کۆچبەرانی عەفرین: هەرگیز لە هێرش و تۆپەکانی داگیرکەران ناترسین
کۆچبەرانی عەفرین کە لە گوندی ئوم هۆش لە کانتۆنی شەهبا نیشتەجێ بوون، بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکی کوشندە بەرخۆدان زیاد دەکەن و خۆبەدەستەوەدان قبوڵ ناکەن.
حەسنا محەمەد
شەهبا- دەوڵەتی تورک ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون، لەو هێرشانەدا ژێرخانی ناوچەکەو ناوەندەکانی خزمەتگوزارییان کردووەتە ئامانج، هەروەها نەخۆشخانەکان و شوێنە تەندروستییەکانیش باجی هێرشەکانیان داوە.
لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سەرانسەری ناوچەکەدا، گەل پەیامی بەرخۆدان و خەباتی خۆیان لە ڕێگەی چالاکی و کاردانەوەکانیانەوە نیشان دا، لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨، ژنانی عەفرین کە بەهۆی داگیرکردنی ناوچەکانیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کۆچیان کرد بۆ کانتۆنی شەهبا و لە گوندی ئوم هۆش نیشتەجێ بوون کە لەسەر هێڵی سنوورییە و ڕووبەڕووی هێرش و بۆردومان دەبنەوە، کاردانەوە و هەڵوێستی خۆیان دەربڕی.
"لە هێرشی داگیرکەران ناترسین"
فاتمە رەشید ئاماژەی بەوەکرد، هەرگیز لە تۆپەکانی دوژمن نەترساون و بەردەوام بوون لە بەرخۆدانی خۆیان بەرامبەر هەموو هێرشێک و وتی: لە عەفرینەوە کۆچمان کرد تەنها بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە بەرخۆدان، لەسەر هێڵی سنوور دەژین، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی ڕۆژانە هێرشمان دەکەنە سەر، هەرگیز حساب بۆ دوژمن ناکەین و بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانمان تا کۆتایی، هەرگیز پەشیمان نین لەو بڕیارەی کە داومانە بۆ بەردەوام بوون لە بەرخۆدان، باجێکی زۆرمان داوە و دەیدەین، بەدوای ڕێگای پاکڕەوەکانماندا دەڕۆین و شوێن منداڵەکانمان دەکەوین لە مەیدانی جەنگدا، کوردەکان هەرگیز بە هێرش کۆتاییان نایەت.
"ناتوانم خۆم لە هێرشەکان بپارێزم بەهۆی تەندروستییەوە"
فاتمە نەجار، کە تەمەنی هەیە و بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە ناتوانێت بڕوات، ئاماژەی بەوەکرد، تا کۆتایی بەردەوام دەبێت لە بەرخۆدان و وتی: ڕووبەڕووی هێرش دەبینەوە بەهۆی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیاوە، ناتوانم خۆم بپارێزم، بەهۆی قاچەکانمەوە ناتوانم بڕۆم، بەڵام هێشتا بەردەوامین لە بەرخۆدان و خەباتمان دژی دوژمن، لە لایەکەوە هێرش دەکرێتە سەر ئێمە و لە لایەکی دیکەوە سووتەمەنیمان نییە بەهۆی گەمارۆکەوە.
"بەرخۆدان و تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت"
نەجا ڕەشید تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە دەیانەوێت گەلی ناوچەکە لەناو ببەن و وتی: لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج و دەکوژێت، لە شەهباوە تا دێرک، ژێرخانی ناوچەکە کراوەتە ئامانج، ئەمە هەرگیز بەرخۆدان و خەباتمان ڕاناگرێت، ئەردۆغان ناتوانێت بە هێرشەکانی کۆتایی بە کوردەکان بهێنێت، ڕۆژانە هێرش و بۆردومان لە ئوم هۆش هەیە، بەڵام جێیناهێڵین.