هۆڵێکی نەشتەرگەری نوێ تایبەت بە ژنان لە هەڵەبجە کرایەوە

ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە بۆ یەکەمین جار هۆڵێکی نەشتەرگەری کرایەوە کە ڕێژەی هەوکردن تیایدا نزیک دەبێتەوە لە سفر.

هەڵەبجە

 

ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی منداڵان لە شاری هەڵەبجە سێیەم هۆڵی نەشتەرگەری کرایەوە، کە ڕێژەی هەوکردن تیایدا نزیک دەبێتەوە لە سفر، ئەمەش بۆ یەکەمجارە لە شاری هەڵەبجەدا هۆڵێکی نەشتەرگەری لەو شێوەیە دروست بکرێت.

 

هودا حەمە رەشیدم بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوون لە شاری هەڵەبجە، باسی لە گرنگی کردنەوەی ئەم هۆڵی نەشتەرگەرییە کرد و وتی: ئەمە هۆڵی سێیەمی نەشتەرگەرییە، جیاواز لە هۆڵەکانی پێشوو بە شێوەیەکی پێشکەوتوو تر بنیاد نراوە، کە سیستمی رێگری لە پیسبوونی هەوای تیادایە و نەخۆش بەدوور دەبێت لە هەوای پیس و ڕێگرە لە تووشبوون بە هەوکردن، سەرجەم ئامێرەکانیشی لەسەر ستانداردی جیهانییە.

 

هودا حەمە ڕەشید باس لەوە دەکات، هەبوونی هۆڵی لەم شێوەیە خزمەتی زۆر بە ژنان دەکات و وادەکات کە ئەرکی نەخۆشخانە ئاسان بێت، هەروەها وتیشی: بەمەش زیاتر فریا دەکەوین کە هۆڵەکان بە پاک و خاوێنی ڕابگرین و چەندین جۆر نەشتەرگەری تایبەت بە ژنانی تیادا دەکرێت.