حکومەتی تورکیا ئاگری لە کێڵگەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردا

دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بەو وڵاتە ئاگریان لە کێڵگەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردا، ئاگرەکە لەلایەن تیمی ئاگرکوژێنەوە و دۆخی نائاسایی کوژێنرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە خۆی، کێڵگەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاگریان تێبەردا، بەپێی ئەو زانیارییانەی ئانها، چەتەکانی دەوڵەتی تورک کە دەکەونە گوندی باسیل ئاگر لە کێڵگەکانی گوندەکانی عەقیبە و بەنێ لە ناحیەی شێراوای ناوچەی عەفرینی داگیرکراو ئاگر بەردەدەن، هەروەها ئاگریان لە کێڵگە گوندنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوچەی زرگان بەرداوە و ئاگرەکە لەلایەن تیمی ئاگرکوژێنەوە و دۆخی نائاسایی کوژاوەتەوە.

 

دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر ناوچەی بناری قەندیل

لە لایەکی دیکەوە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک هێرشیان کردە سەر بناری قەندیل و سەبارەت بە هێرشەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە بناری قەندیل، دڵشێر ئیبراهیم، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل قسەی بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز کرد و ڕایگەیاند؛ "فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەسەر ئاسمانی پشدەر و بناری قەندیل دەسوڕێتەوە، جگە لەوەش گوندەکانی داریبی و چەند گوندێکی دیکە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆردومان کران، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕوون لەبارەی ئەنجامی تەقینەوەکانەوە بەدەست نەهاتووە و ڕاگەیەندراوە کە هێرشەکە بەردەوامە.

 

دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر مەنبج

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی سەربازی مەنبج، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیش هێرشیان کردووەتە سەر گوندی کاویکلی ڕۆژئاوای مەنبج.