ئامادەکارییەکان بۆ ٨ی ئادار لە وان: کۆتاییەکە به کۆبوونەوەیەکی گەورە دەبێت

ژنانی وان لە گۆڕەپانەکان دەبن تا ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، زەینەب کایا ڕایگەیاند، بە ڕێکخستن و ئیرادەی ژنان قەیوم لادەبەن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

وان- لە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ٣١ی ئادار لە باکووری کوردستان و تورکیا، ژنانی وان دەستیان کرد بە ئامادەکاری بۆ ڕۆژی جیهانیی ٨ی ئادار، ئەو ژنانەی بە مۆدێلی هاوسەرۆکایەتی ئامانجیان بەدەستهێنانی ١٤ شارەوانییە، لە ناوچە و گوندەکان خەبات دەکەن، هەروەها داوا لە ژنان دەکرێت بەشداری لە چالاکییەکانی ٨ی ئادار بکەن، ئەندامانی تەڤگەری ژنانی ئازاد "TJA" لە شارەکەدا بە کۆمەڵێک ئاڵا، ڕێپێوان و کۆبوونەوە لەگەڵ ژنان پیرۆزی دەکەن، بە پەرۆشییەوە بەرەو هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و ئاهەنگەکانی نەورۆز دەڕۆن.

 

"بە ڕۆحی ٨ی ئادار بەرەو هەڵبژاردنەکان و نەورۆز دەچن"

زەینەب کایا ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئازاد تیشکی خستە سەر ئەو بەرنامانەی کە لە ٨ی ئاداردا لە شارەکەدا بەڕێوەدەچن و ڕایگەیاند، ٨ی ئادار بووەتە هێمای خەباتی ژنان و مانایەکی گەورەی هەیە بۆ هەموو ژنانی جیهان، ژنانی کورد سەرەڕای فشار و هێرش بەردەوامن لە تێکۆشان بۆ ئازادی، هەموو ساڵێک، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، دەچنە گۆڕەپانەکان، ژنان لە وان تا ٨ی ئادار لە بەرنامەی ڕەنگاوڕەنگدا دەبن، ئەو ژنانەی کە لە هەردوو بەرنامەی هەڵبژاردن و ڕۆژی ژناندا پێکەوە خەبات دەکەن، لە ٨ی ئادار کۆبوونەوەیەکی کۆتایی ئەنجام دەدەن، وتیشی: ئامانجمانە بە کردنەوەی نوسینگەی هەڵبژاردنی ژنان و کۆبوونەوەکانی ژنان لە شارەکەدا بگەینە هەزاران ژن.

 

"ڕێکخستنی ژنان کۆتایی نایەت"

 

زەینەب کایا تیشکی خستە سەر گرنگی و مانای ٨ی ئادارو وتی: ئەمڕۆ ژنان لە سەرانسەری جیهاندا خەبات دەکەن بۆ ژیانێکی ئازاد، تێکۆشانی ئێستا ساڵ بە ساڵ بەهێزتر و ڕێکخراوتر دەبێت و ژنان شەقامەکان بە بەتاڵی بەجێناهێڵن و لە هەموو شارەکانی کوردستان بەو شێوەیە خەبات دەکەن، لەگەڵ کۆبوونەوە و پڕۆژەکان کە دوای هەڵبژاردن جێبەجێ دەکرێن، وان دەگاتە دۆخی کۆمەڵایەتیبوونی ژنان و کاتێک ئەمڕۆ سەیری ئەمە دەکەین، دەبینین کە هێرشێکی فرە لایەنە هەیە بۆ سەر ژنان، توندوتیژی دژی ژنان و کوشتن زیادی کردووە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێکانمان بە شێوەیەکی نایاسایی لە زیندانەکاندا دەستگیرکراون، ئەو ژنانەی دەیانەوێت سیاسەت بکەن هێرش دەکرێتە سەریان، ژنانی ڕۆژئاوا جارێکی دیکە لەگەڵ بەربەستەکاندا تێدەکۆشن، ئێمەی ژنان هەرگیز لە دژی ئەم هێرشە فرە لایەنە سەرمان دانەنەواند، وەک هەمیشە، ئەمساڵ بەو ڕۆحەوە دەچینە ٨ی ئادار.

 

"کارەکەمان بە کۆبوونەوە کۆتایی دێت"

زەینەب کایا لەبارەی ئەو کارەی کە لە شارەکە ئەنجام دەدرێت وتی: لەم پرۆسەیەدا هەموو ڕۆژێک بەرنامەی جیاواز لە هەموو ناوچەکانمان ڕێکدەخەین، لە ٢٤ی شوباتەوە دەستمان پێکرد، دوای ئەوە تیشک دەخەینە سەر گوندەکان و ئێمە جارێکی دیکە کۆبوونەوە و ئاهەنگەکانی ژنان ئەنجام دەدەین، ڕێپێوانێک ڕێکدەخەین و ژنان بانگهێشت دەکەین بۆ کۆبوونەوەی کۆتایی، کارت دەنێرین بۆ زیندانەکان و بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی بڵاو دەکەینەوە دژی زیادبوونی توندوتیژی لەم پرۆسەیەدا و سەردانی ماڵەکان دەکەین، ٨ی ئادار بە کۆبوونەوە کۆتایی پێدەهێنین و دواتر دەست بە خەباتی نەورۆز دەکەین.

 

"ژنان بەو باوەڕی و هێزەوە دەستکەوتەکانیان دەپاریزن"

زەینەب کایا ڕایگەیاند، ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی یەکگرتوو لە ڕێگەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانەوە ئەنجام دەدرێت و وتی: ئامانجی یەکەمی ئەو قەیومانەی بۆ شارەوانییەکانمان دیاریکراون ژنان بوون، تا ئێستا هیچ کارێک لەسەر ژنان نەکراوە بە پێچەوانەوە، ئەوان بەڕێوەبەری پیاوانیان بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان دانا، بە خەباتمان دەستکەوتەکانمان دەپاریزین، داواکارییەکانی هەموو ژنانی ئەم شارە هەرچییەک بێت، جێبەجێیان دەکەین، لە ٣١ی ئاداردا بە پەرۆشی ٨ی ئادارەوە دەچین بۆ هەڵبژاردنەکان، داوا لە هەموو ژنان دەکەم سەرەتا بەشداری ئەم بەرنامەیە بکەن و پاشان بچنە بنکەکانی دەنگدان خاوەنی ئیرادەی خۆیان بن.