سێ ڕۆژنامەنووس کە کار لەسەر پرسەکانی ژن دەکەن خەڵاتیان پێبەخشرا
له چوارچێوه‌ی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان، ڕێكخراوی نوێ دووه‌مین خەڵاتی ساڵانه‌ی ڕوناكی نوێی دابه‌شكرد.
هەڵەبجە
سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له شاری هه‌ڵه‌بجه، ڕێكخراوی نوێ به هاوكاری ڕێكخراوی تواناسازی ئافره‌تان دووه‌مین خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی ڕیکخراوەکەی بەسەر ئەو ڕۆژنامه‌نووسانه‌دا دابەشکرد، که له بواری مافه‌كانی ژناندا کار دەکەن.
هێرۆ وەکیل، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگه و مافه‌كانی ژنان وتی: لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ساڵانه ئه‌م خه‌ڵاته ده‌درێته ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌ماوه‌ی ساڵێكدا زۆرترین كار ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی ژنان و ده‌رخستنی تواناكانیان، هەڵبژاردنەکە لە ڕێگەی لیژنەیەکەوە دەکرێت و و خەڵات پێیان دەبەخشرێت، ئەمساڵیش سێ ڕۆژنامەنووس خەڵاتیان پێشکەشکرا، کە زۆرترین کاریان لەسەر ژنان کردووە.
خەڵاتەکانی ڕێکخراوی نوێ بۆ ئەمساڵ بەخشرایە ڕۆژنامەنووسانی شاری هەڵەبجە، ئەڤین عەتا، پەیامنێری کوردستان ٢٤، عەلا ڕەمەزان، ئامادەکار لە کەناڵی المسری عەرەبی و فەرحان حەمەخان پەیامنێری دەنگی ئەمریکا.
ئه‌ڤین عه‌تا، براوەی خەڵاتەکە وتی: خۆشحاڵم کە ئەمساڵ بووم بە یەکێک لەو کەسانەی لە ماوەی ساڵێکدا زۆرترین کاریان لەسەر ژنان و دەرخستنی تواناکانیان و پاراستنی مافەکانیان کردووە، خوازیارم توانیبێتم زۆرترین کاریان لەسەر بکەم و ساڵانی داهاتوو بەردەوام بم، تاوەکو ڕێچکەی کار کردنی ژنان بگۆڕین و خزمەتی زیاتریان بکەین.
رێکخراوی نوی بۆ پاراستنی ژینگەو مافەکانی ژنان سالانە ئەم خەڵاتە بەسەر ڕۆژنامەنووساندا دابەش دەکات، ساڵی ڕابردوو میهرەبان سەلام کاکەیی، پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ژن-نوژنها توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و خەڵات بکرێت.