٣٢٠ ئاوارەی ئێزدی گەڕانەوە شەنگال

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ ٣٢٠ ئاوارەی ئێزدییان لە كامپی كبارتۆ لە پارێزگای دهۆكەوە گەڕانەوە بۆ زێدى خۆیان لە شنگال و دەوروبەری.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە بارەی گەڕاندنەوەى ژمارەیەک ئاوارەى ئێزدی بۆ ناوچەكانی خۆیان ئاماژەی بەوەکرد، بەردەوامین لە پرۆسەی گواستنەوەی ئاوارەکانى ناو کامپەکانى هەرێم بۆ زێدی خۆیان و لەوچوارچێوەشدا ئەمڕۆ ١٣ی ئادار، بە هاوكاری ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ و ئیدارە ناوخۆییەكان لە پارێزگاكانی دهۆك و نەینەوا، ٣٢٠ ئاوارەی ئێزدی لە كامپی كبارتۆی دهۆكەوە گەڕانەوە بۆ زێدى خۆیان لە شنگال و دەوروبەری.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە بۆ زێدى خۆیان لە شنگال یارمەتی دارایی و فریاگوزاری و پێداویستی ناوماڵیان پێ دەدرێت، هەروەها وەزارەتەکە بەردەوام دەبێت لە كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئاوارەكان و داخستنی تەواوی دۆسیەی ئاوارەكان تا ٣٠ی تەمووزی ئەمساڵ.

 

پیشتر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، گەڕانەوەی ئاوارەکان لەسەر خواستی خۆیانە و ژمارەی ئەو كەسانەی ئارەزووی گەڕانەوەی خۆبەخشانە دەكەن، زیاد بووە.