ژنانی ڕۆژنامەنووس: هیچ هێرشێک ناتوانێت دەنگی ڕاستی ببڕێت

ژنانی ڕۆژنامەنووس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هێرشیان یان بۆ سەر تەلەفزیۆنی ستێرک و مەدیا هابەر لە بەلجیکا و باکووری کوردستان شەرمەزار کرد و وتیان: هیچ هێرشێک ناتوانێت دەنگی ڕاستی ببڕێت.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ-حکومەتی بەلجیکا دوێنێ هێرشێکی کردە سەر ناوەندی کەناڵی تەلەفزیۆنی ستێرک  و مەدیا هابەر، هەروەها نزیکەی ٩ ڕۆژنامەنووسی کورد و کارمەندی چاپەمەنی ئازاد لە تورکیا دەستگیرکران، ژنانی ڕۆژنامەنووس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکانی دژ بە ئازادی ڕاگەیاندن هەبوو و وتیان: هیچ هێرشێک ناتوانێت دەنگی ڕاستی ببڕێت.

 

لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کوردیدا هێرش کرا

جیهان بیلگەن، پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی هاوار ئەو کردەوە توندوتیژییانەی دژ بە ڕاگەیاندنە کوردییەکان شەرمەزار کردو وتی: هێرشەکە لە ڕۆژێکدا بوو کە ڕۆژنامەگەری کوردی ١٢٦ ساڵی خۆی پڕدەکاتەوە، هێرشێکی سیستماتیکی دژی میدیای کوردی ئەنجام دەدرێت، بێگومان ئەم هێرشە هاوکات بوو لەگەڵ سەردانەکەی دەوڵەتی تورکیا لە عێراق و باشووری کوردستانەوە.

 

جیهان بیلگەن ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە یەکەم جار نییە کە هێرش دەکرێتە سەر ڕاگەیاندن و چاپەمەنییە کوردییەکان، ،وتی: هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ بێدەنگکردنی ئێمە، سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانە، ئێمە بێدەنگ نین، هەموو جارێک پێش هێرشێکی بەرفراوان، تورکیا ئەو هێرشانە ئەنجام دەدات، هەروەها گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە هێرشەکە نەک تەنها لە کوردستان سنووردارە، بەڵکو گەیشتووەتە ئەوروپاش، لە ساڵی ١٩٩٦ەوە ئەم جۆرە هێرش و کردەوەیە لەلایەن بەلجیکا و وڵاتانی ئەوروپاوە ئەنجام دراوە، هێرشەکە شەرمەزارییە بۆ بەلجیکا و دەوڵەتی تورکیا، ئێمە میراتی ڕۆژنامەوانی ئازاد لە دەست نادەین، شوێنکەوتووی موسا عەنتەرو غوربەتلی ئارسۆزە و بەردەوام دەبین لەم هێڵە و ڕێگە نادەین پلانەکانی دەسەڵاتداران سەرکەوتوو بن.

 

"دەنگی ڕاستی بێدەنگ ناکرێت"

جودی عەلی، پەیامنێری تەلەفزیۆنی ڕۆناهی تیشکی دەخاتە سەر ئامانجەکانی دەسەڵاتداران بۆ بێدەنگکردنی ڕاستییەکان و وتی: ئەو ڕووداوەی ڕوویدا شەرمەزارییەکی گەورەیە، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە دەیانەوێت ڕاستییەکان ڕابگەیەنن ڕێگەیان لێگیراوە، بێگومان کەناڵی تەلەفزیۆنی ستێرک کەناڵێکی کۆنی کوردییەو زۆر کاری بۆ دەنگی گەلی کورد کردووە.

 

"بەدوای دۆزی هاوڕێیانی خۆمانین"

وتیشی: ئێمەی ڕۆژنامەنووسانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەم کردەوەیە قبوڵ ناکەین و پشتیوانی لە دۆستەکانمان دەکەین و بە توندی کاردانەوەمان بەرامبەری هەیە، پێویستە هەموو ڕۆژنامەنووسێک ئەم هێرشە لە دژی خۆی و ئازادییەکەی ببینێت، چونکە ئەگەر ڕێکخراوێکی ڕۆژنامەوانی ئاستەنگ بکرێت، ئەوە مانای ئەوەیە کە هەموو ڕۆژنامەنووسێک ئاستەنگ دەکرێت.

 

داوای لێپرسینەوە

ئەڤین ئیبراهیم، ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان "یەرەژە" ، دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە باکووری کوردستان و هێرشەکەی سەر تەلەفزیۆنی ستێرک و مەدیا هابەری شەرمەزار دەکەم، لە دژی ئەم کردەوانە بێدەنگ نین، چالاکییەکانمان ئەنجام دەدەین هەتا ئەو کاتەی ئەم هێرش و کردەوانە ڕادەگیرێن، وەک دەزانرێت، نابێت سنووردارکردن بەسەر ڕۆژنامەگەریدا بسەپێنرێت، بەڵام وەک دەیبینین، ئەمە جێبەجێ ناکرێت، ئەمەش نیشانەی نەبوونی ڕێکخراوەکانی مافی ڕۆژنامەنووسانە. داوا له هه موو دەزگاو ڕێکخراوەکانی مافی ڕۆژنامەنووسان دەکەین که ڕێگری له پێشێلکارییەکانی مافی ڕۆژنامه نووسان بکەن، پێویستە ڕۆژنامەنووسان لە زیندانەکان بە زووترین کات ئازاد بکرێن.