پێشانگایەکی شێوەکاری بە بەشداری ژنان لە دیواندەرە کرایەوە
پێشانگایەکی شێوەکاری تایبەت بە کێشانی وێنە بە قەڵەمی ڕەساس بە بەشداری ژنانی هونەرمەند لە دیواندەرە کرایەوە، زوهرا لوتفی، نیگارکێش و مامۆستای هونەر، وتی: بەرهەمەکانی ئەم پێشانگایە بە تەوەری ژن و منداڵ و ئاژەڵ نمایش دەکرێن.
دیواندەرە
پێشانگایەکی شێوەکاری تایبەت بە کێشانی وێنە بە قەڵەمی ڕەساس لە ماڵی هونەرمەندانی دیواندەرە کرایەوە، کە تایبەت بوو بە نمایشکردنی بەرهەمی قوتابیان هانیە شوکری، فەرانک فەرەجی، شایستە فەیزی، ئایدە سەهرابی، شەهلا نووری و ئاریا پۆزشی.
زوهرە لوتفی، یەکێک لە هونەرمەندانی بەشداربووی ئەم پێشانگایە، بۆ نوژنها دوا و وتی: لە منداڵییەوە حەزم لە نیگارکێشان بووە و حەوت ساڵ لەمەوبەر بە شێوەیەکی پیشەیی دەستم بە وێنەکێشان بە ڕەنگی ڕەش کرد، هەروەها ساڵێکە بەم شێوازە وانە بە خوێندکارەکانم دەڵێمەوە، بابەتە سەرەکییەکانی ئەم بەرهەمانە زیاتر ژن و منداڵ و ئاژەڵن و ئێمە گرنگییەکی تایبەت بە نیگارکێشانی پۆرترێت و ئەناتۆمی جەستە دەدەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لە ئەنجامدانی ئەو پێشانگایانە هاندانی ژنانە بۆ هونەر و پاڵنەرە بۆیان؛ چونکە هونەر دەتوانێت پەنجەرەیەکی نوێ بەڕووی ژیاندا بکاتەوە، وتیشی: تا ئێستا هیچ کام لە بەرپرسەکان نەهاتوون بۆ سەردانی پێشانگاکە، هیوادارم بە هۆشیاری فراوانتر، خەڵکی زیاتر هونەرمەندان بناسن و پشتگیری هونەرەکەیان بکەن.