پلاستیک هەڕەشە لە ژینگەی جیهان دەکات

ساڵانە لە جیهاندا نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن تەن پاشماوەی پلاستیکی بەرهەم دێت، کە لە ٪٦٠ی پاشماوەی پلاستیکی لە ژینگە و سروشتدا کۆتاییان دێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەرواری ٥ی حوزەیرانی هەموو ساڵێکدا وڵاتانی جیهان یادی ڕۆژی جیهانی ژینگە دەکەنەوە، ئاهەنگی ئەمساڵیش تیشکی خستە سەر هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە گرنگی پاراستنی ژینگە و هاندانیان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی کەمکردنەوەی پیسبوون بەتایبەتی پیسبوون لە ڕێگەی پلاستیکەوە، کە لە ئێستادا جیهان گیرۆدەی بەکارهێنانی بووە و کاریگەرییە توندەکانی لەسەر ژینگە، کۆمەڵایەتی، ئابووری و تەندروستی جێهێشتووە.

 

یەکەم بەرهەمی پلاستیکی جیهان لە ساڵی ١٩٠٧ بە شێوەیەکی بازرگانی خراوەتە بازاڕەوە، بەڵام بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ تا ساڵی ١٩٥٢ دەستی پێنەکردووە، لەو کاتەوە بەرهەمی ساڵانەی پلاستیک نزیکەی ٢٠٠ هێندە زیادی کردووە و ئەمڕۆ بە جۆرێک بڕی پلاستیک بەرهەم دەهێندرێت لەسەر ئاستی جیهان، کە یەکسانە بە دوو لەسەر سێی کۆی بارستەی مرۆڤ.

 

ساڵانە نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن تەن پاشماوەی پلاستیکی بەرهەم دەهێندرێت

بە پێی ئامارە ژینگەییەکانی جیهان ساڵانە نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن تەن پاشماوەی پلاستیکی بەرهەم دەهێندرێت و لە هەموو خولەکێکدا یەک ملیۆن بوتڵی پلاستیکی لە سەرانسەری جیهان دەکڕدرێت و نزیکەی ٥ ترلیۆن کیسی نایلۆن لە سەرانسەری جیهاندا بەکاردەهێنرێت، هەروەها نزیکەی ٪٣٦ی هەموو ئەو پلاستیکانەی کە بەرهەم دەهێنرێن لە پاکەتکردندا بەکاردەهێنرێن، لەنێویاندا پلاستیکەکانی یەکجار بەکارهێنراو بۆ دەفری خۆراک و خواردنەوە.

 

لە ئێستا ٥.٢٥ ترلیۆن پارچە پلاستیکی گەورە و مایکرۆپلاستیک لە زەریاکاندان

نزیکەی ٪٨٥ی پلاستیکەکان لە زبڵدانەکاندا کۆتایی دێت یان وەک پاشماوەی ڕێکنەخراو دەخرێنە ناو خاک، ڕووبار، تەنانەت دەریا و زەریاکان پیس دەکات، ساڵانە نزیکەی ١١ ملیۆن تەن پاشماوەی پلاستیکی دەڕژێتە ناو زەریاکانەوە، لە ئێستا ٥.٢٥ تریلیۆن پارچە پلاستیکی گەورە و مایکرۆپلاستیک لە زەریاکاندان و  ٤٦ هەزار پارچە لە هەر میل چوارگۆشەیەک لە زەریاکاندا بوونیان هەیە، کە کێشیان دەگاتە ٢٦٩ هەزار تەن، ئەگەر بەکارهێنانی بە هەمان ڕەوتی ئێستا بێت، تا ساڵی ٢٠٤٠ سێ هێندە زیاد دەکات.

 

مرۆڤ لە ڕێگەی هەواوە زیانەکانی پلاستیک هەڵدەمژێت

زۆربەی پلاستیکەکان بە تەواوی نامێنن و دەشکێن بۆ پارچەی بچووکتر، ئەم مایکرۆپلاستیکانە دەتوانن لە ڕێگەی هەڵمژینی هەواوە بچنە ناو جەستەی مرۆڤەوە و لە ئەندامەکاندا کۆببنەوە، گەردیلەی مایکرۆپلاستیک لە سییەکان، جگەر، سپڵ و گورچیلەدا دۆزراوەتەوە و لەم دواییانەدا توێژینەوەیەک بوونی گەردیلەی مایکرۆپلاستیکی لە منداڵدانی تازە لەدایکبوودا ئاشکرا کردووە.

 

پیسبوون کاریگەری لەسەر ئاوی ڕووبار و دەریاکان هەیە، تا دەگاتە زەریاکان، کە سەرچاوەی ژیانن لەسەر زەوی، چونکە زەریاکان ٪٩٧ی ئاوی جیهانیان لەخۆگرتووە،  مرۆڤ پشتی پێ دەبەستێت بۆ ڕێکخستنی کەشوهەوا، بەڵام کاریگەری خراپی پلاستیک گەیشتووە بە سەرچاوە ئاویەکانیش.