نەورۆز لە ناوچەی "چەمی مەجیدخان" لە میاندووئاو پیرۆز کرا

سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت بۆ دروستکردنی دووبەرەکی و ناکۆکی لە نێوان تورک و کورد و ڕێگریکردن لە مەراسیمە نەریتییەکان، ئاهەنگی نەورۆز لە میاندووئاو بە شکۆمەندی تایبەتەوە بەڕێوەچوو.

یارا گەوهەری

 

میاندوئاو- نەورۆز یەکێکە لە فێستیڤاڵە گرنگ و نەریتییەکانی ناو گەلی کورد، لەم ڕۆژانەدا خێزانەکان کۆدەبنەوە و سەردانی یەکتر دەکەن، لە هەندێک ناوچەدا خەڵک بە ئامادەبوون لە گۆڕەپانەکان و شوێنە گشتییەکان سەما دەکەن و ئاهەنگ دەگێڕن، هەروەها لە هەندێک شار و گوند بە نمایش و چالاکی ڕۆشنبیری ڕۆژەکە پیرۆز دەکرێت.

 

نەورۆز لە کولتووری کوردیدا تایبەتمەندی خۆی هەیە و پەیوەستە بە ئازادی نەتەوەیی و مێژووییەوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانە ئەم ڕۆژە بە چالاکی و ئاگر کردنەوە و هەڵپەڕکێ پیرۆز دەکرێت، ڕژێمی ئێران هەمیشە ترسی لە ڕۆژانی ئاهەنگگێڕانی نەورۆز هەبووە، ساڵانەش زۆر کەس بانگهێشتی ئیتلاعات و دەستگیر دەکرێن و هەڕەشەیان لێدەکرێت، هەوڵیش دەدات ڕێگری لە بەڕێوەچوونی مەراسیمەکان بکرێت.

 

بەڵام ئەمساڵ خەڵک لە هەموو گوند و گۆڕەپانێکدا کۆدەبوونەوە و بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و هەڵپەرکێ جەژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد، ژەڵپەڕکێی کوردی یان هەڵپەرین هێمای یەکڕیزی و یەکسانی ژن و پیاوە، کە لە نەورۆزدا دەبینرێت. کورد لەم دەیان ساڵەی دواییدا تووشی جۆرەها شێوەی ئاسمیلەکردن و داگیرکردنی کولتووری و هەڵاواردن و سانسۆر بووەتەوە، ئەدەب و زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا ناخوێندرێت، بەڵام دیسانەوە بە خۆڕاگری و وەستانەوەی گەلی کورد، مەراسیمی نەورۆز بەڕێوەدەچێت بە شێوەیەکی شایستە، پەیامەکەشیان ئەوەیە کە ڕەگ و ڕیشەیان لەم خاکەدا هەیە و کولتوور و هونەری کوردی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازنەوە.

 

میاندووئاو سەرەڕای بوونی گەلانی دیکە نەورۆز پیرۆز کرا

میاندووئاو یەکێکە لەو شارانەی کە سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت بۆ ئاسمیلەکردنی و هەڵاواردنی نێوان گەلان، بە شکۆمەندییەکی تایبەتەوە ئاهەنگی نەورۆزیان گێڕا.

 

لەیلا م.، چالاکێکی مەدەنی دانیشتووی شاری میاندووئاو سەبارەت بەم مەراسیمە دەڵێت: مەراسیمی نەورۆز لە چەمی مەجیدخان زۆر بە شکۆمەندانە بەڕێوەچوو و ئەم ئاهەنگە لە زۆربەی شوێن و گوندەکان بەڕێوەچوو، ئێمە هەموو ساڵێک دێینە ئەم مەراسیمە و جلوبەرگی کوردی لەبەر دەکەین، ئێمە دەمانەوێت زیاتر پەرە بە کولتوور و زمانی کوردی بدەین، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا منداڵەکانمان لە کولتووری نەتەوەکەی خۆیان نامۆ نەبن، چونکە کولتوور لە ڕێگەی دایکانەوە دەگوازرێتەوە و منداڵەکانمان لە قوتابخانەوە بە هیچ شێوەیەک فێری مێژوو و کولتوور ناکرێن.

 

حکومەت هەمیشە هەوڵی داوە دووبەرەکی لەو شارانە دروست بکات کە کورد و تورک تێیدا دەژین تا بتوانێت لەوێ دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت، بەڵام کورد و تورک و نەتەوەکانی تر پێکەوە لە بۆنەکاندا ئاهەنگ دەگێڕن و ڕێز لە بیروباوەڕی یەکتر دەگرن.