بەدواداچوون بۆ دۆخی چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێر دەکرێت

شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم سەردانی چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێریان کرد بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی زیندانییەکان.

ناوەندی هەواڵ

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان کە کار بۆ مافەکانی مرۆڤ دەکات بڵاویکردەوە، ڕۆژی ٢٠ی حوزەیران، شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مروڤ بەسەرۆکایەتی مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم سەردانی چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێریان کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەر و ستافی چاکسازیەکە کۆبوونەوە.


مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەکە لە سەردانەکەی ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجیانە ئاگاداری ڕەوشی ژیانی زیندانیکراوانی ناو چاکسازیەکان بن لە نزیکەوە و لە هەموو لایەنێکەوە، گوێ لە داواکارییەکانیان بگرن، لەپێناو دابینکردنی مافەکانیان و بەدواداچوون بۆ داواکاری و پێشنیارەکانیان، وتیشی: مەبەستمانە چاکسازیەکان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ بەڕێوەبچن و ڕەچاو بکرێن.


ئاماژە بەوە کراوە، ستاف و ئیدارەی چاکسازیەکە سوپاسی سەرۆک و شاندی دەستەکەیان کرد، کە هەمیشە لە نزیکەوە بەدواداچوون و سەردان دەکەن بۆ چاکسازیەکان و پاڵپشتن بۆ چارەسەری کەموکوڕیەکان.