حورا نیکبەخت: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە "ژن، ژیان، ئازادی" هەیە
حورا نیکبەخت، زیندانی سیاسی لە زیندانی ئێڤین، ڕایگەیاند، مەتەڵەکەی ژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان، وریشە و هەر ژن و پیاوێک هەیە کە بۆ ئازادی تێکۆشان دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
٢٦ی تشرینی دووەم حورا نیکبەخت کە لە زیندانی ئێڤین زیندانی کراوە، لە نامەیەکدا وێڕای ستایشی بەرخۆدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، دەڵێت: با ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵێت، دوو ژنی کوردی سوننە داواکارییەکانیان بۆ کوێ ببەن؟".
حورا نیکبەخت لە نامەکەیدا بە ئاماژەدان بە پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی نووسیویەتی: مەتەڵە ئاڵۆزەکەی ژیانم ئەو پارچە ژیانەی ئێڤینی کەم بوو، دەبوو بەهاتمایە ئێرە و جوانی و شکۆمەندی ئەم ژنە گەورانەم ببینیایە، دەبوو بێم بزانم تێکۆشان زۆر لەوە فراوانترە کە من خەیاڵم پێدەکرد. دەبوو بێم و لە تەنیشت ئەم ژنانە بوەستم و لە حەوشەی ئێڤین هاوارم بکردایە، "بەندی ژنانی ئێڤین: بە یەک دەنگ و ڕێککەوتن، تا سزای لەسێدارەدان هەڵدەوەشێتەوە، تا کۆتایی دەوەستین". ژنانێک لە هیچ شتێک ناترسن و بە بێدەنگی لە زینداندا دانانیشن.
دەقی تەواوی نامەکە بەم شێوەیە:
لە کۆتایی جادەی باکووری "یادگار ئیمام"ی، زیندانی ئێڤینەوە دەنووسم؛ لە بەسەرهاتەکانی یادگارییەکانی خومەینی و زیندانیانی بەندی ژنانی ئێڤین.
ساڵی پار دوای ئەوەی چوونە لای پزیشک و دەستنیشانکردنی ئەو نیشانانەی کە ئاماژەیان بە هیچ کێشەیەکی جەستەیی دیاریکراو نەبوو، سەفەر و بیابان و یۆگا و هاوڕێیەتی لەگەڵ کەسانی دڵخۆشم بۆ نووسرا. دکتۆر پێی وابوو ئەمانە هەست بە باشتر بوونم دەکەن. ئێستا من لێرەم. لەو شوێنانەی کە هیچیان لەبەردەستدا نین. بەڵام من لەگەڵ ژنانی شۆڕشگێڕ و خۆڕاگر و هیواداری ئێڤینم.
ئێرە یۆتۆپیا نییە، بەڵام ئەو شارە وێرانەش نییە کە هەندێک وێنایان کردووە. نیشاندانی وەک شارێکی وێران، وەرگرتنی ئیمتیازە لە حکومەتی فاشیست و هیچی تر.
ئەگەر بمەوێت ناوی ئەم ژنە خۆڕاگرانە بهێنم، بێ زیادەڕەوی لە ڕیزەکانی یەکەمدا ناوی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەهێنم؛ دوو ژن کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە (کوشتنی حکومەتی).
بۆ یەکەمجار لە حەوشەی ژوورەکەمان پەخشان عەزیزیم بینی. نەک بەهۆی ئەو قژەی کە بەهۆی بارودۆخی ترسناکەوە سپی بووەتەوە، بەڵکو بە پشتبەستن بە پێگەیشتن و ئارامییە ناوازەکەی، وامدەزانی ساڵانێک لە من گەورەترە. لە وەڵامی پرسیاری "تۆمەتەکەت چییە؟" بە زەردەخەنەیەکی تاڵەوە وتی "ژن بوون و کورد بوون".
تا ئەو ڕۆژەی کە هەواڵی سزای لەسێدارەدانەکەی گەیشتە زیندان، هێشتا خەیاڵم دەکرد کە تەمەنی زۆر گەورەترە و سەیرە هێشتا هەست دەکەم ڕووبەڕووی ژنێک دەبینەوە کە دوو ئەوەندەی من ژیاوە.
