ژنانی ئێزدی کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشی سەر ڕۆژنامەنووسانی شەنگال نیشان دا

ژنانی ئێزدی دووپاتیانکردەوە کە بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان بە ئامانجگرتنی پێکهاتەی ئێزدییە و ڕایانگەیاند، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ڕاستی و بەرخۆدانی پێکهاتەی ئێزدی لە دژی پلانەکانی جینۆساید و خیانەت بشارێتەوە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- میراد میرزا، پەیامنێری کەناڵی چرا ئێف ئێم، کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لەگەڵ دوو ڕۆژنامەنووسی هاوڕێیدا برینداربوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، ژنانی ئێزدی لە شاری حەسەکە لە کانتۆنی جەزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاردانەوەیان بەرامبەر بە هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسانی شەنگال نیشان دا و ڕایانگەیاند: هیچ کەسێک ناتوانێت ڕێگری لە دەنگ و ڕەنگی ڕاستییەکان بکات.

 

"ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنوسان بۆ ڕێگریکردنە لە شۆڕش"

هەدیە شەمۆ، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتی ژنانی ئێزدی ئاماژەی بەوەکرد، فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە بڵاوکرایەوە و وتی: لە ساڵی ٢٠١٤دا گەلی ئێزدی لەلایەن چەتەکانی داعش و خیانەتی بنەماڵەی بەرزانییەوە فەرمانیان بەسەردا هێنرا و پێشمەرگە پاشەکشەی کرد، لە ئەنجامدا هەزاران ژن کوژران و ڕفێندران، بەهۆی ئەو ڕاستییەوە کە لە شەنگال ئەنجام دەدرا ڕۆژنامەنووسان دەکرانە ئامانج.

 

لە شەهیدانی شەنگالەوە تا دەگاتە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد و دواجار بە ئامانجگرتنی میراد میرزا، دەیسەلمێنێت بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان تەنیا لە شەنگال ناکرێت، لە هەموو شوێنێک کە شۆڕش ڕووی داوە هێرش دەکرێت، شۆڕشی ڕۆژئاوا جیاوازی نییە لەگەڵ شەنگال، بۆیە دەبینین لە هەر شوێنێک بەرخۆدان و خەبات هەبێت هێرشیش هەیە. ڕۆژنامەنووس چاوی کۆمەڵگەیە و گرنگترین بەشە لە گەشەسەندنی شۆڕشدا، بۆیە دەیانەوێت بە هێرش لاوازیان بکەن، بەڵام ئێمەش دەڵێین کەس ناتوانێت ڕێگری لە دەنگ و ڕەنگی ڕاستی بکات.

 

"بیر و فەلسەفەی ئۆجالان کۆمەڵگەی ئێزدی زیندوو کردەوە"

سەعد حیسۆ، ئەندامی یەکێتی ژنانی ئێزدی سووریا دووپاتیکردەوە کە ڕۆژنامەنووسان دەنگی خەڵکی گشتی دەگەیەنن، هەر بۆیەش دەکرێنە ئامانج و وتی: دەوڵەتی تورکیا و هاوبەشەکانی نایانەوێت گەلی ئێزدی گەشە بکات و خۆیان بە ڕێکخستن بکەن، ئەم سیاسەتە هەمووی ئامانجی قڕکردنی گەلی کوردە، بەڵام با دەوڵەتی تورک و هاوبەشەکانی بزانن کە ئێمە زۆر باش دەزانین ئەوانەی خیانەت لە دۆزی کورد دەکەن کێن، بۆیە داوایان لێدەکەین کە بە ئاگا بن، دەستیان لە دەستی دوژمن بکێشنەوە و ئاگاداری ئایندەی کۆمەڵگەی کوردی بن، ئێمە وەک پێکهاتەیەکی ئێزدی هێڵی بەرخۆدانمان هەڵبژاردووە و پابەندین بە بیر و بیرۆکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە، ئێمە لە شەنگال و لە هەموو شوێنێک خۆمان بە ڕێکخستن کردووە، بەڵێن دەدەین کە درێژە بە هێڵی شەهیدان دەدەین.