خوێندکارانی بەشی ژنۆلۆژی کار بۆ ئازادکردنی ژنان و کۆمەڵگە دەکەن

لە سەرەتای شۆڕشی ١٩ی تەمموزەوە ژنان لە هەموو بوارەکاندا خۆیان سەلماندووە، بە پشتبەستن بە بیری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەستیان کرد بە دۆزینەوەی ڕاستی خۆیان لەسەر بنەمای زانستی ژن-ژنۆلۆژی.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- خوێندکارانی بەشی ژنۆلۆژی لە زانکۆی ڕۆژئاوا لە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، جەخت لەسەر بەردەوامی خەبات و بەرخۆدان بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە سنووردارکردنی دابونەریتە بەسەرچووەکان دەکەنەوە.

 

"ژنۆلۆژی لە ڕۆژئاوا تەشەنەی سەند و بە جیهاندا بڵاوبووەوە"

خوێندکارانی بەشی ژنۆلۆژی لە زانکۆی ڕۆژئاوا بە چالاکی جۆراوجۆر پێشوازی لە ڕۆژی جیهانی ژنان، ٨ی ئادار دەکەن، ئایا جومعە سەبارەت بە ڕۆڵی ژنۆلۆژی لە پەرەپێدانی ڕۆڵی ژنان وتی: لە پێناو گۆڕینی بیرکردنەوەی کۆمەڵگە سەبارەت بە ژنان و ڕاستکردنەوەی، پێویست بوو زانستی ژنۆلۆژی بخوێنینەوە و باشتر لێی قوڵ ببینەوە، بۆ ئەوەی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان لەسەر بنەمای بیر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پەرە پێبدەین، کە ئایدۆلۆژیایەکی ئازادی لەسەر بنەمای ئازادی ژنان پێشکەشی ئێمە کرد، زانستی ژن لە ڕۆژئاوادا کاری پێکرا و دواتر لە سایەی شۆڕشی ڕۆژئاوا و قوربانیدانی ژنان گەیشتە هەموو جیهان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوە ئەرکی خوێندکارانی بەشی ژنۆلۆژییە کە سەرەتا خۆیان پەرەپێبدەن و دواتر کۆمەڵگە، بە مەبەستی بنیادنانی نەوەگەلێک کە دان بە ڕۆڵ و مافەکانی ژنان و پێکەوەژیاندا بنێن، ئێمە هەوڵی ڕزگارکردنی ژنان لە چنگی دابونەریتە بەسەرچووەکان کە مافە ڕەواکانیان لێ زەوت دەکات، دەدەین.

 

ئایا جومعە ئەوەشی خستەڕوو، "لە سایەی شۆڕشی ڕۆژئاوا، ژنان دەستکەوتی زۆریان بەدەست هێنا کە پاڵنەریان بێت تا پەرە بە خۆیان بدەن، دیارترین دەستکەوتەکانی شۆڕش شانازی و قسەکردن و خوێندنە بە زمانی دایکی، ئەمەش ڕێگەی بۆ زۆرێک لە کچان کردەوە کە زانستی ژنان بخوێنن بە زمانی دایکی خۆیان.

 

"دۆخی ژنان بەراورد بە پێش شۆڕش گۆڕاوە"

ڕۆز شارۆ پیرۆزبایی ٨ی ئاداری لە هەموو ژنانی جیهان کرد و وتی: ژن تەنها نیوەی کۆمەڵگە پێکناهێنن، بەڵکو هەموو کۆمەڵگەن، بە هاوکاری و قوربانیدانی خۆیان نەوەکان بنیاد دەنێن، وتیشی: بە ڕۆحی ٨ی ئادار، هەموو ژنان لەو سنووردارکردنانە ڕزگار دەکەین کە کۆت و بەند کراون و مافەکانیان زەوت کراوە، خوێندکارە ژنەکانی بەشی ژنۆلۆژی هەوڵدەدەن چەرخی گەشەپێدان پاڵ بنێن بۆ پێشەوە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و ژنان و بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دادپەروەر و دیموکراسی، کە ڕێز لە ژنان بگرێت و بەرگری لە مافەکانیان بکات و دان بە ڕۆڵ و قوربانیدانەکانیاندا بنێت.

 

ئەو ڕوونیشیکردەوە، "دۆخی ئەمڕۆی ژنان جیاوازە لەوەی پێش شۆڕشی ڕۆژئاوا بوو، کە ڕێگەی بۆ کرانەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە هەموو بوارەکانی سیاسی، سەربازی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریدا بسەلمێنن، داوا لە ژنان دەکەم کە بازنەی خۆیان فراوانتر بکەن و خەبات بکەن، دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەیان بپارێزن و زیاتر بەدەست بهێنن.