سزای دوو ساڵ زیندانی بۆ چالاکوانێک دەرکرا

دادگای تاڵیبان سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر چالاکوانی مافی مرۆڤ مەنیجە سدقی سەپاند.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٢٦ی شوبات، ڕێکخراوی هاوکاری ئەفغانستان بڵاویکردەوە ، چالاکوان مەنیجە سدقی، سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە و بڕیارەکەی دادگای تاڵیبانیشی بە نادادپەروەرانە دانا.

 

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی ڕێکخراوی هاریکاری ئەفغانستان، بزووتنەوەی تاڵیبان هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی دژ بە مەنیجە سدقی بەکارهێناوە، هەروەها لە هەبوونی پارێزەر بێبەشیکردووە، داواش لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە و ڕێکخراوەکان دەکات بە هەموو شێوەیەک ئیدانەی دەستگیرکردنەکەی بکەن لە پێناو ئازادکردنیدا.

 

ئەو چالاکوانە لە ٩ی تشرینی یەکەم لە کابولی پایتەخت، بێسەروشوێن بووە و دواتر بزووتنەوەی تاڵیبان ڕایانگەیاند کە لەلایەن ئەوانەوە دەستبەسەرە، لە ٥ی کانوونی یەکەمدا گوێزرایەوە بۆ زیندانی بولشارخی لە ڕۆژهەڵاتی کابول، یەکێکە لە زیندانە مەترسیدارەکان.

 

شایانی باسە کە زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەوان FEMNA و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ناسراو بە "ئازادی ئێستا" چەندین جار داوای ئازادکردنی، مەنیجەیان کردووە.