وریشە مورادی لە دەستبەسەری دایە و پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە ڕەت دەکرێتەوە

وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان، زیاتر لە ١١ مانگە لە دۆخێکی نادیاردا دەژی و زیاتر لە مانگێکە بە فەرمانی دادوەری دۆسیەکەی، پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەی و دەستگەیشتن بە پارێزەری لێ قەدەغە کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

 وریشە مورادی ناسراو بە جوانا سنە، چالاکوانی مافی ژنان و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، لە ١ی ئابی ٢٠٢٣ دوای دەستبەسەرکردنی لە نزیک شاری سنە، گوازرایەوە بۆ زیندانی ئەڤین و سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣٥١ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، هێشتا دۆسیەکەی بە نادیاری ماوەتەوە و لە پشکنینی پزیشکی و پەیوەندی و کۆبوونەوە لەگەڵ خێزانەکەی و پارێزەرەکەی بێبەش دەکرێت.

 

وریشە مورادی لە ٦ی ئایاری ئەمساڵەوە بە فەرمانی ئەبوقاسم سەلواتی، بەرپرسی لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران و سەرەڕای بەدواداچوونی کەسوکار و پارێزەرانی سەبارەت بە هۆکار و ماوەی ئەم قەدەغەکردنانە، تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە و هێشتا ڕووبەڕووی ئەم سنووردارکردنانە بووەتەوە.

 

بە پێی زانیارییەکان وریشە مورادی بەدەست چەند نەخۆشییەکەوە دەناڵێنێت لەوانە ئازاری جومگەکان و پشت و بەزەحمەت توانای ڕۆیشتنی هەیە، هەروەها لە دوای دەستگیرکردنیەوە ڕووبەڕووی دابەزینی کێشی توند بووەتەوە، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا دووجار بەهۆی نەخۆشییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کراوە، بەڵام چارەسەری تایبەتمەندی بۆ وەرنەگیراوە و تەنها پزیشکانی نەخۆشخانەکە سنووردار بوون بە پشکنینی.

 

دوو هەفتەی ڕابردوو لە سەروبەندی دووهەمین دانیشتنی دادگایکردنی ئەم چالاکوانە، پاش ئەوەی پارێزەرەکانی بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە چوونە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران، ئاگادار کرانەوە کە مافی دەستڕاگەیشتنیان بەو دۆسیەیە نییە.

 

دوای دەستگیرکردنی وریشە مورادی و گواستنەوەی بۆ بەندی ٢٠٩ی ژنان لە زیندانی ئەڤین، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بە تۆمەتی ئەندامێتی یەکێک لە گروپە نەیارەکانی تاران و یاخیبوونەوە لەلایەن لقی ٥ی لێکۆڵینەوەی دادگای گشتی و شۆڕشگێڕی تارانەوە ڕەوانەی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران کرا، بڕیار بوو یەکەم دانیشتنی دادگا لە ١٣ی ئایاردا بەڕێوەبچێت، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار هەڵوەشایەوە و لە ١٤ی ئایاردا بە فەرمانی دادوەر سەلواتی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بۆ ژووری تاکەکەسی بەشی ٢٠٩ گواسترایەوە بۆ دووبارە لێپرسینەوە.

 

وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، چالاکوانانی مافی ژنان، کە لە زیندانی ئەڤین زیندانی کراون، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ مانیان لە خواردن گرت، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم گواستنەوەیە.