تا دێت ژمارەی کوژراوان لە کەرت غەززە زیاد دەکات و هێرشەکانیش بەردەوامە

بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣١ هەزار و ٧٢٦ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە ژمارەی کوژراوان لە ئیسرائیل گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس و هێرشەکانیش بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندرووستیی غەززە و وەزارەتی تەندرووستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیاوازدا ئاماژەیان بەوەکرد، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣١ هەزار و ٧٢٦ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧٣ هەزار و ٧٩٢ كەس.

 

ئاماژە بەوەش كراوە، بەهۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٨١ كەس لە غەزە كوژراون و ١١٦ـی دیكەش بریندار بوون، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، نزیكەی ٣٥٠ هەزار هاوڵاتیی نەخۆش لە غەزە بەبێ چارەسەرن.

 

وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.

 

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پلانی هێرشی زەمینی بۆ سەر شاری ڕەفح پەسەند كرد و لە ئێستاشدا ئامادەکارى بۆ ئەنجامدانى هێرشەکە دەکات، ڕێكخراوی تەندرووستی جیهانیش هۆشداریی لە كارەساتێكی گەورەی مرۆیی لەو شارە دا و نزیكەی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار فەڵەستینی لە باشووری كەرتی غەزەوە ئاوارە بوون.

 

باس لەوەشکراوە، زۆرینەی دیموكراتەكانى ئەمەریكا داوایان کردووە، هەڵبژاردن لە ئیسرائیل ئەنجام بدرێت بەڵام، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڕیاریداوە هێرش بکەنە سەر ڕەفەح تا چەكدارانی حەماس لەناو ببەن، هەروەها ئامانجیان لەناوبردنی ئەو چەکدارانەى حەماسە، کە لە ڕەفح ماون، هاوكات كارئاسانیش دەكرێت بۆ خەڵكی سڤیل تا شارەكە جێبهێڵن و ئۆپەراسیۆنەكانیش تەنها چەند هەفتەیەک دەخایەنێت.

 

نێردەی ئەڵمانیا لە قودس، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، ئیسرائیل دەبێت بڕیارى هێرشکردنە سەر ڕەفح بووەستێنێت، چونکە ناتوانن بێدەنگ بووەستن و سەیری فەڵەستینییەكان بكەن لەوکاتەی ڕووبەڕووی مەترسی و برسێتی دەبنەوە.