لە بەغدا سێ خوشک لەلایەن براکانیانەوە ئەشکەنجە دراون

لە شاری بەغدا، سێ خوشک لەلایەن سێ برایانەوە بە زنجیر بەستراونەتەوە و شوێنی ئەشکەنجەدان لەسەر لەشیان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ڕووداوێکی دەگمەندا هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، سێ ژنی گەنجیان لە ماڵێکدا لە ناوچەی حوسێنییەی شاری بەغدا ئازاد کردووە، کە لەلایەن سێ برایانەوە بە زنجیر بەسترابوونەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەستنەوەی ئەو سێ خوشکە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بووە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، شوێنی لێدان بە لەشی هەر سێ خوشکەکەوە دیار بووە و ڕووبەڕووی دۆخێکی سەختی نامرۆیی کراونەتەوە.

 

فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاندووە، دوای ڕزگارکردنی سێ خوشکەکە تواندراوە براکانیان دەستگیربکرێن، ئێستاش کەیسەکە رێکاری یاسایی خۆی وەرگرتووە.