لە ڕۆژانی جەژندا ئازاری خێزانە هەژارەکان لە ئەفغانستان زیاتر دەبێت

نەفیسە کە لەگەڵ منداڵەکانیدا لە هەژاریدا دەژین، دەڵێت: من و منداڵەکانم جەژنمان نییە، بە ئەستەم توانای دابینکردنی خەرجی ڕۆژانەمان هەیە، تەنها ئێمە نین لە هەژاریدا دەژین، زۆرینەی گەلەکەمان بەدەست ئەم هەژارییەوە دەناڵێنێت.

بەهاران لاهیب

 

کابول- جەژن یەکێکە لەو ڕێوڕەسمە ئاینیانەی کە ساڵانە دوو جار لە زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی و لەناو موسڵماناندا بەڕێوەدەچێت، لە وڵاتانی وەک ئەفغانستان، هەر لە کۆنەوە دابونەریت وابووە کە بە خۆشی و شادییەوە پێشوازی لە جەژن بکەن و ئەگەر لە ماوەی ساڵدا هەر ناکۆکی و ململانێیەک لە نێوانیاندا هەبوایە، لە ڕۆژانی جەژندا کۆتاییان پێدەهێنا.

 

جگە لە جەژن گەلی ئەفغانستان یادی نەورۆزیش وەک سەری ساڵی تازە دەکەنەوە، بەڵام لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵی شەڕ و هاتنە ناوەوەی وڵاتانی سەردەست و دروستکردنی حکومەتی ناجەماوەری، ئەم خۆشیانەی خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کاڵ بوونەتەوە، لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا تاڵیبان زیاتر لە ڕۆژانی ٢١ و ٢٢دا، کە نزیک بوو لە جەژن دەستیان بە هێرشە خۆکوژییەکان دەکرد و ڕۆژانە سەدان کەس دەکوژران، بە پێی باوەڕی ئەو کەسانەی خۆکوژییان دەکرد، لەم ڕۆژانی نزیک جەژنەدا دەروازەکانی بەهەشت کراوەیە بۆیان و کلیلی بەهەشتیان پێیە، بۆیە بەپێچەوانەی خۆشییەوە، مرۆڤەکان لەبری ئەوەی دڵخۆش بن، دەگریان و ماتەمینی لەدەستدانی ئازیزانیان دەگێڕا.

 

لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی دەسەڵاتی تاڵیباندا، هەژاری و بێکاری جگە لەو هەلومەرجە خنکێنەرەی کە دروستیان کردووە، پەرەی سەندووە. گەل کێشەی خواردنی مەمرە و مەژی هەیە و جەژن و ئاهەنگگێڕان لەم ڕۆژانەدا ئیتر هیچ واتایەکی بۆیان نەماوە، بەڵام لە پاڵ ئەم خەڵکە هەژارەدا، گروپێک لە فەرمانڕەوای تاڵیبان هەن کە بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لە فەیسبووک، دەیانەوێت خوێ بەسەر برینی خەڵکدا بکەن.

 

خێزانەکە بە برسێتی شەویان ڕۆژ کردووەتەوە

نەفیسە شەمس، دایکی ٦ منداڵە کە هەموویان فرۆشیارن لە بازاڕەکانی کابول، کاتێک چووینە ناو ماڵەکەیانەوە، ڕووبەڕووی کۆشکێکی وێرانە بووینەوە، نەفیسە پێشوازییەکی گەرمی لێکردین و پێی وتین: ئێوە یەکەم کەسن کە ئەمڕۆ سەردانتان کردین، من و منداڵەکانم بە ئەستەم دەتوانین خەرجی ڕۆژانەمان پەیدا بکەین، تەنیا ئێمە لە هەژاریدا نین، زۆرینەی گەلەکەمان بەدەست ئەم هەژارییەوە دەناڵێنێت.

 

ماوەیەک لەمەوبەر لە هێرشێکی خۆکوژیدا لەلایەن ڕژێمی تاڵیبانەوە، هاوسەرەکەی نەفیسە بریندار بوو، ئیتر توانای کارکردنی نەما، بە وتەی نەفیسە، دەبێت منداڵەکانی بنێرێت بۆ کار، وتیشی: دەزانم لە دەرەوەی ماڵ ڕووبەڕووی چ ناڕەحەتییەک دەبنەوە، پێش هاتنی تاڵیبان لە ماڵێکدا کارم دەکرد و هاوژینەکەم دوکانێکی زۆر بچووکی هەبوو، بەڵام دوای ئەوەی بریندار بوو، ژیانی خۆشمان لەدەستدا.

 

نەفیسە گێڕانەوەی بە ئازاری هەبوو کە شەو و ڕۆژەکانیان بە برسێتی بەسەر بردووە، لە ماڵەکەیدا هیچ هەواڵێکی جەژن نەبووە و منداڵەکانی ناچار بوون جارێکی تر بچنە سەر ڕێگاکانی کابول بۆ دۆزینەوەی تیکە نانێک، لە کۆتاییدا وتی: من و منداڵەکانم جەژنمان نییە، کاتێک شوێنی حەوانەوە باشتر و خواردنی زۆر و هەموو ئاسانکارییەکانی ژیانمان هەبێت، ئەوا هەموو ڕۆژێک جەژنە بۆ ئێمە، ئەو مەرجانەش بۆ ئێمە و هەموو خەڵک بەردەست دەبێت لە ئەفغانستان، کاتێک حکومەت بە دەنگی ئێمە بەڕێوە ببات، نەک بە زەبری چەک دەسەڵاتیان بەدەستهێنابێت و هەموو ڕۆژێک بە فیشەکی ئەو چەکە بمانکوژن.