دەبێت زۆر گەورە بیت بۆ ئەوەی نەهێڵیت قسە بکەن تەنانەت لە پشتی کەسێکەوە کە گرنگی بە ژیانت نادات. دەبێت زۆر گەورە بیت بۆ ئەوەی گرنگی بە هەموو کەسێک بدەیت، لەکاتێکدا لەژێر سزای لەسێدارەدایت و بۆ ساتێک لەبیرت نەچێت کە تۆ یارمەتیدەری. دەبێت چەند گەورە بیت پێداگری لەسەر هاوزیندانەکانت بکەیت کە ناوت نەهێنن لە دروشمەکانی "نا بۆ لەسێدارەدان" و کاتێک بۆت دەرکەوت کەسێک دەیەوێت لەسەرت بنووسێت، چەند جارێک دووبارەی بکەیتەوە بۆ ئەوەی باسی سزادراوانی تری سزای لەسێدارەدان لەبیر نەکەن.
پەخشان بە قووڵی پێی وایە تەنها جەستەی ئەو زیندانییە و بیرکردنەوە و هەستەکانی بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازادە. ژنێک کە لە منداڵییەوە ڕووبەڕووی جیابوونەوە و هاوڵاتی نەبوون و ڕەگەزی دووەم بووەتەوە و لە ساڵی ٢٠٠٨دا بە هەمان تۆمەت دەستگیر کراوە. پەخشان بە چۆنیەتی زیندانیکردنی نیشانیدا کە لە مردن ناترسێت؛ لە ژیانێکی بێ کەرامەت دەترسێت و هەمیشە لە پێناو ژیانێکی ئازاد و شەرەفمەندانە تێکۆشانی کردووە. ڕاگەیاندنی سزای لەسێدارەدان ڕێڕەوی ژیانی ڕۆژانەی نەگۆڕی؛ هیچ شتێک لە خۆراک و خۆڕازاندنەوە و وەرزشکردن و خشتەی خوێندنەکەیدا نەگۆڕاوە.
ژنێک کە چەند مانگێکە لە ژووری تاکەکەسیدایە، بەبێ پەرتووک، بێ بەرکەوتن و چاوپێکەوتن، بڕێکی زۆر خواردن بۆ ژەمی ئێوارەی "هەڵمەتی سێشەممەی نا بۆ سێدارە" دروست دەکات.
ئەوەی پەخشان لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ داعشدا ئەزموونی کردووە، بۆ زۆر کەس شتێکە تەنانەت خەیاڵ ناکرێت. ژنێک کە مەحکومە بە یارمەتیدان و ئەنجامدانی ئەرکەکان لە دەرەوەی سنوورەکان، کە تەنانەت شانازیشی پێوە نەکردووە.
بۆ یەکەمجار وریشە، کە لەسەر داوای خۆی پێی دەڵێین جوانا، لە کۆریدۆری بەنددا بینی. ئارامی لە قسەکردندا، ڕوخساری هەمیشە ڕێک و پێک و هاوئاهەنگی نێوان ڕەنگەکانی ناو جلوبەرگەکەی و تۆقە بچووکەکانی سەر قژی هەمیشە سەرنج ڕادەکێشن و بۆ عەقڵێک کە بە کلیشە ڕاهاتووە ژنێک دروست دەکات کە وەک دەڵێن ئاو لە دڵی نەلەرزیوە.
دانیشتن و هەستانەوەی زیاتر لەگەڵیدا، بەبێ ئەوەی بە وردی بزانیت چی بە سەریدا هاتووە، ئەم خەیاڵە خامە هێندەی تر خام دەکات. ئەو حەزی لە نووسین و هەڵەچنییە، حەزدەکات بە شێوەیەکی تەواو بە زمانی فارسی کە زمانی دووەمی خۆیەتی بە بێ هەڵە بنووسێت؛ بەردەوام داوا دەکات و کتێب دەخوێنێتەوە؛ بە وریاییەوە و بە سەبرەوە گوڵ بۆ لەچکەکان دروست دەکات. تەنانەت لە کاتی مانگرتن لە خواردنی ٢٠ ڕۆژەدا هیچ نیشانەیەکی ناخۆشی لە قسەکردن و ڕەفتارەکانیدا نەبووە ؛ تەنیا ڕووخسار و جەستەی کە بە توندی لاواز بووە، بارودۆخی دەردەخست.
دەبێت بزانیت بۆچی و چۆن لێرەدایە. فرمێسکەکانی کە لە کاتی وەسفکردنی لێپرسینەوە و لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەردا ڕژاون، خەیاڵی خامت دەسووتێنن و دەیکەن بە خۆڵەمێش.
