ڕژاک لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک داوای دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو دەکات

ڕژاک ئاماژە بەوەدەکات، ئه‌م هێرش و په‌لهاوێژیانەی دەوڵەتى داگیرکەری تورک‌ له‌و كاتانه‌ چڕتر ده‌بنه‌وه‌ كه‌ سوپا دۆڕاوه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك له‌ چیاكان گورزی جه‌رگبڕ ده‌خوات.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: له‌ دژی هه‌وڵ و هێرشه‌ داگیركارییه‌كانیدا، ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌ هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر پارچه‌كانی كوردستان،  به‌ تایبه‌تیش ڕۆژئاوای كوردستان،  له‌ دواهه‌مین هێرش و بۆردومانه‌كانیشیدا هێرشه‌كانی شه‌وی ٢٣ی ئه‌م مانگه‌،  كه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامن و چه‌ندین ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی خزمه‌تگوزاری كه‌ پێویستی ژیانیی ڕۆژانه‌ن، كراونه‌ته‌ ئامانج و له‌كارخراون، هه‌روه‌ها تا ئێستا چه‌ندین سڤیل شه‌هید و برینداربوون.

 

"دەوڵەتی تورک سیستمی خۆبەڕێوەبەری بە مەترسی بۆسەر خۆی دەبینێت"

ئاماژەى بەوەشکردوە، له‌ ڕابردووشدا چه‌ندان جار هێرش و زیانی له‌م جۆره‌ له‌ دژی ڕۆژئاوا و ستاتۆكه‌ی به‌ڕێوه‌چوونه‌، گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ئه‌م هێرش و په‌لهاوێژیانه‌ له‌و كاتانه‌ چڕتر ده‌بنه‌وه‌ كه‌ سوپا دۆڕاوه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك له‌ چیاكان گورزی جه‌رگبڕ ده‌خوات، ده‌وڵه‌تی تورك له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا چه‌ندین جار گه‌فی داگیركردنی ڕۆژئاوای كوردستانی خواردووه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات،   ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ فاشیسته‌ پێشكه‌وتن و ده‌ستكه‌وته‌كانی ڕۆژئاوا و سیست‌می به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ی كه‌ سیسیتهمی كۆنفیدڕاڵی دیموكراتیکه‌ له‌ باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا كه‌ كورد و هه‌موو گه‌لانی ناوچه‌كه‌ ئافراندویانه‌ و جێی خۆیانی تێدا ده‌گرن، له‌سه‌رخۆی به‌ مه‌ترسی ده‌بینێت،  ئه‌و هه‌وڵه‌ داگیركاریانه‌ی توركیا له‌وه‌ زیاتر شرۆڤه‌یه‌كی تر هه‌ڵناگرێ.

 

داوای دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی ڕژاکدا هاتووە: وه‌ك ڕێخراوه‌كه‌مان جگه‌ له‌ شەرمەزارکردنی ئه‌و هێرش و تیرۆره‌ی توركیا له‌دژی گه‌له‌كه‌مان و كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كانی تری ناوچه‌كه.، بانگی هه‌ڵمه‌تی پشتگیری و دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو له‌ ناوخۆی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ له‌ هه‌موو پارت و لایه‌نه‌جیاوازه‌كان ده‌كەین، كه‌ هه‌وڵی جددی بده‌ن بۆ ڕاگرتن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵه‌ داگیركه‌ریانه‌ كه‌ مه‌ترسییه‌كی جددین له‌سه‌ر هاوڵاتییانی مه‌ده‌نی.