'بە دروشمی ژن-ژیان-ئازادی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ڕژێمی ئێران دەکەین'

گرووپی شۆڕشی ژنانی ئەفتاب لە ورمێ، لە بەیاننامەیەکدا داوا لە خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکەن، دژی نا دادپەروەری و ستەم بوەستنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

گرووپی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفتاب لە ورمێ، ساڵێک بەر لە شۆڕشی ژن-ژیان-ئازادی، دەستی بە چالاکییەکانی خۆی کردووە، ئامانجی سەرەکیشیان وەستاندنی پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی ئێرانە کە بەرامبەر بە هاوڵاتیان دەیکات لە کاتی ڕاپەڕیندا.

 

دوێنێ لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە گروپی ژنانی ئەفتاب لە ورمێ ڕایانگەیاند: داوا لە هەموو خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست دەکەین، کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا نەکەن، ئەمەش بکەنە هۆکارێک بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری ئێران، هەروەها ڕوونکرایەوە، ڕژێمی ئێران لە بەنڕەتدا ڕووخاوە و چیتر لەلایەن خەڵکەوە قبوڵ ناکرێن، بۆیە دەنگ نەدان و بەشدارینەکردنی هەڵبژاردنەکان هۆکارێکە بۆ وەستاندنی زوڵم و ستەمەکانیان.

 

دەربارەی مامەڵەی ڕژێمی ئێران بەرامبەر بە ژنان و ئەو ستەمانەی لێیان دەکات، باسکرابوو، دەسەڵاتی ئێران بە کرداریانە هەموو پێشێلکارییەک بەرامبەر بە ژنان دەکات، ژینا ئەمینی و چەندین ژنی دیکە بەهۆکاری تاڵێک لە قژیان، نمونەی ئەو ستەمانەن کە دەسەڵاتی ئێران دەیکاتە سەریان، لە ڕێگەی بێدەنگکردنی ژنانەوە ئامانجیانە دەسەڵاتیان پتەوبکەن.

 

لە کۆتاییدا جەخت دەکەنەوە لەوەی، لە هەوڵدان ناوەستن بۆ ئەوەی چیتر ڕژێمی ئێران بەردەوام نەبێت لە ستەمەکانیان، هەر بۆیە لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکان دەنگ نادەن.