ئەوەی کە دوای ئەو هەموو ساڵە هەمان لێپرسینەوەی فەرزاد، لێپرسینەوەی لەگەڵدا کردووە، زەردەخەنەیەکی سەربەرزانە دەخاتە سەر ڕووخساری، وریشە کە تەمەنی نزیکەی ٣٩ ساڵە، پێی وایە تێکۆشان شتێک نییە لە شوێنێکەوە دەست پێبکات و لە شوێنێک کۆتایی پێبێت؛ ژیان پڕە لە تێکۆشان، تێکۆشان ئەوە نییە چەک هەڵبگریت و لەبەردەم کەسێکدا بوەستیت، تێکۆشان بەرەنگاربوونەوەی بازنەی خاڵی ژیانە.
کاتێک وریشە باسی ئەو ڕۆژانە دەکات کە لە ڕۆژئاوا و کۆبانێ بەسەری بردووە، لە دڵی خۆتدا بیر لەوە دەکەیتەوە کە ئەگەر چالاکی بۆ مافەکانی ژنان ئەو کارە بێت کە ئەو کردوویەتی، ئەوا نازناوی چالاکوانی مافی ژنان بۆ زۆر کەسی تر نازناوێکی خەیاڵییە.
لای ئەو ڕۆژئاوا خاڵی وەرچەرخانە بۆ تێگەیشتن لە ژن بوون و برینداربوون لەو ناوچەیەدا شەرەفە بۆ ئەو. هێشتا دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک لەسەر ژن بوون بزانێت و تێکۆشان بۆ شۆڕشێکی دەروونی بکات. هێشتا درزێکی لە جەستەیدا هەیە و سەرەڕای بێزاری لەو بارەیەوە، دەیەوێت وەک یادگاری لە کۆبانێیەوە بیهێڵێتەوە.
وریشە بە ڕوونی دەڵێت: تا کۆتایی هەر چەوساندنەوەیەک لە دژی ژنان، لە کوردستانەوە تا بەلوچستان و لە ئێرانەوە تا ئەفغانستان، تا ئەو کاتەی ئایدیالی "ژن، ژیان، ئازادی" بەدی دێت، بەردەوام دەبم لە تێکۆشان کردن.
وریشە بە ئاماژەدان بە ژن بوون و کوردبوون و بەدوای ژیانێکی ئازاددا بە "یاخیبوون" تۆمەتبار کراوە. وریشە سزا دەدرێت چونکە شێوازێکی ژیانی هەڵبژاردووە کە باوەڕی بە سنوورە سیاسییە نەگۆڕەکانی تاک زمانەوانی و تاک کولتووری و تاک ئایینی و شیکاری ڕاستەوخۆی مێژوو نییە و پشت بەخۆی دەبەستێت.
مەتەڵە ئاڵۆزەکەی ژیانم ئەو پارچە ژیانەی لە ئێڤینی کەم بوو، دەبوو بهاتمایە ئێرە و جوانی و شکۆمەندی ئەم ژنە گەورانە ببینم. دەبوو بێم بزانم تێکۆشان زۆر لەوە فراوانترە کە من خەیاڵم پێدەکرد. دەبوو بێم و لە تەنیشت ئەم ژنانە بوەستامایە و لە حەوشەی ئێڤین هاوارم بکردایە، "بەندی ژنانی ئێڤین: بە یەک دەنگ و ڕێککەوتن، تا سزای لەسێدارەدان هەڵدەوەشێتەوە، تا کۆتایی دەوەستین". ژنانێک لە هیچ شتێک ناترسن و بە بێدەنگی لە زینداندا دانانیشن.
مەتەڵەکەی ژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە پارچەی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان، وریشە و هەر ژن و پیاوێک هەیە کە بۆ ئازادی تێکۆشان دەکەن، پەخشان و وریشەگەلێکی ئازادی دەوێت، هەروەها پێویستی بە "ژن، ژیان، ئازادی" هەیە.
با ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵێت:
دوو ژنی کورد کە لە ناوچە سوننەکان گەورە بوون، داواکارییەکانیان بۆ کوێ ببەن؟ "سکاڵای نەمانی دەنکە گەنمەکان لە کێ دەکەیت، کە قازی خۆی مریشکە"
تا ئەو ڕادەیەی پیاوانی ناو ناوەند بە بەڵگەنامەی لەدایکبوون لەسەر بنەمای ئایینی باڵادەست لە حوکمدان دەمێننەوە.
ئەو ژنانەی کە زۆر بچووکن بۆ دەسەڵاتی ناوەندی؛ بەڵام بۆ دەرکردنی سزاکان گەورەترین و قورسترینن.
ئەو ژنانەی کە ئەرکیان بەستنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"بەیەکەوە.
ئەی ژن لەگەڵت ناژین
یان بە ئازادی دەژیم
حورا نیکبەخت
تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
بەندی ژنانی ئێڤین