"چاپەمەنی ئازاد هەرگیز بێدەنگ نەبووە و نابێت"

بێریڤان چیا، ڕۆژنامەنووس و حەنیفە شالار، ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری خانەسۆر هێرشی سەر ڕۆژنامەی ئازادیان کرد لە بەلجیکا شەرمەزار کردو وتیان: هەتا ئەمڕۆ ڕۆژنامەگەری ئازاد بێدەنگ نەبووە.

شەنگال

 

پۆلیسی بەلجیکا بەبێ هیچ هۆکارێک هەڵیانکوتایە سەر ستۆدیۆکانی تەلەفزیۆنی ستێرک و مەدیا هابەر، پۆلیس هەموو کێبڵەکانی بڕی، بەتایبەتی کێبڵە کارەباییەکان، هەروەها کەلوپەل و کۆمپیوتەرەکان، بۆ ڕێگریکردن لە پەخشی تەلەفزیۆنی، دوای گەڕان و تاڵانکردنی پۆلیسی بەلجیکا، هەموو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوەکان کاردانەوەیان هەبوو و پەیامی پشتیوانییان دا، کاردانەوەکان بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژنامەوانی ئازاد و پشتیوانی لە زیادبووندایە.

 

ڕۆژنامەنووسان بێریڤان چیا، ڕۆژنامەنووس و حەنیفە شالار، ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری خانەسۆر لەسەر ئەو بابەتە قسەیان کرد و هێرشەکەی سەر ڕاگەیاندنی ئازادیان ئیدانە کرد.

 

"لە دەوری چاپەمەنی ئازاد یەکگرتوو بن"

ڕۆژنامەنووس بێریڤان چیا، کە لە سەرەتای قسەکانیدا هێرشەکان و فشارەکانی سەر ڕۆژنامەوانی ئازاد و ڕۆژنامەنووسانی شەرمەزار کرد، هەروەها تیشکی خستە سەر گەیشتنی ئەردۆغان بۆ عێراق و هێرشەکانی سەر ڕۆژنامەگەری ئازاد وتی: وەک دەزانرێت، ئەردۆغان هات بۆ عێراق و لەگەڵ سوودانی و بارزانی کۆبووەوە. هەموومان دەزانین کە چ پلانێک هەیە لەمەدا، دوای هاتنی ئەردۆغان، لە بەلجیکا پۆلیس هێرشیان کردە سەر ستۆدیۆکانی ستێرک و مەدیا هابەر، هەردوو کەناڵەکە لەلایەن پۆلیسی بەلجیکاوە لەژێر ناوی گەڕاندا تاڵانکران، ئەم فشارە بۆ سەر چاپەمەنی ئازاد شەرمەزارییە، هەموومان دەزانین کە دوژمن بۆچی چاپەمەنی ئازاد دەکاتە ئامانج، چونکە چاپەمەنی ئازاد ڕاستی نیشان دەدات،  دوژمن نایەوێت ڕاستییە پیسەکان ئاشکرا بکرێن و پلانەکان ئاشکرا بکرێن، لەبەر ئەم هۆکارە دەیەوێت لەژێر فشاردا ڕۆژنامەگەری ئازاد لەناو ببات و کۆمەڵگە بێدەنگ بکات.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە هەموو کۆمەڵگە ئازادەکان و بازنە دیموکراتیکەکان کرد کە لە دەوری ڕۆژنامەگەری ئازاددا یەکگرتوو بن.

 

"چاپەمەنی ئازاد هەرگیز بێدەنگ نابێت"

حەنیفە شالار، ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری خانەسۆر، تیشکی خستە سەر هاتنی ئەردۆغان بۆ عێراق و وتی: ئەردۆغان پلانی هێرشکردنە سەر شەنگالی هەیە دەزانین کە ئەو بۆ باشی نەهاتووە، لە ئەردۆغان ناترسین، ئەگەر هێرش بکاتە سەر شەنگال، تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دوای هاتن و ڕۆیشتنی ئەردۆغان بۆ عێراق، هێرش کرایە سەر چاپەمەنی ئازاد، چاپەمەنی ئازاد ڕاستی دوژمن نیشان دەدات، بۆیە هێرش ڕوودەدات، دوژمن نایەوێت واقیعی کۆمەڵگە ئاشکرا بکرێت، نایەوێت پلانەکانی دژ بە کۆمەڵگەکان ئاشکرا بکرێت، بۆیە فشار دەخاتە سەر چاپەمەنی ئازاد، بەڵام ڕاستی هەرگیز ناشاردرێتەوە، ڕاگەیاندنی ئازاد هەرگیز بێدەنگ نابێت و هەمیشە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ازادەوە دەگەینە ڕاستییەکانمان لە هەموو شوێنێک.