سلێمانی، ژنانی چالاکوان بە ڕێپێوانێکی جەماوەری ٨ی ئاداریان پیرۆز کرد
بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، ژنان لە شاری سلێمانی ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ساز کرد و ٨ی ئاداریان پیرۆز کرد.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پارکی نالی شاری سلێمانی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک ڕێپێوانێکی جەماوەرییان بۆ پیرۆز کردنی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان ساز کرد، ژنانی چالاکوان و سیاسەتمەدار و ژنانی چوار پارچەی کوردستان بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردی و بە بەرزکردنەوەی پانکارتی شەڕەکانی دژ بە ژنان بەشداربوون.
ڕێپێوانەکە بەرەو باخی گشتی بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی ژنانی قوربانی دەستی پێکرد و ژنان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" "ژن ژیانە مەیکوژە" و "بژی ڕێبەر ئاپۆ"یان دەوتەوە.
دوای کۆتایی هاتن بە ڕێپێوانەکە داستان محەمەد، ئەندامی ڕژاک بەیاننامەیەکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا، "لە سەردەمی ئێستادا سیستم بە تایبەتی لەسەر جەستەی ژن خۆی بەڕێوە دەبات، ژنان بوونەتە قوربانی جەنگەکان و لە میدیاکانەوە بە کاڵا دەکرێن، لە بەرامبەر ئەوەدا تێکۆشانی ژنان بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەبێتە ڕزگارکەری ژنان لەو دۆخەی کە سیستم خولقاندوویەتی".
داستان محەمەد پیرۆزبایی ٨ی ئاداری لە ژنانی جیهان و بە تایبەت کوردستان کرد و وتی: پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە هاوڕێی ڕاستەقینەی ژنان، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین، کە بە هزر و فەلسەفەکانی ڕێگەی ڕاستی حەقیقەتی ژنانی ڕوون کردەوە و ژنان لەسەر ئەو ڕێبازە تێکۆشانی خۆیان درێژە پێدەدەن.
لە کۆتاییدا ژنان ئاهەنگیان گێڕا و بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتاییان بە ڕێپێوانەکە هێنا.