هەموواری یاسای باری كەسێتی و لێكەوتە نەرێنییەكانی
ماردین عەبدولکەریم - ڕۆژنامەنووس
گۆڕانكاریی لە بڕگە و ماددەكانی یاسای باری كەسێتی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩)ی عیراق، مێینە دەكاتە قوربانی بڕیارە حزبی و سیاسی و تایفی و مەزهەبییەكان لە وڵاتدا.
ئاشكرایە هەمواركردنەوەی یاسا لە ماوەیەكەوە بۆ ماوەیەكی تر، ئامانج لێی گونجاندنێكی ئەرێنییە لەگەڵ ئەو هەلومەرج و پێداویستییانەی بەهۆی پێشكەوتن و گۆڕانكارییە جۆراوجۆرەكانەوە روو لە كۆمەڵگە دەكەن، یان هاوردەی نێو كۆمەڵگە دەكرێن، بەڵام ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەگوزەرێت، هێز و فراكسیۆنە سیاسییە شیعی و سوننەكانن كە ژمارەیەكی بەرچاوی ئەندامەكانیان ژنن، لەڕێی موزایەدەكردن بە مێیینەی ئەم وڵاتەوە، خواستیانە یاسای ژمارە (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩) بە جۆرێك بگۆڕن كە وێنەكە تەواو لای تاكی مەدەنی عیراقی ئاوەژوودەكاتەوە، تا ئەو رادەیەی خۆزگە بە ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوو بخوازن.
لە وڵاتانی پێشكەوتوو، یاسا لە خزمەتی دەستەبەركردنی زۆرترین ماف بۆ هاووڵاتیان هەمواردەكرێت، دەستەبەركردنی ماف بۆ منداڵان و ژنانیش لە دەستپێكی كاری ئەو هەموارەدا دەبن، بەڵام ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق روودەدات، سەبارەت بە هەمواری یاسای باری كەسێتی، وەڵامدانەوەی خواست و ویستی تاك و خێزان و كۆمەڵگە نییە، هێندەی ئەوەی خواست و ویستی زۆرینەیەكی نێو پەرلەمانە بۆ جێكردنەوەی ئیجتیهادە مەزهەبییەكان لە پرۆسەی مارەكردن و تەڵاقدان و حەزانەی منداڵ لەنێوان دایبابێكی لەیەك جیابووەوەدا.
ئەم هەموارە نوێیە، هەرزەكار بە گشتی و مێیینە بە تایبەتی، دەكاتە قوربانی سیاسەتێكی دوورمەودای پیلان بۆداڕێژراو، ئەم هەموارە نوێیە كە لە دوو خول و دوو خوێندنەوەدا نەتوانراوە سەربخرێت، وا ئێستا لەڕێی موزایەدە و رێككەوتن بەرانبەر دەنگی سوننەكان و رازیی بوون بە پەسەندكردنی یاسای لێبوردنی گشتی لەئەگەری تێپەڕندندایە.
لە یاسای باریی كەسێتی ساڵی ( ١٩٥٩)دا هاتووە، مارەكردن لە دادگادا رشدە، بەڵام لە هەمواری نوێدا دایباب بڕیاردەری چارەنووسی منداڵێكی تەمەن (٩) ساڵ بەرەو سەرەوەیە و دەتوانێت لە دەرەوەی دادگا و بەبێ ئامادەبوونی دادوەر، بڕیار لە مارەكردنی بدات و كیژۆڵەكەی بخاتە ژێر لێپرسراوێتی منداڵبوون و دایكایەتی پێشوەختە و پەروەردەی خێزانیش بخاتە ئەستۆی كە بێگومان ئەم پرۆسەیە چەندان لێكەوتەی خراپی دەروونی، تەندروستی، ئاكاریی، ئابووری و سیاسی لێدەكەوێتەوە.
هاوكات مەرجە ئەم دایكە منداڵە لە خێزانەكەیدا بسازێ و دووچاری چارەنووسی تەڵاق نەبێت، ئەگەرنا بێبەزەییانە جگەرگۆشەكەی لە (٧) ساڵیدا لەبەرهەڵدەگیرێت كە پێشتر تا تەمەنی (١٥) ساڵی لای دایك دەمایەوە.
ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دوای (٦٥) ساڵ، یاسایەك هەموار دەكەن كە بە هیچ جۆرێك وەڵامدەرەوەی پێویستی رۆژگار نییە، بگرە تاوانێكە هاوشانی پیاوان، مێیینەی دەسەڵاتداریش تێیدا بەشدارە و بەرانبەر بە مێیینەكانی تری وڵاتەكەی ئەنجامی دەدات و دەیانكاتە كەرەستە و ئامرازی بەدیهێنانی خواستە حزبی و سیاسی و تائیفی و مەزهەبییەكان، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەی لەمڕۆدا باڵادەستن.