کۆڕبەندی ئابووری تونس و ئەفریقا لەسەر بنەمای بەشداریکردنی ژنان دامەزراوە

زۆربەی پڕۆژەکانی بەشداربووانی کۆڕبەندی ئابووری ئەفریقای تونس لەسەر بنەمای بەشداریکردنی ژنان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆیان دامەزراوە، سەرەڕای ئەو سەختییانەی ڕووبەڕووی پڕۆژەکانیان دەبێتەوە.

زهور مەشرەقی

 

تونس- دەیان ژن بەشدارییان لە حەوتەمین خولی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی "فیتا ٢٠٢٤" کرد کە بە دەستپێشخەری ئەنجومەنی بازرگانی تونس-ئەفریقا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە چالاکوانە ئابوورییەکانی ئەفریقا و جیهان بەڕێوەچوو.

 

ئەو ژنانە پڕۆژەکانیان خستەڕوو، وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ فراوانکردنی هەلی کارەکانیان، سامی دیاب، پسپۆڕی پیشەسازی شیرینی، ڕایگەیاند کە بەشداری لە کۆڕبەندی ئەفریقا-تونس دەکات بۆ ناساندنی بەرهەمەکانی، جەختی لەوە کردەوە کە لە ساڵی ١٩٨٧ەوە لە ناو بازاڕەکان کار دەکات، لە کاتێکدا کۆمەڵگە کارکردنی ژنانی ڕەتدەکردەوە، بەڵام وەک ژنێکی خاوەن ئیرادە ڕووبەڕووی ئەقڵیەتی دواکەوتووی کۆمەڵگە دەبوەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کارگەیەکی تایبەتی خۆی کردووەتەوە، بە سۆزەوە دەستیکردووە بە کارکردن لە جیهانی بەرهەمهێنانی شیرینی، هەر بۆیە لە ساڵی ٢٠١٠ توانی گەورەترین خەونی خۆی بەدیبهێنێت و کارگەیەکی تابەت بە خۆی بکاتەوە، لە پشان بەشداری لە زۆرێک لە پێشانگای نێودەوڵەتیدا کردووە و ئێستا هەناردەی زۆرێک لە وڵاتانی دەکات.

 

"چەندین ژن لەسەر دەستی من بوونەتە خاوەنی کاری خۆیان"

ئەو ژنە خاوەن کارە لەوکاتەی بووەتە خاوەن کاری خۆی هەموو ئامانجی ئەوەبووە ژنانی دیکە بێنێتە سەر کار و دایانبمەزرێنێت، وەک خۆی باسی لێوەدەکات هەندێک لەوانەی لەلایەن ئەوەوە ڕاهێنانیان پێکراوە و فێری شێوازی کارکردن بوون، لە ئێستادا کۆمپانیای تایبەت بە خۆیان لە هەمان بواردا کردووەتەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا، داوای لە ژنان کرد، بچنە دەرەوە و لە ناو جیهانی بازرگانییدا کار بکەن، پێی وایە هەبوونی کۆسپ و بەربەست لەبەردەمیانداهۆکارە بۆ ئەوەی زیاتر هەوڵ بدەن و سوور بن لەسەر ئەو ئامانجانەی هەیانە، سامی دیاب وتی: تا ئێستاش کۆمەڵگەی پیاوسالار بوونی هەیە، بۆ هەموو ژنەکانیش بە هەمان شێوەیە بێ جیاوازی، ئەو ئەقڵیەتە بوونی هەیە کە دەبێت ژن لە هاوژینەکەی پلەی نزمتر بێت و لە هاوژینەکەی، بەڵام وەک ژن توانای ئەوەمان هەیە ڕووبەڕووی ئەو بیرکردنەوانە بکەن لە ڕێگەی کارکردن و سووربوونمان لەسەر ئامانجەکانمان.

 

"کار لەسەر بەهێزکردنی دۆخی دارایی ژنان دەکەین"

زەهبیە حەسناوی، پسپۆڕ لە دروستکردنی شالی تونس و ئەفریقی، ئەو دامەزراوەیەی کە تێیدا کاردەکات تەنها پشت بە ژنان دەبەستێت، دەڵێت: ئێمە تەنها لەگەڵ ژنان کاردەکەین، و تا کۆتاییەکانی ٢٠٢٤ ژمارەی کرێکارانی ژن دەگاتە ٥٠٠ کرێکار، ئێمەش لەڕێگەی خولێکەوە ڕاهێنانیان پێدەکەین.

 

وتیشی: ئێمە کار لەسەر بەهێزکردنی ئابووری ژنانی تونس لەڕێگەی ڕاهێنان و دابینکردنی کار لە ماڵەوە دەکەین، جگە لەوەش گرنگی بە ژنانی پەراوێزخراو لە لادێکان دەدەین، ژنان بە خێرایی فێری پیشە جیاوازەکان دەبن، هەوڵی پاراستنی کولتووری وڵاتەکەیان دەدەن، ئەمەش هۆکارە بۆ یەکخستنەوەی بازاڕەکانی تونس و ئەفریقا.

 

"پێویستە ژنان بچنە بواری کار و لە شکست نەترسن"

ئیناس ئەحوال، ژنێکی گەنجە و خاوەنی پڕۆژەیەکە، دەڵێت: پڕۆژەکەی لە کەرەستەی دیکۆرات پێکهاتووە کە سەرجەم بەرهەمەکان لە داری سروشتی دروست دەکرێن، بەشداری لە پێشانگە نێودەوڵەتییەکان کردووە، لە ئێستادا دەستی کردووە بە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی بۆ ئوسترالیا، ئەمریکا، فەرەنسا و وڵاتانی دیکە.

 

هەروەها داوای لە ژنانی گەنج کرد بچنە بواری بازرگانی و پشت بە تواناکانیان ببەستن و لە شکست نەترسن.

 

"ویستی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکەم هەیە"

شەیما تەلیلی، بەشداریی لە کۆڕبەندەکە کرد بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چیرۆکە سەرکەوتووەکانی ژنان و بیستنی ڕێگای سەرکەوتنیان، چۆنیەتی دامەزراندنی دامەزراوەی تایبەت بە خۆیان، جەختی لەسەر حەز و ئارەزووی خۆی بۆ وەبەرهێنانی ژنان لە تونس و ئەفریقا، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان کردەوە.