دووەمین کۆنفرانسی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەچوو

دووەمین کۆنفرانسی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەژێر دروشمی 'زانستی ژنان لە ڕێگەی ژنۆلۆژییەوە نوێ دەبێتەوە' بەڕێوەچوو. کۆنفرانسەکە کە بە شیعری هەزاران ساڵەی ئیشتار دەستی پێکرد و ماوەی دوو ڕۆژی خایاند، بە دروشمی ''ژن، ژیان،ئازادی" کۆتایی ها

حەسەکە- دووەمین کۆنفرانسی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە دروشمی "زانستی ژن بە ڕێگای ژنۆلۆژی نوێ دەبێتەوە" لە نێوان ٢٥-٢٦ی ئەیلوول لە هۆڵی سەردەم لە شاری حەسەکە بەڕێوەچوو. لە کۆنفرانسەکەدا کە ٣٠٠ نوێنەر ئامادەی بوون، باس لە بناغە و شێوازەکانی زانستی ژنان کرا.

 

کۆنفرانسەکە ماوەی سێ مانگە ئامادەکاری بۆ دەکرێت، بە گفتوگۆی هاوبەش لەسەر "ئەرکە هزرییەکان لە بنیادنانی سیستەمی ئەکادیمیادا"، "میتۆدۆلۆژیای ژنۆلۆژی"، "ڕۆڵی ژنۆلۆژی لە بنیادنانی شۆڕشی ژنان" "ڕێباز و ئامانجەکانی ژنۆلۆژی"، بابەتەکانی "لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گەردوونی بوون و فراوانکردنی ژنۆلۆژی" پێناسە کران. گروپی کار بۆ هەر یەکێک لە پێنج بابەتەکە پێکهێنران و ئەم گروپانە توێژینەوە و ڕاپرسی و وۆرک شۆپیان ئەنجامدا.

 

لە هەموو ئەو بوارانەی کە کاری ژنۆلۆژی تێیایدا ئەنجام دەدرێت، هەر گروپێک دەستیان بە پرۆسەی نووسین کردووە بۆ هاوبەشکردنی ئەو زانیاری و بۆچوونانەی کە بەدەستیان هێناوە.

 

لە کۆنفرانسەکەدا ئاستی زانستی ژنۆلۆژی لە چوارچێوەی کۆنفرانسی زانستی و شێوازەکانی زانستی ژن لە گەیاندنی زانین و زانستدا تاوتوێ دەکرا، بە ئامانجی تیشک خستنە سەر ڕوانگەی جوانیناسی مێژوویی و کۆمەڵایەتی ژنان بەڕێوەچوو. بەپێچەوانەی کۆنفرانسە زانستییە پۆزەتیڤیستییە کلاسیکییەکان، ڕەنگ و زمان و داهاتووی نەتەوەی ژن بە زمانی هونەر و کولتوور، بە وتەی 'ژیان زانستە و زانست ژیانە' نیشان دا.

 

"بە هەڵبەستی عشتار کە هەزاران ساڵە هەیە پێشوازی لە ژنان کرا"

کۆنفرانسەکە بە وتنی گۆرانییەکەی عشتار لەلایەن چوار ژن بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە دەستی پێکرد، پاشان وتاری دەستپێکی کۆنفرانسەکە لەلایەن هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک لەیلا قهرەمان پێشکەشکرا و یادی ژنانی پێشەنگی گیانبەختکردووی بەبیر هێنایەوە.

 

"کۆمەڵگەیەکی ئازاد بە شۆڕشێکی عەقلیەتی مومکینە"

لە یەکەم دانیشتنی ڕۆژی یەکەمدا، پرۆفیسۆری بەشی ژنۆلۆژی زانکۆی ڕۆژئاوا ئەڤین ئەحمەد بە ناونیشانی "ئەرکە هزرییەکان لە بنیادنانی سیستەمی ئەکادیمی" بابەتێکی پێشکەشکرد و وتی: لە سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکدا ئەکادیمیاکان چالاکی هزری و پەروەردەیی ئەنجام دەدەن کە خزمەت بە گەشەسەندنی ئازاد و دیموکراتیانەی کۆمەڵگە دەکەن، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئازاد؛ بە شۆڕشی هزری لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی بەها ئەخلاقی و سیاسی و جوانیناسییەکان پێکدێت و بە شۆڕشی کولتووری و هزری و زانستی تەواو دەبێت.

 

"باسی میتۆد لە ژنۆلۆژیدا"

لە دانیشتنی دووەمی ڕێبازی ژنۆلۆژی، عالیا عوسمان، ئەندامی ناوەندی ژنۆلۆژی حەسەکە، بە پێشکەشکردنی بابەتێک لەسەر "ڕێبازی ژنۆلۆژی (میتۆدۆلۆژیا)" بەردەوامی بە کۆنفرانسەکە دا و وتی: میتۆدۆلۆژیا، بە واتایەکی تر میتۆلۆژی، وەک لقێکی زانست لە خۆیەوە دانەمەزراوە، بەڵکو بوارێکی فەلسەفە، لێکۆڵینەوە لە میتۆدی بوارە زانستییە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت. ئەگەر کورتترین و بەرهەمدارترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە ڕاستی وەک میتۆدێک پێناسە بکەین، میتۆدۆلۆژیا کۆی و سیستەمی ئەو هەوڵانەیە.

