لەیلا زانا: پێویستە هەڵوێست و دەنگمان هەبێت
لەیلا زانا، سیاسەتمەداری کورد، کە بەشداری چالاکییەکانی هەڵبژاردنی دەم پارتی بوو، ئاماژەی بەوەدا کە گەل هیچی لە بەرخۆدانیەکەی لەدەست نەداوە و وتی: بۆ ئەوەی هیوا بەرزبکەنەوە، دەبێت خاوەن هەڵوێست و دەنگ بن.
مەدینە مامەدئۆغلو
ئامەد- ٣٠-٣١ی ئادار لە باکووری کوردستان و تورکیا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت و کاندیدانی دەم پارتی بە جۆش و خرۆشەوە بەردەوامن لە بانگەشە و ئاهەنگ گێڕان.
لەیلا زانا، سیاسەتمەداری کورد، کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا لەگەڵ کاندیدەکانی پارتی دەمدا بەشداری کۆبوونەوە گشتییەکانی کردبوو، داوای هێز و پشتگیری لە گەل دەکات و لە ئاهەنگی نەورۆزیشدا لە ئامەد لە بەردەم سەدان هەزار کەسدا داوای یەکڕیزی و تێکۆشانی کرد.
لەیلا زانا لە ماوەی بانگەشەدا سەردانی دەیان ناوچەی کردووە و لەگەڵ گەل و ژناندا کۆبووەوە و خەڵک خۆشەویستی و سۆزی بۆ دەردەبڕی و باوەشی بۆ ژنان و منداڵان دەکردەوە.
لەیلا زانا و کاندیدەکانی پارتی دەم بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد، سەرا بوجاک و دۆغان هاتون لە ناوچەی هێزرۆ لەلایەن سەدان کەسەوە پێشوازییان لێکرا و لەوێدا لەیلا زانا وتارێکی پێشکەش کرد کە ساڵانی نەوەدەکانی بیر هێنایەوە.
"پێویستە هەموو کەسێک بە ڕێکخستن ببێت"
لەیلا زانا داوای بەهێزکردنی یەکڕیزی و بەهێزی گەلی کوردی کرد و ڕایگەیاند، پێویستە سەرەتا ئەم یەکڕیزییە لە مێشک و دواتر لە زماندا دروست بکرێت، دەبێت کار بکەن بۆ ئەوەی کەشێکی باش بۆ گەنجان و منداڵان دروستبکەن، ئەم تێکۆشانەمان بە نینۆکەکانمان کۆڵا و گەیاندمانە ئەم ڕۆژانە، ئەرکی سەرشانمانە کە داهاتوویەکی گەش بەم منداڵە جوانانە ببەخشین، بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی دایکان و گەنجان و هەموو مرۆڤەکان، پێویستە هەمووان بە ڕێکخستن ببن، پارتەکەمان پارتی گەلە، ئێمە لەم پرۆسەیەدا پابەند نین بە هیچ کەسێکەوە، ئێمە پارتی خۆمان و کاندیدمان هەیە، شەرم دەکەم پێتان بڵێم دەنگمان پێ بدەن، چونکە من زۆر باش دەزانم کە هەمووان دەنگ بە خۆیان دەدەن، ئێمە ئیرادە و مافمان هەیە، ئێمە دەڵێین "ئیدی بەسە" بەو کەسانەی دەیانەوێت فریومان بدەن، ئێمە مافی خۆمان دەپارێزین و هەموومان پێکەوە کاردەکەین و سەردەکەوین، سەرکەوتن هی ئێمە دەبێت.
لەگەڵ هەزاران کەس لە هەنە و پاسور و دیجلە کۆبووەوە
پاشان لەیلا زانا و شاندی یاوەری چوونە ناوچەی هەنە و لەژێر بارانێکی بەخوڕدا لە وتارێکدا لەیلا زانا جەختی لە گرنگی زمانی کوردی کردەوە و ڕایگەیاند، پێویستە هەموو خێزانێک لەگەڵ منداڵەکانیان بە زمانی کوردی قسە بکەن، لە درێژەی وتارەکەیدا بەهۆی ئەوەی گەنجان لە زمانی کوردی تێنەدەگەشتن، بە زمانی تورکی درێژەی بە قسەکانی دا.
لەیلا زانا بەهەمان جۆش و خرۆشەوە لە ڕۆژی دووەمی چالاکییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن، سەرەڕای خراپی کەشوهەوا، لە دیجلە و پاسور پێشوازی لێکرا و وتارەکەی بۆ گەل بە سەرنجێکی زۆرەوە گوێی لێ گیرا و لە پاسۆریش لەلایەن هەزاران کەسەوە پێشوازی لێکرا و پێکەوە کۆبوونەوە، لەیلا زانا لە وتارەکەیدا لە هەردوو ناوچەکە جەختی لە گرنگی هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ بەرقەرارکردنی دیموکراسی و ئاشتی کردەوە و داوای لە دەنگدەرانی کورد لە ئەستەنبوڵ کرد گرنگی بە پارتەکەیان بدەن.
"ڕۆڵێکی گەورەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەیە"
لەیلا زانا جەختی لەسەر "ڕێگای سێیەم" کردەوە و وتی: ڕێگای سێیەم ڕێگەی ئاشتی و دیموکراسی و دادپەروەرییە، ئیرادەی بەهێز لە دەنگدانەکانەوە مانای ئاشتییەکی بەهێزە، بە واتای دیموکراسی و ئازادی بەهێز دێت، ساڵی ١٩٩١ تۆوی داهاتوو و ژیانێکی ئازادمان پێکەوە چاند لەم بوارەدا، هیوادارم ڕێگای سێیەم لە سایەی ئێوەدا زیندوو بێتەوە؛ وەک دەزانن بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لەم کارەدا، هیوای ئایندەیەک بنیاد دەنێت کە هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی بژین و ئاسمیلە نەکرێن و بە نەبوو هەژمار نەکرێن، جارێکی تر سڵاو لەو کەسە دەکەین کە ئەم بیرۆکەیەی فێرکردین، ئەم فەلسەفەیەی لە ژیاندا بۆ خوڵقاندین.
"ئەگەر ئەم بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرین، هەموومان پێکەوە سەردەکەوین"
لەیلا زانا دەربارەی هەڵبژاردن وتی: دەبێت ئێمە هەقی هەڵبژاردن بدەین، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە، هەڵبژاردن تەنها کورسی و پۆست نییە، لە هەمان کاتدا ئەگەر بتوانین ئەو شارەوانیانە بە شێوەیەکی دروست بەڕێوە ببەین، ئەگەر بتوانین لە ململانێی کەسی و ناتەبایی ڕزگارمان بێت و بە ڕۆحێکی هەرەوەزییەوە لە کارەکە نزیک ببینەوە، ئەوا ئەو بوارانە هەڵدەبژێرین کە گەلەکەمان بتوانێت بەشداری تێدا بکات لە بواری ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتیدا و ئاستی سیاسیدا، ئەگەر ئەم بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرین، هەموومان پێکەوە سەردەکەوین، بۆ ئەوەی ئومێد بەرزبکەیتەوە بەبێ ئەوەی بێزار ببین، پێویستە هەڵوێست و دەنگمان هەبێت، گەلەکەمان لە بەرامبەر کارەکەیدا ئەو ژیانەی کە شایەنییەتی بەدەست دەهێنێت و سەردەکەوێت.