لە هێڵی بەرکەوتن.. ژنان ئاوارەبوون ڕەت دەکەنەوە

گوندەکان و شارۆچکەکانی نزیک هێڵەکانی بەرکەوتن لە نێوان حکومەتی شام و ئۆپۆزسیۆن جار بە جار ڕووبەڕووی هەڵمەتی توندوتیژی و چڕبوونەوەی بۆردوومان دەبنەوە و سەدان هاوڵاتی مەدەنی لە سەرانسەری ناوچەکەدا کوژراون و بریندار بوون.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- لە نێوان ئەو گەڕەکانەی کە چەند ساڵێک لەمەوبەر دانیشتووانەکەی ناچاربوون چۆڵی بکەن و ئەو گوندانەی چۆڵییان پێوە دیارە بەهۆی تۆپبارانە بەردەوامەکانەوە، ژن و خێزان هەن بڕیاریانداوە لەژێر فشاردا بمێننەوە و  لە نزیک هێڵی بەرکەوتن و ڕووبەڕووی بۆردوومانی ناوچەکە دەبنەوە.

 

سومەیە یوسف، تەمەن ٤٢ ساڵ، ئاماژەی بەوەکرد، پێی باشترە لەگەڵ خێزانەکەی و پێنج منداڵەکەی لە گوندی بارا لە باشووری ئیدلب بمێنێتەوە سەرەڕای ئەو مەترسییە، چونکە زۆر باشترە لە ئاوارەبوون.

 

"ناتوانین لەناو چادرێکدا بژین"

ڕوونیکردەوە کە ئەو هەوڵدەدات ژیانی ئاسایی خۆی بژی دوای ئەوەی خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی مردنی ڕۆژانە و گوێگرتن لە دەنگی گولـلە و بۆردوومان کە چوار ساڵە بەردەوامە، وتی: ناتوانین لەناو چادرێکدا بژین بەبێ سەرچاوەی بژێوی کە بمانپارێزێت هەتا بژێوی ڕۆژانەمان هەبێت، ناڕۆین.

 

حەیات جەبالی، لە قەراغی گەڕەکە پارێزراوەکە لە گوندی فاتیرە دەژی، یەکێک لە گوندەکانی جەبال ئەلزاویەی باشووری ئیدلب، بە دەگمەن لە ماڵەکەی دەچێتە دەرەوە، بەڵام بەهۆی تەمەنی پیریەوە ناتوانێت گەڕەکەکە بەجێبهێڵێت، ئاماژەی بەوەکرد، چەندین جار ڕووبەڕووی تەقینەوە و بۆردوومان بووەتەوە، بەڵام هەموو جارێک ڕزگاری بووەو بەشێک لە ماڵەکەی وێران بووە.

 

 بەڵام ڕەتیکردەوە بڕوات و پێی باشترە لە ماڵەکەی خۆیدا گیان لەدەستبدات، وتی: هیچ شوێنێکی دیکەم نییە بۆی بچم و ناتوانم بەرگەی ئاوارەبوون بگرم، پێم باشترە لە ماڵەکەمدا بمێنمەوە و گیان لەدەست بدەم.

 

منداڵانیش هەمان ژیانیان هەیەو یاری بە موشەک دەکەن

نەک هەر گەورەکان لە هێڵی بەرکەوتندا دەژین کە هەوڵدەدەن ژیانی ئاسایی خۆیان بژین بەبێ ئەوەی گرنگی بە دەنگی بۆردوومان و دەنگی گولـلەکان بدەن، بەڵکو منداڵانیش لە جیاتی خەون و هیوا و ئارەزوو لەو ژیانەدان، منداڵانی تەمەنە جیاوازەکان لەو ناوچانەدا لە کەش و هەوای جەنگ و وێرانکاری و دەنگی بۆمب و تەقەمەنیدا دەژین و تەنها یاری بە پارچە و پاشماوەی موشەک دەکەن.

 

تاکە هیوای ژیانی لوئەی سەبوحی تەمەن ١٠ ساڵان کە لەگەڵ داپیرەو باپیرەی دەژی دوای گیان لەدەستدانی خێزانەکەی لە یەکێک لە بۆردوومانکردندا ڕزگاربوون بوو، ئارەزووەکانی لە چێژ وەرگرتن لە خەوێکی ئارامی شەوێک زیاتر تێناپەڕێت، هەروەها بەردەوام بن لە ژیان، فێربوون، پێکەنین و یاریکردن سەرەڕای هەموو شتێک، وتی: کات هەمیشە تەرخانکراوە بۆ ئاگادارکردنەوە لە مەترسییەکانی بۆردوومان یان چۆنیەتی خۆ بەدوورگرتن لە برینداربوون، ژیان ناخۆشە لەم شارۆچکەیە، منداڵانی تەمەنی خۆم نییە و شوێنێک نییە بۆ یاری کردن.