فرمێسک ڕزگار: پێویستە ژنان ببنە پێشەنگی دروستکردنی فشار بۆ یەکڕیزیی نەتەوەیی

فرمێسک ڕزگار، چالاکوانی مەدەنی دەڵێت: دواکەوتنی یەکڕیزی زیانێکی گەورە بە دۆزی کورد دەگەیەنێت، شەقام و دەنگی ئازادیخوازان دەبێت ببێتە فشارێکی مەدەنی بەهێز بۆ سەر لایەنە سیاسییەکان تا بەرژەوەندییە تەسکەکان وەلا بنێن، پێویستە ژنان ببنە پێشەنگ.

ڕانیە

 

ئەگەر سەیری مێژووی گەلی کورد بکەین، دەبینین مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و دەستکەوتە، بەڵام لە هەمانکاتدا بەردەوام ڕووبەڕووی ناخۆشی و داگیرکاری بووەتەوە. هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەوەی هەمیشە بووینەتە نێچیری داگیرکەران، نەبوونی یەکڕیزی بووە. لەم دۆخە هەستیارەی ئەمڕۆدا، یەکڕیزی گرنگترین چەکە بۆ گەلی کورد، چونکە بە یەکڕیزی پلانی دوژمن تێکدەچێت، وەک لەم دواییانەدا لەکاتی هێرشەکانی سەر کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بیندرا چؤن یەکدەنگی و یەکڕیزی کورد بووە هۆی ملکەچبوونی حکومەتی کاتی سووریا بۆ داواکاری کوردەکان، بەمەش ڕوون بووەوە باشترین بژاردە یەکڕیزییەو دەبێت گەلی کورد ببێتە هێزێکی تۆکمەی باوەڕپێکراو، هەر دواکەوتنێک لە یەکڕیزی، خیانەتە لە داهاتووی نەوەکان.

 

فرمێسک ڕزگار، چالاکوانی مەدەنی لە شارۆچکەی ڕانیە سەبارەت بە گرنگیی یەکڕیزیی نەتەوەیی و ڕۆڵی ژنان لە قۆناغی ئێستادا قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

" گەل دەتوانێت سزای هەر لایەنێک بدات کە دژی یەکڕیزییە"

فرمێسک ڕزگار ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان سەلماندی کە کورد یەک نەتەوەیە و وتی: ئەگەر پەنجەی کوردێک لە قامیشلۆ خوێنی لێ بێت، ئازارەکەی لە ڕانیە، سنە و ئامەد هەستی پێ دەکرێت. ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی لە شەقامەکان دیمان، پێویستە بکرێتە کارێکی دامەزراوەیی. گەل دەتوانێت سزای هەر لایەنێک بدات کە دژی یەکڕیزییە، جا چ لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە بێت یان فشاری مەدەنی و کۆمەڵایەتی.

 

" پێویستە ژنان بۆ پاراستنی مافەکانیان دەنگیان یەکبجەن"

سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لەم پرۆسەیەدا بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگی نەتەوەیی ئاماژەی بەوەکرد ژنان هەمیشە ئامانجی یەکەمی جەنگەکانن و وتی: بۆیە پێویستە ئێمەی ژنان، چالاکوانان و ڕێکخراوەکان، دەنگمان بکەینە یەک. دەبێت یاداشتەکانمان کاریگەری لەسەر حکومەت و دامەزراوەکان هەبێت، ئەگەر لە هەر پارچەیەکی کوردستان ژنێک دەنگی هەبێت، دەبێت لە هەموو پارچەکانی دیکە دەنگدانەوەی هەبێت؛ پێویستە ژنان بۆ پاراستنی مافەکانیان، دەنگیان بخەنە پاڵ کاروانی یەکڕیزی.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا فەرمێسک ڕزگار پشتگیری خۆی بۆ یاداشتی ئەو ٢٠٠ نووسەر و چالاکوانە کە لە پیرۆزکردنی نەورۆزدا دایان و داوای یەکڕیزی دەکەن دەربڕی و وتی: ئەم یاداشتە دوایین زەنگی هۆشیارییە بۆ لایەنە سیاسییەکان. نەورۆز لای ئێمە تەنیا جەژن نییە، بەڵکو هێمای ڕاپەڕینە دژی ستەم. پێویستە کەسایەتییە بێلایەنە نیشتمانییەکان بێنە پێشەوە بۆ ئەوەی پەیامی ڕاستەقینەی نەورۆز کە یەکگرتن و ئازادییە، جێبەجێ بکەین و هەموومان لەژێر یەک چەتردا بحەسێینەوە.