له‌ ڕۆژی جیهانی ژناندا هاوكاری دارایی ژنانی خاوەنکار کرا

قایمقامی هەڵەبجە لە چوارچێوەی ٨ی ئاداردا، هاوکاری دارایی ژنانی خاوەنکاری کرد.

هەڵەبجە

 

دوێنی لە شاری هەڵەبجە، نوخشه‌ ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە، هاوکاری دارایی پێنج ژنی خاوەنکاری کرد و پیرۆزبایی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنانی لێ پیرۆز کردن.

 

نوخشە ناسیح لەبارەی هاوکاریکردنی ژنانەوە وتی: جیاواز له‌ ساڵانی ڕابردوو بیرۆكه‌كه‌مان گۆڕی بۆ ئەوەی بتوانین هاوكاری ژنانی خاوەنکار بكه‌ین، ئه‌و ژنانه‌ی سه‌رچاوه‌ی دارایی سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه، بۆیە پێنج ژنمان هه‌ڵبژارد، پێوه‌ره‌كانمان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی خه‌ڵاتیان پێ بده‌ین، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانن له ‌ساڵانی داهاتوو کارەکەیان بەرفراوانتر بکەن و هه‌لی كار بۆ ژنان و گه‌نجان بڕە‌خسێنێت، هەروەها توانیمان چه‌پكه‌ گوڵی ڕێز و خۆشه‌ویستی و هاوكاری دارایی بگه‌یه‌نین و به‌ڵێن ده‌ده‌ین له‌ ڕێگه‌ی حكومه‌ت و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نییەوە دەستی هاوکاری بۆ ژنان ڕابکێشن و بتوانن خزمەت بە ژنان بگەیەنن.

 

خەڵاتەکانی نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە بخشرایە هەریەک لە، هێرۆ محەمەد، خاوه‌نی دوكانی مریشك فرۆشی، شنیار یادگار و حوسنا مەحمود، خاوه‌نی كارگه‌ی دووباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی ماددە‌ی پلاستیكی، تارا محەمەد خاوهن‌ باله‌ی ئه‌وروپی مینا، شیلان محەمەد، خاوه‌نی خوارده‌مه‌نی و شیرینی شاژن، ساكار محەمەد، خاوه‌نی به‌یبون سویت، كه‌ سه‌رجه‌میان توانیویانه‌ كار له‌سه‌ر ژنان بكه‌ن و هه‌لی كاریان بۆ بره‌خسێنن.