تۆمەتبارێك دەستگیر كرا کە هەڕەشەی لە ژنان کردبوو
لەلایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە تۆمەتبارێك دەستگیركرا، كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی لە چەند ژنێک كردبوو.
ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لەلایەن مەفرەزەكانی بەشی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە چاودێری خرایە سەر كەسێك، بە گومانی ئەوەی كە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی لە ژنان دەكات، پاش لێكۆڵینەوەكان و تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەلایەن یەکێک لە ژنەکانەوە، كە لە بەرامبەر پێدانی بڕێك پارە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی لێكردووە، تواندرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیر بكرێت، هەروەها دەستیش گیرا بەسەر مۆبایلی تایبەتی تۆمەتباردا.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا تۆمەتبار "م، ع، س" لە دایكبووی ساڵی ١٩٧٤، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٢ لە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیکردن ڕاگیراوە و دانی ناوە بەوەدا کە لە ژێر ناوی ئەنجامدانی هاوسەرگیری پەیوەندی لەگەڵ چەند ژنێک دروستكردووە و هەڕەشەی لێکردوون کە ئەگەر پارە و ئاڵتونی نەدەنێ، وێنە و ڤیدیۆیان بڵاو دەکاتەوە.