لە شاری هەڵەبجە پێشبڕکێی پاسکیلسواری بۆ منداڵان ڕێکخرا
لە ڕۆژی جیهانیی پاسکیلسواریدا لە شاری هەڵەبجە پێشبڕکێی پاسکیلسواری بۆ کچان و کوڕان ڕێکخرا.

هەڵەبجە
ئەمڕۆ، ٣ی حوزەیران هاوکاتی ڕۆژی جیهانیی پاسکیلسواری و بەبۆنەی نزیکبوونەوە ٥ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانیی ژینگە، فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بە هەماهەنگی لەگەڵ گروپی پاسکیلسواری هەڵەبجەدا پێشبڕکێیەکی پاسکیلسواری بۆ منداڵان ڕێکخست.
پێشبڕکێکە بە دروشمی "ژینگەیی- وەرزشی- تەندروستی بۆ منداڵانی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری ڕێکخراو و منداڵانی کچ و کوڕ تیایدا بەشداربوون.
ژیان بەرزان، سەرپەرشتیاری وەرزشی لە گروپی پاسکیلسواری هەڵەبجە وتی: ئەمرۆ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژینگە و ڕۆژی جیهانی پاسکیلسواریەوە بۆ چوارەم ساڵە لەسەر یەک ئەم چالاکییە ڕێکدەخرێت، مەبەستمانە ببێتە نەریتێکی ساڵانە و بۆ ئەمساڵیش ٥٠ منداڵ بەشدارییان کرد.
لە پیشبڕکێکەدا منداڵان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی، لیا تەمەنی ١١ ساڵە و بەشداری پێشبڕکێکەی کردووە تا هەوڵی سەرکەوتن بدات، وتیشی: هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازم.
سۆز فوادی ١١ ساڵ کچێکی دیکەی پاسکیلسوارە و یەکەمجارە لە پێشبڕکێیەکەدا بەشدارە، دەڵێت: من توانیم ببمە براوەی یەکەمی پێشبڕکێیەکە.