ژنان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەفغانستان هەوڵی خۆ ڕێکخستن دەدەن

پاش ئەوەی ژنانی ئەفغانستان لە هاوکاریی و بەدەمەوەچوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ هیوا بوون، لە ئێستادا هەوڵی دامەزراندنی تۆڕێکی هاوبەش دەدەن، کە لە ڕێیەوە خۆیان ڕێکدەخەن و لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان تێدەکۆشن.

ناوەندی هەواڵ

 

پاش کۆبوونەوەکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ چەکدارانی تاڵیبان، ژنانی ئەفغانستان بەتەواویی لە هاوکارییەکانی ڕۆژئاوا بێ هیوا بوون، هەر بۆیە تۆڕی هاوکارییە ناوخۆییەکانیان فراوانتر کردووە و دەڵێن: شەڕ بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان دەکەین و هەوڵدەدەین یەکتری بپارێزین و ڕووبەڕووی تاڵیبان ببینەوە.

 

ڕێکخراوی بزووتنەوەی شەممە بنەوشەییەکان، دژی فشار و پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی ژنان لەلایەن تاڵیبانەوە، هەفتانە گردبوونەوەی ئاشتیخوازانە ڕێک دەخات، هەروەها هەوڵدەدەن هۆشیاری لەناو کۆمەڵگەدا دەربارەی مافە مەدەنییەکان و بنەما دیموکراسییەکان بڵاوبکەنەوە، جگە لەوەش هەوڵ دەدەن بەردەوامی بە خوێندنی ژنان بدەن، چونکە تاڵیبان لە دوای پۆلی سێیەمی سەرەتاییەوە خوێندنی لە ژنانی گەنج قەدەغەکردووە، بەڵام ئەو ڕێکخراوە لە ڕێگەی تیمێکی ژنانەوە بە شێوەی نهێنیی لە ماڵەکاندا وانەیان پێ دەڵێنەوە.

 

ژنانی ئەفغانستان بە پشتیوانی خۆیان هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانیان دەدەن

ڕێکخراوی بزووتنەوەی شەممە بنەوشەییەکان پشتیوانی دارایی ئەو ژنانە دەکات، کە هاوژینیان نییە و منداڵیان هەیە، هانیان دەدات منداڵەکانیان بنێرنە بەر خوێندن.

 

لە ئێستادا ڕێکخراوە مەدەنییە ناوخۆییەکانی ئەفغانستان دەڵێن، کۆمەڵگە و ژنانی ئەفغانستان تەنهان و جگە لە خۆیان هیچ کەسێک و لایەنێکی دیکە نییە داکۆکییان لێبکات و مافە زەوتکراوەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە، هەر بۆیە هەوڵ دەدەن بە شێوەی گرووپ و تۆڕێکی هاوبەشی سەرتاسەریی دابمەزرێنن و ژنان خۆیان بەرگری لە خۆیان و خێزانەکانیشیان بکەن.