بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوشتنی ژنان، ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە

لە ماوەی ١٠ هەفتەدا نزیکەی ٢٠ ژن لە ئوسترالیا کوژراون، لەبەرامبەریشدا حکومەت کارێکى نەکردووە بۆ ڕێگریکردن لەو تاوانانە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاگەیاندنەکانی ئوستراڵیا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان بڵاویانکردەوە، لە ماوەی ١٠ هەفتەدا ١٨ ژن لەو وڵاتەدا کوژراون، ئەوەش توڕەیی و نیگەرانیی لای ژنان درووستکردووە، چونکە ژنان گەیشتوونەتە دۆخێک لە هیچ شوێنێک هەست بە پارێزراویی ناکەن و داوا دەکەن بە زووترین کات حکومەت ڕێکاری چارەسەریی بگرێتە بەر.

 

بەپێی زانیارییەکانی ناو هەواڵەکان، لەو ١٨ ژنە ١٠یان لەلایەن هاوژین یان ئەندامێکی خێزانەکەیان کوژراون، ٦ ژنی دیکە لەلایەن هاوڕێ یاخود کەسێکی ناسراوەوە کوژراون، دووانیش بە دەستی کەسانی نەناسراو کۆتایی بە ژیانیان هاتووە، ئاماژە بەوەشکراوە، لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا سێ هەزار ژن بە فەرمی کە بە دەستی پیاوان کوژراون تۆمار کراوە.

 

چالاکوانان ئاماژەیان بەوەکرد، دوو ساڵ لەمەوبەر سەرۆک وەزیرانى ئوستراڵیا بڕیاری داوە ٥٠٠ کارمەندی شارەزا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی دابمەزرێنێت، بەڵام لەوکاتەوە تا ئەم ڕووداوانەی دووایش، تەنها ١٧ کەس خراونەتە سەرکار.