ژنانی سوەیدا: داواکاریمان ژیانێکی مرۆڤانەیە

ئەو ژنانەی کە لە سوەیدا پشتگیری ناکرێن دەڵێن: داواکاریمان تەنها ژیانێکی مرۆڤانەیە.

ڕوشیل جونیۆر

 

سوەیدا- ژنانی سووریا لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین بەهۆی قەیرانی سیاسی و ئابوورییەوە. یەکێک لەو کەسانە شاهیرە غانمی تەمەن ٨٠ ساڵە، بە تەنیا دەژی و دوای گیان لەدەستدانی هاوژینەکەی بژێوی ژیانی بە خانەنشینی مانگانە دابین دەکات.

 

شاهیرە غانم ئاماژەی بەوەکرد، ٥ ساڵ لەمەوبەر کوڕە گەورەکەی گیانی لەدەستداوە، هیچ کەسێک سەردانی ناکات بێجگە لە نەوەکەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتی دەروونییە، باسی ئەو کێشانەی کرد کە ڕووبەڕووی بووەتەوەو وتی: من نەخۆشییەکم هەیە لە ئێسکی پشتم، ئازار دەچێژم، بەتەمەنم و دەبێت چارەسەر بکرێم بۆ ئەم ئازارانە، بەڵام بەم شێوەیە لە ماڵەوە کارەکانم دەکەم و پێداویستییەکانی دیکەم جێبەجێ دەکەم، لەم دواییانەدا زۆر شتم لەبیردەچێتەوە.

 

"بە تەنیا سەیری کوڕە ئیفلیجەکەم دەکەم"

وەفا غانمی تەمەن ٥٠ ساڵ  ئاماژەی بەوەکرد، نەخۆشی دڵی هەیە و بەهۆی ئازاری قاچییەوە بە زەحمەرت هاتوچۆ دەکات، وتی: بە تەنها سەیری کوڕە ئیفلیجەکەم دەکەم و هاوژینەکەم پێنج ساڵ لەمەوبەر گیانی لەدەستدا، هیچ هاوکاری ناکرێم و زەحمەتی زۆر دەبینم، هەرچەندە داوام لە کۆمەڵەکان کرد کە چاودێری کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەن، بەڵام وەڵامیان نەدامەوە، ناتوانم ئەو پێداویستییە تایبەتانە بەدەست هێنم کە پێویستن بۆ خۆم و کوڕەکەم بەهۆی نرخەوە زۆر بەرزە.

 

"پێویستە داواکاری خۆمان بۆ ژیانی مرۆڤانە دەرببڕین"

ئیقباڵ ئەمیر، لەو شوێنەدا کار دەکات کە بەرهەمەکانی شیر دەفرۆشرێت، هەروەها یەکێکە لەو ژنانەی کە بەزۆر بژێوی ژیانی دابین دەکات، لە خانوویەکی کرێدا دەژی، چاودێری منداڵەکانی کوڕەکەی دەکات کە گیانی لەدەستداوە. ئیقباڵ عەمەر بەشداربووە لە بزووتنەوەی گەل لە سوەیداو وتی: ئەم بارودۆخە سەختەی ژیان چۆنە ؟ من لە شوێنێک کار دەکەم کە بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەفرۆشێت و هیچ سەرچاوەیەکی بژێوی ژیانم لە دەرەوەی ئەمە نییە، پێویستە ژنان لە پێناو مافەکانیاندا یەکبگرن پێویستە هەمیشە داواکاری خۆمان بۆ ژیانی مرۆڤانە دەرببڕین، ئەم هەلومەرجە ژیانمان قورس دەکات، لەو بارودۆخەدا، ناتوانم بژێوی بۆ نەوەکانم بەدەستبهێنم، کێشەی زۆرم هەیە.