دادگای تونس سزای زیندانیکردنی ساڵێکی بۆ شەیما عیسا دەرکرد

دەسەڵاتی دادوەری سەربازی تونس سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەر شەیما عیسا، ئەندامی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی تونس سەپاند.

ناوەندی هەواڵ

 

دادگای سەربازی تونس ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی کانوونی یەکەم، دوای ئەوەی بە تۆمەتی "هاندانی کارمەندانی سەربازی بۆ یاخیبوون و سوکایەتیکردن بە سەرۆکی وڵاتەکە" تاوانباری کرد، سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەر شەیما عیسا، ئەندامی بەرەی ئۆپۆزسیۆن سەپاند.

 

دوای سزادانی شەیما عیسا، ناڕەزایەتی دەربڕدراو سزادانەکە شەرمەزارکرا، کەسنای ناڕازایی وتیان: دەسەڵاتی دادوەری سەربازی دەسەڵاتی ئەوەی نییە کە ئۆپۆزسیۆن دادگایی بکات، هەروەها شەیما عیسا بڕیارەکە وەک هەنگاوێکی نوێ دەبینێت بە ئامانجی بێدەنگکردنی دەنگی ڕەخنەگران لە قەیس سەعیدی سەۆرکی وڵاتەکە.

 

شەیما عیسا پێش دەرکەوتنی لەبەردەم دادگای سەربازی وتی: تونس پێشتر هێمای ئازادی بوو، بەڵام ئەمڕۆ بووەتە زیندانێکی گەورە کە تێیدا ئازادی بیروڕا گەمارۆ دراوە.

 

دەسەڵاتدارانی تونس چەند مانگێک لەمەوبەر هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی بەکۆمەڵیان دەستپێکرد، لایەنی ئۆپۆزسیۆنیش ئاماژەی بەوەکرد،  ئامانج لە دەستگیرکردنەکان دامەزراندنی دەسەڵاتدارییە بۆ سەرۆکی تونس کە لە ساڵی ٢٠٢١ پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و دەسەڵاتێکی فراوانیان گرتە دەست.

 

ئەم سزایە لە کاتێکدایە کە شەیما عیسا نزیکەی پێنج مانگ دوای دەستگیرکردنی بە تۆمەتی "پیلانگێڕی دژی ئاسایشی دەوڵەت"، لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ ئازاد کرابوو.