 

"پەروەردەی ژنان بە پێی پێوەرە ئەخلاقی و سیاسییەکان هۆشیاری دروست دەکەن"

لە ڕۆژی دووەمی کۆنفرانسەکەدا، وتەبێژی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، زەریبان حسێن، لەبارەی "شێواز و ئامانجەکانی پەروەردەکانی ژنۆلۆژی" وتی: دەکرێت پەروەردە لەلایەک وەک زانست لێکبدرێتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە وەک دیسیپلینێک، کە پەیوەندییەکی هاوبەشی لەگەڵ زانستدا هەبێت، باشترین ڕێگا ئەوەیە کە لە مامۆستای یەکەمەوە دەست پێبکەیت کە دایکی سروشت، و بەکارهێنانی ئەزموون و سەرچاوە و پێناسەی جۆراوجۆر بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ئایا پەروەردە زانستە یان نا، لە مێژوودا پەروەردە و زانست دوو دیاردەن کە بەیەکەوە گرێدراون و تەواوکەری یەکترن بۆ بەرهەمهێنانی زانستی نوێی بەدەستهێنراو، واته بۆ پێکهێنانی زانست و میتۆدی زانستی، پەروەردەیەکی بێ زانست زۆر قورسه.

 

"ئێمە زانستی ژنۆلۆژی بە زانستی شۆڕشی ژنان پێناسە دەکەین"

لە بەشێکی دیکەی پانێڵەکاندا، زۆزان محەمەد، مامۆستای بەشی ژنۆلۆژی لە زانکۆی ڕۆژائاوا، لە بارەی "ڕۆڵی ژنۆلۆژی لە بنیادنانی شۆڕشی ژنان"دا وتی: ئێمە ژنۆلۆژی بە زانستی شۆڕشی ژنان پێناسە دەکەین، ژنۆلۆژی زانستێکی کۆمەڵایەتییە کە بنەمای زانستی شۆڕشی ژنان بنیاد دەنێت و خزمەت بە ئامانجەکانی شۆڕشی ژنان دەکات، سەرەتا پێویستە جیاوازی نێوان زانست و شۆڕش، واتە زانست و ئایدۆلۆژیا ڕوون بکەینەوە. لە سەدەی بیست و یەکەمدا شۆڕشێک کە لەسەر بنەمای زانست نەبێت ناتوانێت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات. ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان، کاتێک دەڵێت مەودای نێوان ئایدۆلۆژیا و کۆمەڵناسی کەم بووەتەوە، شیکارییەکی نوێش سەبارەت بە یەکگرتوویی زانست و ئایدۆلۆژیا دەردەبڕێت. بە کورتی ئایدۆلۆژیا ئاماژەیە بۆ ئەو ئایدیاڵە کە دەمانەوێت پێی بژین، کۆمەڵناسیش ئاماژەیە بۆ ئەو واقیعە کە تێیدا دەژین، بەم واتایە، مەودای نێوان ئایدۆلۆژیا و کۆمەڵناسی چەند مانایەکی هەیە".

 

"پێویستمان بە چارەسەرێکی جیهانی هەیە کە ئەزموونی ژنان کۆبکاتەوە''

 

لە کۆتا دانیشتندا، زاهیدە مەمۆ، ئەندامی لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، پێشکەشکردنێکی لەسەر تەوەری "جیهانیکردنی ژنۆلۆژی و فراوانبوونی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"دا وتی: کێشە و تێکۆشانی ئازادی ژنان جیهانی، ناوخۆیی، مێژوویی و ژیانییە، چونکە دەزانین جینۆساید دژی ژنان لە وڵاتێکدا هەڕەشە لە بوون و کەرامەتی هەموو ژنان دەکات، دەستکەوتەکانی خەباتی ئازادیخوازی لە ناوچەیەکدا دەبێتە هۆی خەباتی ئازادیخوازانەی ژنان لە وڵاتانی دیکەی جیهان. ئێمە پێویستمان بە چارەسەرێکی جیهانییە کە ئەزموونی ژنانی ناوچە جیاجیاکان لە بەرامبەر سیستەمی جینۆساید کە مەترسی لەسەر ژیانی ژنان و سروشت و کۆمەڵگەکانی جیهان دروست دەکات، کۆبکاتەوە. لەم ڕووەوە مەعریفە و فەرهەنگی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە، شۆڕشی مێژوویی و هاوچەرخی ژنان و ئازاری قووڵی ستەم لەخۆدەگرێت. دەشڵێت "لەو چوارچێوەیەدا ئەرک و ڕێبازی ژنۆلۆژی بریتییە لە شیکردنەوەی واقیعی ژن، کە سروشتی کۆمەڵگەیە، و کۆکردنەوەی کێشە سیستماتیکییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی".

 

 

"باس لە ئەزموونێکی ١٤ ساڵە لە بواری ژنۆلۆژی کرا"

دوای وتارەکان سینەفزیۆنێکی یەک کاتژمێری پێشکەش کرا کە بوار و توێژینەوەکانی ژنۆلۆژی پیشان دەدات و باس لە ئەزموونی ١٤ ساڵەی زانستی ژنۆلۆژی دەکات، لە ڕۆژئاواوە بۆ باکوور، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باشوور، مەخموور، شەنگال، ئەوروپا، ئەمریکای باشوور، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکۆڵینەوەکانی ژنوار، بیری ژنان، شیفای ژنان، چاپخانەی ژینگە و ئەو پەرتوکانەی کە بڵاوی دەکاتەوە و گۆڤاری ژنۆلۆژی کرا.

 

لە کۆتایدا ئەنجامنامەی کۆنفرانس خوێندرایەوە و بە گۆرانی و ئاهەنگ و هەڵپەڕکی کۆتایی هات.