"هەمووارکردنەوەی یاساکە لێدانە لە دڵی بنەمای یەکسانی نێوان هاوڵاتیان"

ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤی عێراق سەبارەت بە هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراق ناڕەزایەتییان دەربڕی و ڕایانگەیاند، ئەم هەمووارە پێچەوانەی پابەندبوونەکانی عێراقە بەرامبەر بە ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و ژنانی عێراق، ڕاگەیەندراوێکیان دژی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسی لە پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، کە هەمووارکردنەوەکە لێدانە لە دڵی بنەمای یەکسانی نێوان هاوڵاتیان و پێچەوانەی پابەندبوونەکانی عێراقە بەرامبەر بە ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەمجۆرەیە:-

بە سەرسوڕمان و نیگەرانییەکی زۆرەوە تەماشای بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقمان کرد، کە لە ٢٤ی تەمموزی ٢٠٢٤، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەی یاسای هەمووارکردنەوەی مادەی ٢ـی یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩کرد، کە لەلایەن لیژنەی یاسایی و لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان، لەسەر بنەمای مادەی ٤١ـی دەستوور خرایەڕوو. سەرنج بدەن کە یەکێکە لەو مادە مشتومڕاویانەی لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە لە هەمووارکردنەوەی دەستووردا هاتووە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دادگای باڵای فیدراڵی کۆمەڵێک داوای یاسایی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە بە هەمان هۆکار ڕەتکردووەتەوە.

 

ئەم هەمووارکردنە پێشنیار کراوە، لێدانە لە دڵی بنەمای یەکسانی نێوان هاووڵاتیان، ئەو یاسایەی کە لە مادەی ١٤ـی دەستووردا هاتووە، بە درێژەدان بە جیاکاریی تائیفی، هەڕەشەکردن لە سەقامگیری خێزان، یەکگرتوویی هەیکەلی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای هاوسەرگیری تێکەڵاوی نێوان مەزهەبەکان، نەتەوەکان، و ڕەگەزەکانە.

 

هەروەها هەمووارکردنەوەکە ڕێگە دەدات بە هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە دەرەوەی دادگا، بەتایبەتی بۆ کچانی خوار ١٨ ساڵ، ئەمەش بنەماکانی سەروەری یاسا تێكدەدات و دەست بەسەر ڕۆڵی سەربەخۆیی دامودەزگاکانی دادوەری دەگرێت کە پەیوەندیدارن بە ڕێکخستنی باری کەسێتی هاوڵاتیان، وەک له ماددەکانی یاسای ژمارە ١٩و ٨٧ و ٨٨دا هاتووە، بە بەستنەوەی دادگای باری کەسی بە فەرمانگەکانی ئەوقافی شیعە و سوننە، کە دەزگای کارگێڕین بۆ پاراستنی پارەی موسڵمانان، پەیوەندییان بە باری کەسییەوە نییە. جگە لەوەش ناوەڕۆکی هەمووارکردنەکە پێچەوانەی پابەندبوونەکانی عێراقە بەرامبەر بە ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ.

 

لەسەر بنەمای ئەرکە دەستوورییەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ دانانی یاسای تۆکمە کە ناسنامەی نەتەوەیی و یەکگرتوویی بەرز دەکەنەوە و نەک لەسەر بنەمای تائیفی، هاوپەیمانی و تۆڕە فێمینیستەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کەسایەتییەکان کە ئەم یاداشتەیان واژۆ کردووە، دووپاتی دەکەنەوە، کە یاسای باری کەسی، یاساییەکی کاریگەر بووە لە بڕگەکانیدا کە گەرەنتی فرەچەشنی ئایینی و تائیفی و فرەیی بۆ هەموو عێراقییەکان دەکات، بۆیە داواتان لێدەکەین دەستبەجێ ئەو پێشنیازی هەمووارکردنەوە بکشێننەوە کە پێشتر باسمان کرد.

 

هاوکات داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین، لەکاتی هەمووارکردنەوە یان داڕشتنی یاساکانی پەیوەست بە بەرژەوەندی و مافەکانی هاوڵاتیان، گفتوگۆ و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی قووڵ لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا و دادپەروەری ئەنجامبدات، بۆ بەدەستهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی وڵاتەکەمان.

 

جێگای ئاماژەیە ئەوەی لە هەمووارەکەدا زۆرترین کاردانەوەی بەدوادا هاتووە، بڕگەکانی تایبەت بە مافی دایەنی کردن و هاوسەرگیرییە، لەو هەمووارەی هێزە شیعەکان ئامادەیان کردووە، مافی دایەنی کردن لە دایک دەسەنرێتەوە لە کاتی جیابووەوە و منداڵ موڵکی باوکە، هەروەها ڕێگە بە هاوسەرگیری پێکردنی منداڵانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ و بچوکتریش دەدات.

 

لێرەدە ئاماژە بەناوی ئەو تۆڕ و ناوەند و ڕێکخراوانە دەدەین کە ڕاگەیاندراوەکەیان واژۆ کردووە، ئەوانیش بریتین لە :

١- تۆڕی ژنانی عێراق

٢- تۆڕی ژنان بۆ ئاسایش و ئاشتی

٣- تۆڕی ڕاستی بۆ ژنانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ

٤- ڕێکخراوی بەهێزکردنی ئافرەتان

٥- ڕێکخراوی ژنانی عێراق

٦- ناوەندی زانیاری

٧_جوڵانەوەی ڕاپەڕینی فێمینیستی عێراق