزاکانی دەستی بە مانگرتن لە خواردن و دەرمان کرد، ئێستا لە نۆیەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدایە، لە سەرەتای مانگرتنەکەیەوە هەموو پەیوەندییەکی لەگەڵ خێزانەکەیدا پچڕاوە.

 

بەگوێرەی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ریسا کەمالی ئەردەکانی، لەمێژە داوایەکی بۆ چەسپاندنی سزاکانی پێشکەش کردبوو، بەڵام دەسەڵاتداران وەڵامیان نەدایەوە، ئەمەش وای لێکرد دەست بە مانگرتن لە خواردن بکات، دوابەدوای ئەمەش کارگێڕی زیندانەکە گواستیەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەیدا پچڕاند، تا ٢٩ی تشرینی دووەم لەوێ مایەوە و دواتر گەڕێندرایەوە بۆ ناو خەڵکی گشتی، لە ئێستادا تووشی نەخۆشی ژەهراوی غودەی دەرەقی بووە، کە تەندروستی بە توندی خستووەتە ژێر مەترسییەوە.

 

ریسا کەمالی ئەردەکانی، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٦، خەڵکی ئابادان و خوێندکاری جوگرافیایە، لە ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٤ لە شاری ئیسفەهان دەستبەسەر کراو و بۆ زیندانی دەوڵەت ئاباد گواسترایەوە، دواتر دادگای ئینقلاب لە ئیسفەهان بە سەرۆکایەتی دادوەر تەواکولی، بە تۆمەتی "زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی گشتی" و "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم" و "ئەندامبوون لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان" بڕیاریدا بە حەوت ساڵ و نۆ مانگ زیندانی کردنی، جگە لە دوو ساڵ قەدەغەکردنی ناوخۆی.

 

فەریبا حسێنی، پزیشکی ددان و چالاکوانیی مەدەنی، دانیشتووی شاری شیراز، ڕۆژی ١ی کانوونی یەکەم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاند، کە بانگهێشتی لقی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای ئینقلاب لە شیراز کراوە بۆ ئەوەی دەست بکات بە تێپەڕاندنی سزای یەک ساڵ زیندانییەکەی لە ژێر چاودێری ئەلیکترۆنیدا لە ماوەی ١٠٠٠ مەتردا، کە بە "لابردنی سەرپۆش" و "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم" سزا درا.

 

لە لێدوانێکدا لەسەر بانگهێشتنامەکە نووسیویەتی، ئاگادارکردنەوەیەکیان بۆ ناردبووم و پێیان وتم لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا لە دادگا ئامادەبم بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی سزاکەم بکەم، یان دەستگیرم دەکەن، چ تاوانێکم کردووە؟ هیچ، بەڵام ئەگەر بێن و بمبەن، دەڵێم ''ئەی زیندانەکانی ئازادی، واهاتم!''

 

فەریبە حسێنی لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لەکاتی نووسینی دروشم لە شەقامەکانی شاردا دەستگیرکرا، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ناوەندی ئیتلاعاتی سوروش شیراز ڕاگیرا، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ زیندانی عادل ئاباد، ئبەهۆی ڕەتکردنەوەی کەفالەتی ٤٠٠ ملیۆن تمەن، تا ئازادکرا ئەویش دوای مانگێک کە کەفالەتەکەی قبوڵکرا.

 

دواتر دادگای ئینقلابی شیراز لە ژێر چاودێری ئەلیکترۆنیدا سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند، ئەمە جگە لە قەدەغەکردنی دوو ساڵ لە بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و قەدەغەکردنی گەشت و هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرتەکەی، هەروەها دادگای تێهەڵچوونەوە لە پارێزگای فارس بە تەواوی ئەم سزایەی پشتڕاست کردەوە.

 

زەهرا ڕەحیمی، خوێندکاری ئەندازیاری کیمیایی، لە زانکۆی یەزد و چالاکوانی خوێندکاری، لە هەژماری ئێکس "پێشتر تویتەر"ی خۆی ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ژمارەیەکی نادیارەوە پێگەیشتووە کە بانگهێشتی کارگێری ئیتلاعات دەکات، وتی: بانگهێشتنامەیەک بۆ هەواڵگری لە ژمارەیەکی تایبەتەوە سەیرترین شتە کە تا ئێستا بیستبێتم، بەڵام بەبێ بانگهێشتنامەیەکی نووسراوی فەرمی ناچمە هیچ شوێنێک، بۆیە پێویستە خۆیان بێن و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بانگم بکەن.

 

زەهرا ڕەحیمی کە پێشتر لە سەردەمی شۆڕشی"ژن، ژیان، ئازادی" لە زانکۆی یەزد دەرکرابوو، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٣ لە تاقیکردنەوەی وەرگرتن بە سەرکەوتوویی دەرچووە، گەڕایەوە بۆ زانکۆ، جەختی لەوە کردەوە، کە گەڕانەوەی بەهۆی بڕیاری حکومەتەوە نەبووە بەڵکو هەوڵی تایبەتی خۆی بووە، پێشتر ئاماژەی بەوەدابوو کە بەهۆی فشاری نافەرمی لەلایەن کەسانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی زانکۆکەوە کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەوە، هەروەها پەیوەندییەکەی ئەم دواییە لە ژمارەیەکی نادیارەوە یاسایی نییە مەگەر بانگهێشتنامەی نووسراوی فەرمی وەرنەگرێت.

 

لە تویتێکی تردا باسی  هەندێک لایەنی پەیوەندیدار بە ئاسایشی زانکۆوە کرد، کە هەوڵیانداوە پەیامی بۆ بنێرن بە فشارخستنە سەر پرۆفیسۆر و ناسیاوەکانی، ئەویش ئەو شێوازانەی بە "نەگونجاو" پێناسەکرد، دووپاتیکردەوە، کە پێشتر تاقیکراونەتەوە و هیچ ئەنجامێکیان بەدەستنەهێناوە.