تینە عادل: بەشداری نەورۆز بکەن و پەیامی گەشی ئاگری کوردان بدەن بە داگیرکار
نەورۆزی ٢٧٢٤ی کوردی وەکو هەموو ساڵێک لە قەندیل بە ئاهەنگ و فێستیڤاڵ بەڕێوەدەچێت، ئەندامێکی کۆمیتەی ئامادەکاری ئاهەنگی نەورۆز باس لە ئامادەکارییەکان دەکات و دەڵێت: ئەرکی ئێمەیە لە هەر دۆخێکدا بێت نەورۆز پیرۆز بکەین.
تەوار پێنجوێنی
سلێمانی- نەورۆز جەژنی نەتەوەیی گەلی کوردە و سەدان ساڵە لە سەری ساڵی کوردیدا بە ئاهەنگ و کردنەوەی ئاگر پیرۆز دەکرێت، ئەمساڵ نەورۆز بۆ گەلی کورد پەیامی جیاوازتری هەیە، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دژی دەسەڵات و سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی ئێران لە گوند و شار و شارۆچکەکانی بە جلوبەرگ و گۆرانی کوردی و ئاگر کردنەوە سەری ساڵ و جەژنی مێژووی نەتەوەی کورد پیرۆز دەکەن، ئەمەش سەرەڕای ڕێگرییەکانی ڕژێمی ئێران بە بەشداری هەزاران کەس بەڕێوەدەچێت.
لە باکووری کوردستانیش بە هۆی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیاوە چەندین ساڵ بوو نەورۆز پیرۆز نەدەکرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەورۆز بە دۆزی کورد و سیاسەتی هەبوونیەوە گرێدراوە، گەلی کورد لە باکووری کوردستانیش دوای زیندوو بوونەوەیان لەناو خۆڵەمێشەوە، ئاگری نەورۆز دەکەنەوە و بە هەزاران کەس لە مەراسیم و ئاهەنگەکاندا بەشداری دەکەن، ئەمساڵیش لە زیاتر لە ٦٠ ناوچە ئاهەنگی نەورۆز دەکرێتەوە و پەیامی خۆراگری و بەردەوامیدان بە تێکۆشانی کورد دەدرێت، ئاهەنگی گەورەی کۆتاییش لە ئامەدی باکووری کوردستان لە ٢١ی ئاداردا بەڕێوە دەچێت.
باشووری کوردستان ئاگری نەورۆزی نەکوژاندووەتەوە، سەدان ساڵە ئاگرەکەی هەر بە گەشی ماوەتەوە و ساڵانە لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئاداردا بە چالاکی و ئاهەنگگێڕان و جلوبەرگی کوردی سەری ساڵی کوردی لە شار و شارۆچکەکان پیرۆز دەکرێت و خەڵک دەچنە سەیران و خۆشی دەگێڕن و پیرۆزبایی ساڵی نوێ دەکەن.
قەندیلیش بۆ کوردان واری بەرخۆدان بووە، لە دێر زەمانەوە تێکۆشانی گەلی کورد لە زنجیرە چیاکانی قەندیلدا مۆری هەبوون و بەرخۆدانی لە مێژوو داوە، کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە قەندیل لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا، سەرەڕای هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیا پەیامی بەرەنگاری بووە بۆ دوژمنان، کە هیچ شتێک ئاگری نەورۆز و هێز و هەبوونی گەل لەناو نابات و لەوپەڕی هێرش و هەڕەشەدا گەلی کورد بە بەشداری کوردانی چوارپارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش ئاگر لە قەندیل دەکەنەوە.
بۆ ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو لە قەندیل بە فێستیڤاڵ و چالاکی جۆراوجۆر نەورۆز، سەری ساڵی کوردی ٢٧٢٤ی کوردی، پیرۆز دەکرێت و بانگەوازی بۆ بەشداریکردن لە نەورۆزی قەندیل دەکرێت.
"لە قەندیل بەربانگ دەکەینەوە و فێستیڤاڵ ئامادەیە"
تینە عادل، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆزی قەندیل، باسی لەوەکرد نەورۆزی ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو لە قەندیل ئاگر دەکرێتەوە و فێستیڤاڵ بەڕێوە دەچێت، وتیشی: ماوەی مانگێکە ئامادەکاری بۆ نەورۆزی ئەمساڵ دەکرێت تا بە جۆش و خرۆشەوە نەورۆز پیرۆز بکەین.
ئەو کەسانەی لە نەورۆزی قەندیل بەشداری دەکەن، بەشێوەیەکی بەرچاو لە ٢٠ی ئادار ڕوو لە بناری قەندیل دەکەن و شەو بە چالاکی و هەڵپەڕکێ و کردنەوەی ئاگر و کۆبوونەوە بەڕێدەکەن، بۆ ئەمساڵ کە نەورۆز دەکەوێتە مانگی ڕەمەزانەوە تینە عادل باسی لەوەکرد، "لە ڕۆژی ٢٠ی مانگ هەمووان لە قەندیل پێکەوە بەربانگ دەکەینەوە، شەوەکەی فێستیڤاڵێک بە بەشداری چەند هونەرمەندێک بەڕێوە دەچێت".
"ئاگری نەورۆزی ئێمە هەرگیز دانامرکێتەوە"
٢١ی ئادار، سەری ساڵی ٢٧٢٤ی کوردییە، لە قەندیل ئاهەنگ ساز دەکرێت، لەو بارەیەوە تینە عادل وتی: ٢١ی ئادار ئاهەنگی گەورە بەڕێوەدەچێت، کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ دەستپێدەکات و هەریەک لە هونەرمەندان، فرمێسک حافز، مستەفا دادار، میدیا حسێن و جاسمی ساز بەشداری ئاهەنگەکە دەکەن، هەروەها گروپی میوزیکی چیای شەنگال، کۆما وارگە، گروپی نسار و ڕۆژ و چەندین سوپرایزی دیکەش ئامادەیە.
تینە عادل بانگەوازی لە بەشداربوون لە نەورۆزی قەندیل دەکات و دەڵێت: نەورۆزی جەژنی نەتەوەیی گەلی کوردە و ئەرکی ئێمەیە لە هەر دۆخێکدا بێت نەورۆز پیرۆز بکەین، بانگەوازیم بۆ هەمووان ئەوەیە، بێن و بەشداری نەورۆزی قەندیل بکەن و پێکەوە ئاگری کوردان گەشتر بکەین و ئەو پەیامە بە داگیر بدەین کە ئاگری نەورۆزی ئێمە هەرگیز دانامرکێتەوە.