٥ هاوڵاتی و ٢ ڕۆژنامەنووس لە بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان کوژران

لە کاتێکدا بۆردوومانە هاوبەشەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا بەردەوامە لەکاتی دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە، ٨ کەس لەنێویاندا دوو ڕۆژنامەنووس بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە لە باشووری لوبنان کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوچە سنورییەکانی باشووری لوبنان ڕووبەڕووی زیادبوونی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا بووەتەوە لەو کاتەوەی حەماس هێرشی کردۆتە سەر ئیسرائیل کە بە بۆردوومانێکی وێرانکەر و ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە کەرتی غەززەی گەمارۆدراو وەڵام دەداتەوە.

 

فەرەح عومەری تەمەن ٢٥ ساڵ پەیامنێری تەلەفزیۆنی مەیدان و کامێرامان ڕەبی مەعماری تەمەن ٤٠ ساڵ ڕۆژی ٢١ی تشرینی دووەم بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان کوژران.

 

غەسان بن جێدۆ، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرانی "ئەلمەعدین" ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی کە دوو ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی بوونەتەوە ئامانجێکی ڕاستەوخۆ بووە و بە ڕێکەوت نەکراوە، ئەو هاوڵاتییە مەدەنییەی لەگەڵیان کوژرا "هاوکاری" لەگەڵ کەناڵەکەدا کردووە بەبێ ئەوەی کارەکەی دیاری بکات.

 

ئاژانسی هەواڵی فەرمی نیشتمانی ڕایگەیاند، سێ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون لە هێرشێکی دوژمنکارانەدا بۆ سەر سێگۆشەی تیرهورفا ئەلجەباین لە نزیک سنووری ئیسرائیل.

 

ئاژانسەکە ئەوەشیخستەڕوو، پێشنیوەڕۆی ڕۆژی ٢١ی تشرینی دووەم، هێرشێکی ئیسرائیل ماڵێکی لە شارۆچکەی کەفر کیلا کردە ئامانج و ژنێکی بە ناوی دێلا سارهان تەمەن ٨٠ ساڵ کوشت و کچەزاکەی بریندار کرد.