"ڕێپێوانەکەمان لەو شارانەی بۆی دەگەڕێینەوە بەردەوام دەبێت"

ئەو ژنانەی لە شارە جیاجیاکانی باکووری کوردستان و تورکیا بەشدارییان لە "ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادە" کرد، کەشوهەوای گەرم و برینەکانی سەر پێیان پشتگوێ خست و ڕایانگەیاند، لە دژی شەڕ و سیاسەتەکانی ڕژێم تەنانەت درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن کاتێک دەگەڕێنەوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

جولەمێرگ- ژنانی پارێزگا جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بەشدارییان لە ڕێپێوانی ٨ ڕۆژەی "ڕێزگرتن لە ئیرادە" کرد، کە لەلایەن پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی لە شاری جولەمێرگ دژی دانانی قەیوم ڕێکخرابوو.

 

ئەو ژنانەی بۆ ماوەی ٨ ڕۆژ بە پێ ڕۆیشتوون، بەبێ گوێدانە پلەی گەرمی و برینەکانی سەر پێیان، پەیامێکیان دا کە بەو هێزەی لە ڕێپێوانەکە وەریان گرتووە، لەو شارانەی کە گەڕاونەتەوە بۆیان، درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن لە دژی شەڕ و سیاسەتەکانی ڕژێم.

 

ئەسمەر باران: ئەم ڕێپێوانە ڕێپێوانی ئازادی بوو

ئەسمەر باران لە سێرت میسیرجەوە بەشداری ڕێپێوانەکەی کرد و بەبێ گوێدانە خۆری گەرم و برینداربوونی قاچەکانی بۆ ماوەی ٨ ڕۆژ بە پێ ڕۆیشتووە، وتی: پشتیوانی گەل ئیرادەمانی بەهێزتر کرد، هەرچییەک ڕووبدات سەرکەوتن بۆ ئەم گەلە دەبێت.

 

"بە ناو شاخ و دەشتەکاندا تێپەڕین"

ئەسمەر باران وتیشی: لە هەر شوێنێک دەچووین خەڵک بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازییان لێدەکردین، بەم شێوەیە موراڵمان دوو هێندە بوو، هەمووان ئەمە بە "ڕێپێوانی قەیوم" ناودەبەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ڕێپێوانە ڕێپێوانی ئازادییە، ئێمە لێرەین نەک تەنها بۆ ئازادی گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلان، لێرەین بۆ بەهێزکردنی ژیانی هاوبەش پێکەوە، دەبێت دەستبەجێ ئەم سیاسەتە جەنگیانە کۆتایی پێبێت، نە قەیران و نە ململانێ سوودی بۆ گەل نییە، ماندوو نابین، نە خۆر و نە ڕێگاکان ماندووی نەکردین، لەم ڕێپێوانەدا هەمووان لە ٧ تا ٧٠ کەس بەشدارییان کرد، ئەوانەی مۆڕاڵیان پێداین گەنج و پیرەکانمان بوون، بە مۆڕاڵ و هیوایەکی زۆرەوە ڕۆیشتین، ئەم ڕێپێوانە لێرەدا کۆتایی نایەت، ئێمە بۆ هەر شوێنێک بچین جۆش و ئیرادەی ئەم ڕێپێوانە دەردەبڕین، بۆ ئەمە بەردەوام دەبین لە کارەکانمان.

 

ئەمینە یالین: کەس نەیوت ماندووم

ئەمینە یالین لە چەولیگەوە بەشداری ڕێپێوانەکەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، کەشوهەوای گەرم کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕێپێوانەکەیان نەبووە، کەس نەیوت ماندووم، بە پێچەوانەوە دەمانەوێت زیاتر بە پێ بڕۆین، خەڵک زۆر پشتگیریان کردین، ئەم ڕێپێوانە بۆ ئێمە سەرەتایەکە، بەو هێزەی لێرەوە بەدەستمان هێنا، دەیبەینە گۆڕەپانەکانەوە، ئەو بڕیارەی لێرەوە داومانە درێژە بە کارەکانمان دەدەین، تا کۆتایی دژی سیاسەتەکانی شەڕ و دەسەڵاتداری لە گۆڕەپاندا دەبین، هەوڵی سەرکوتکردن و ترساندنی ئەم گەلە دەدەن، زمان و شوناس و ئیرادەی گەل نازانن، ئەم ئیرادەیەیان نیشان دەدەین کە نایزانن، دەستبەرداری ئیرادە و ناسنامەی خۆمان نابین.

"تەنیا ڕێپێوان نییە، بەڵکو بەرخۆدانیشە"

نەسلیهان چەتین کایا کە لە موغڵاوە بەشداری ڕێپێوانەکەی کردبوو، ئاماژەی بەوەدا، حکومەت سەرەتا ژنان دەکاتە ئامانج و دواتر ژیانی هاوبەش، هەستی هاوڕێیەتی و ئیرادەی تێکۆشان کە لەم ڕێپێوانەدا ئەزموون کراوە هێندەی تر قووڵتر بووەتەوە و وتی: چالاکییەکەیان تەنها ڕێپێوان نییە، بەڵکو بەرخۆدانیشە، هەمیشە ئومێدمان هەبووە دیموکراسی و ئارامی بۆ گەلی تورکیا بهێنێتە ئاراوە، ئەم قەیومانە قبوڵ ناکەین کە سێ خولە دادەنرێن، عەقڵیەتی پیاو-دەوڵەت ئەمڕۆ دان بە ئیرادەی گەلدا نانێت، بەم شێوەیە ژیان و ژن ناناسن، لە بەرخۆدانداین بەرامبەر ئەمە، ئەمە کێشەیەکی هاوبەشە نەک تەنها بۆ گەلی جولەمێرگ، بەڵکو بۆ هەموو گەلانە، عەقڵیەتی پیاو دەیەوێت خاکی خۆی فراوانتر بکات و ئەمەش هێرشێکە دژی ژیانی هاوبەش.

 

"هەموو کاتژمێرێک وەک پەروەردە وابوو"

کامیلە ئۆجاک خەڵکی سەمسور ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ماوەی ٨ ڕۆژ ئەو جۆش و بوەڕییەی ئەزموون کردووە و وتی: لەگەڵ هەموو هاوڕێکانمان بە باوەڕ و ئیرادە ڕۆیشتین، گەلەکەمان تەنیا نییە، بەختێکی باش بۆ هەموومان، هەوڵ دەدەین پێکەوە بین، هەر خولەک و هەر کاتژمێرێک لێرە بەسەرمان دەبرد بۆ ئێمە پەروەردەیەک بوو.