سنە، بۆ یەکەمجار بە هەڵپەڕکێی ژنان و پیاوان مەراسیمێک بۆ نەورۆز ڕێکخرا
ڕێوڕەسمی سەری ساڵی نوێ بە هاوکاری هەشت کۆمەڵە لە کۆمەڵەکانی شاری سنە و بە بەشداری شاعیران، نووسەران، چالاکانی زمانی کوردی، شانۆ و هونەری سینەما بەڕێوەچوو و بۆ یەکەمجار گروپێکی هەڵپەڕکێی پێکهاتوو لە ژنان و پیاوان چوونە سەر تەختەی پێشکەشکردن.
دنیا نەزەری
سنە- هاوکات لە هۆڵی سینەمای بەهمەن لە شاری سنە، هەشت لە کۆمەڵە جەماوەرییەکانی ئەم شارە، بە هاوکاری یەکتر و بە ئامادەبوونی شاعیران، نووسەران، چالاکوانانی زمانی کوردی، شانۆ وهونەرمەندانی سینەما و هاوڵاتیان مەراسیمێکیان بە بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ڕێکخست.
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا یادی شەهیدانی هەڵەبجە کرایەوە، گروپی هەڵپەڕکێی عەلی زاهیرنیا نمایشێکی هەڵپەڕکێی کوردی و ڕەشبەڵەکیان، کە ژن و پیاو تیایدا بەشدارن، پێشکەشکرد و بۆ یەکەمجار تابۆی تەمەنیان شکاند و ژن و پیاو دەستیان کرد بە ڕەشبەڵەک و هەڵپەڕکێ پێکەوە.
ماجد مەردۆخ ڕوحانی، نووسەر، ستایشی کۆمەڵەکانی شاری سنەی کرد و وتی: جێگای خۆشحاڵییە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، چوار کۆمەڵە بوونەتە هەشت کۆمەڵە و هاوکار بوون لە بەڕێوەچوونی مەراسیمی نەورۆزدا، بەڕێوەچوونی ئەم مەراسیمانە گرنگە، چونکە ئەو کەسانەی بەختەوەرییان لێ دەسەندرێتەوە، رۆڤی مردوون و ئەرکمان لەسەر شانە منداڵەکانمان فێری دڵخۆش و شادی بکەین، چونکە هەموو نەتەوەیەک دەبێت دڵخۆش و شاد بێت بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەکانی بکات.
ڕەعد یەکێکە لە کۆمەڵە چالاکەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە شارەکە و دەستپێشخەری کردووە بۆ ئەنجامدانی مەراسیمی نەورۆز لەمساڵدا، شەهێن لحافیان، دامەزرێنەری لیژنەی ژنان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕەعد، لەم بارەوە وتی: پەیمانگای ڕەعد دەستەی ئەمینداران و لیژنەی ژنانی بەهێزی هەیە، لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردووشدا چالاک بووە، ئەمەش بە هاوکاری کۆمیتەی ژنان بووە کە توانیویەتی بوەستێت و بپارێزرێت، بەبەشداری ژنان لە دەستەی ئەمینداران و لیژنەی ژنان توانیومانە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ کۆمەڵەکانی تری شاری سنەدا ببەستین و بیرۆکەی مەراسیمی نەورۆز هی ئێمە بوو و خۆشبەختانە کۆمەڵەکانی دیکەش پێشوازییان لێکرد و بەڕاستی هاوکارییەکی باشیان کرد، چونکە سەرەڕای هەموو ئەو گرژیانەی کە هەن، ئەگەر بتوانین بۆ چەند کاتژمێرێک خەڵک دڵخۆش بکەین، ئەوە شەرەفێکی گەورەیە بۆ ئێمە، وە یەکێک لە ئامانجەکانمان ناساندنی خێرخوازیی ڕەعد بوو بە خەڵک و هیوادارم بەم شێوەیە سەرکەوتوو ببین.
لە درێژەی مەراسیمەکەدا شاعیران سیمین چایچی، ساڵیادی هەڵەبجەی بەرز ڕاگرت، ڕەحیم لوقمانی هۆنراوەی لەسەر پێگەی ژن خوێندەوە و قوتبەدین سادقی باسی لە مێژوو و پاشخانی نەورۆز کرد.
مەراسیمەکە بە هۆنراوە و مۆسیقا درێژەی هەبوو، ئامانجی کۆمەڵەکە یادکردنەوە و پاراستنی نەورۆزی کوردی و ساتەوەختە خۆشەکان بوو بۆ ئەو خەڵکەی کە ئازارێکی زۆریان چەشتووە، بەڵام نابێت ئازار و مەینەتیەکانیان وایان لێبکات مەراسیمە مێژووییەکانیان لەبیر بکەن.