لە سەرەتای ساڵەوە ١٥ کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیز خنکاون

کەناڵی ئینگلیز، کە ڕێگای پەڕینەوەی کۆچبەرانە لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا، سەرەڕای کورتی ماوەی نێوانیان بەڵام یەکێکە لە مەترسیدارترین ناوچەکان و لە ماوەی ئەمساڵدا ١٥ کەس لەو کەناڵەدا خنکاون.

ناوەندی هەواڵ

 

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە سەرچاوەی میدیاکانی فەرەنسا بڵاوی کردەوە، کە ڕۆژی ٤ی ئایار دەسەڵاتدارانی فەرەنسا تەرمی پیاوێکی کۆچبەری ٤٠ ساڵانیان لە کەناڵی بۆربۆرگ لە نزیک شاری دانکیرک دۆزیوەتەوە، کە هەوڵی داوە بگاتە بەریتانیا و تا ئێستاش دەسەڵاتداران ناسنامەکەیان ئاشکرا نەکردووە.

 

بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی دەزگای لوتکە کردوویەتی، لەهەمان ئەو ڕۆژەدا دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ٢٢ کۆچبەریان ڕزگارکردوە کە لە ڕێگادا بوون بۆ بەریتانیا، بە پێی ئامارەکانی بەردەستی دەزگای لوتکەش، ژمارەی مردووان لە کەناڵی ئینگلیزی تەنها لەم چەند مانگەی سەرەتای ساڵدا گەیشتووەتە زیاتر لە ١٥ کەس، هەروەها ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە باکووری فەرەنساوە گەشتوونەتە کەناراوەکانی بەریتانیا زیاترە لە ٨ هەزار و ٥٠٠ کۆچبەرە.

 

تەنها ٤٠ کیلۆمەتر مەودای دەریای نێوان باکووری فەرەنسا و بەریتانیا-دۆڤەرە، بەڵام یەکێکە لە مەترسیدارترین ڕێگاکانی کۆچکردن لەبەر چەند هۆکارێک، دیارترینیان جوڵەی چالاکانەی کەشتیوانی و دابەزینی پلەی گەرمی ئاو و ڕەوتی بەهێزی ئاوە، جگە لە بەکارهێنانی بەلەمی خراپ بۆ پەڕینەوە، کۆچبەرانی دیکە لەو سەفەرەدا گیانیان لەدەستدا، کە دواهەمینیان پێنج کۆچبەر بوون، لە کەناراوەکانی ویمێر لە ٢٣ی نیساندا، کە دووکچی کوورد تێدا بوو، یەکێکیان تەمەنی نزیکەی ٧ ساڵ و ئەوەی دیکەیان ٢٤ ساڵ بوو.

 

سەرەڕای دەرکردنی یاسایەکی "مشتومڕاوی" کە ڕێگە بە ناردنی زۆرەملێی ئەو کۆچبەرانە دەدات کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەگەنە بەریتانیا بۆ ڕواندا، هەروەها حکومەتی بەریتانیا نیازی خۆی بۆ دیپۆرتکردنەوەی ٥ هەزار و ٧٠٠ کۆچبەر ڕاگەیاند، کۆچبەران بەردەوامن لە پەڕینەوە لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا.