ڕۆژنامەنووسان: هێرشکردنە سەر ستێرک و میدیا هابەر بۆ کپکردن و بێدەنگکردنی دەنگی ڕاستییەکانە

دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان بەردەوامن لە کرداری پێشێلکاری دژی ڕۆژنامەنووسان کە بە دەنگی کۆمەڵگەکان و ئاوێنەی ڕاستی دادەنرێن، ڕۆژنامەنووسان دەڵێن: ئامانج لەو هێرشانە لەناوبردنیان و بێدەنگکردنی دەنگی ئازادە.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- وڵاتە دیکتاتۆرییەکان بە بەردەوامی پێشێلکارییەکان لە دژی ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکاران ئەنجام دەدەن، جا بە ئامانجکردنی ڕاستەوخۆ یان بە شەڕی تایبەت دژیان، هەموو ئەمانە بۆ ڕێگریکردنە لەوەی ڕاستییەکانی ئەو وڵاتانە بگاتە گەل، هەروەک پۆلیسی بەلجیکا لە کاتژمێرەکانی درەنگانی شەودا هێرشی کردە سەر بارەگای کەناڵە سەتەلایتییەکانی ستێرک و مەدیا هابەر، کە بووە هۆی زیانی ماددی بە کەرەستە و ئامێرەکان و کامێراکان، هەروەها ڕێگری لە کارمەندان کرا بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان.

 

ژنانی ڕۆژنامەنووس لە شاری قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاماژەیان بەوەکرد، کردارەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکاران ئەوەیە لە کەسایەتی ئەوانەوە کۆمەڵگەکان دەکەنە ئامانج.

 

لەبارەی ئەم هێرشەوە لاڤا ئیبراهیم، پەیامنێری تەلەفزیۆنی ستێرک وتی: هێرشەکان شەرمەزار دەکەین بۆ سەر میدیاکاران بەگشتی و بە هیچ جۆرێک قبوڵیان ناکەین، ئەم کردارانە بە شێوەیەکی سەرەکی ئامانجیان ڕێگریکردنە لە گەیاندنی ڕاستی، ئەگەر تەنها یەک پەیامنێر بمێنێتەوە ڕاستییەکان بە هەموو جیهان دەگەیەنین، ئەم هێرشانە ئێمە ناترسێنن.

 

گوڵی حاجی، پەیامنێری تەلەفزیۆنی ڕۆناهی وتی: بە سایەی شەهیدەکان، توانیمان بگەینە ئەم پێگەیە و ئێمە لەسەر ڕێگای ئازادی و ڕاستی واز ناهێنین، وەک ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژئاوا ئەم کردارانە قبوڵ ناکەین و ئەو پلانانە ئاشکرا دەکەین کە ڕاستی و دەنگی گەل دەکەنە ئامانج، ساوام لە ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکاران ئەوەیەبەردەوام بن لە زانیاریەکانیان بۆ ئاشکراکردنی تاوان و پێشێلکارییەکانی ئەو وڵاتانەی کە هەوڵی بێدەنگکردن و لەناوبردنی دەنگی ئازاد دەدەن.

 

بەروج رەسوڵ، پەیامنێری ڕۆژنامەی ڕۆناهی وتی: ئەو کردارانەی کە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان و راگەیاندنکاران دەبنەوە، یەکەم جار گەل دەکەنە ئامانج، ڕۆژانە کار دەکەین بۆ گەیاندنی دەنگی ڕاستی بۆ هەموو جیهان، بۆیە پێویستە هەمووان دژی بوەستنەوەو شەرمەزاری بکەن، ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا ٧ ڕۆژنامەنووسیان دەستگیرکرد کە لە شارەکانی ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ لە چاپەمەنی ئازاددا کاردەکەن، ئەو کردارانە پەیوەندییان بە یەکتریەوە هەیە، ناتوانین بڵێین ئەوە ڕێکەوتە.