بە ئیرادە و سووربوونەوە ژنانی عەفرین بۆ ٨ی ئادار بەردەوامن

ژنانی ناوچەی شێراوا لە عەفرینی داگیرکراو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پشتڕاستی دەکەنەوە کە لە ٨ی ئاداردا بە ئیرادەو سووربوونەوە بەردەوام دەبن، ئەمە ڕێزگرتنە لە تێکۆشان و خەباتی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرش و کردارانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا-ژنانی ناوچەی شیراوا لە بەرامبەر سیاسەتەکانی قڕکردن و سەرکوتکردن بەرخۆدان دەکەن، بە بەردەوامبوون لە ڕێکخستنی ڕیزەکانیان و پەروەردەکردنی کۆمەڵگە دەربارەی سیاسەتەکانی داگیرکاری تورکیا، خەباتیان زیاد دەکەن.

 

دەوڵەتی تورکیا لەکاتی داگیرکردنی عەفرینەوە لە ٢٠١٨ەوە ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەوڵێکدا بۆ سڕینەوەی ناسنامە و بوونی ژنان، ژنان دەکاتە ئامانج، هەروەها قێزەونترین تاوانی لە دژیان ئەنجام داوە و چەندین پێشێلکاری ئەنجامداوە، لەوانە ڕفاندن، دەستگیرکردن، دەستدرێژی و لە سێدارەدان لە دژیان، سەرەڕای ئەوەش، هەموو ڕۆژێک ژنانی عەفرین و شەهبا سووربوونی خۆیان سەلماندووە بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانیان و پەروەردەکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییان بەرامبەر بەو سیاسەتە سەرکوتکردنانەی کە دەوڵەتی تورکیا لە عەفرینی داگیرکراودا لە دژی ژنان ئەنجامی داون.

 

"ئازاری ژنان زیاتر بووەو داهاتووی منداڵان لە مەترسیدایە"

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، ژنانی ناوچەی شیراوا تیشکیان خستە سەر تێکۆشان و خۆیان دژ بە سیاسەت و پلانەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئەمەل ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە "مانەوە و جێگیربوون لە گوندەکانی ناوچەی شێراوا ئاسان نییە، چونکە هەمیشە بەهۆی نزیکبوونەوەیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی تورکیادان و ڕۆژانە ڕووبەڕووی تۆپبارانکردن و بەئامانجکردن بە چەکی قورس دەبنەوە، ئەم هێرشانە ئازاری دایک و باوکان بەتایبەتی ژنانی لە هەموو لایەنەکانی ژیانیاندا خراپتر کردووە، چونکە لە دابینکردنی ئاو و بژێویدا دەناڵێنن و داهاتووی منداڵەکانیان لە مەترسیدایە.

 

ئەمەل ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، سووربوون و ئیرادەی ژنان لە گوندە گەمارۆدراوەکانی ناوچەی شێراوا کە ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە و پلانەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕەت دەکاتەوەو وتی: سەرەڕای هێرش و پێشێلکارییەکانی داگیرکاری تورکیا بەردەوام دەبین لە پەروەردەو کۆبوونەوە ڕێکخراوەییەکانمان بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵگە.

 

"ژنانی عەفرین بە هەموو سووربوون و ئیرادەیەکەوە بەردەوامن"

لە لایەکی دیکەوە، فەهیمە ئەیباش پیرۆزبایی لە هەموو ژنان کرد بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنانەوە، بەتایبەتی بەرخۆدان و ماندووبوون لە بەرامبەر سیاسەت و پلانەکانی فراوانخوازی لە ناوچەکەدا و وتی: ئەم ڕۆژە بە پیرۆزیی و شەرەف هات بۆ خەبات و تێکۆشانی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان و داواکردنی دادپەروەری و یەکسانی، ژنانی عەفرین بە هەموو سووربوون و ئیرادەیەکەوە بەردەوامن لەم ڕێپێوانەدا و بەرخۆدانێکی بێهاوتایان نیشاندا لە بەرامبەر هێرش و کردارەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی خۆیان و گەلانی ناوچەکە.

 

ئاماژەی بەوەدا ژنان لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا باجیان داوە بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتە و تایەفەیەک مافەکانی خۆیان بەدەست بهێنن، چونکە نەک تەنها لە دژی دەوڵەتی تورکیا تێدەکۆشن، بەڵکو شەڕ دەکەن و سیاسەتی سەرکوتکردن و لەناوبردنیش ڕەتدەکەنەوە کە ڕژێمە دیکتاتۆر و دەسەڵاتدارەکان دژی گەلی ناوچەکە ئەنجامیان داوە.

 

داوای لە ژنان لە سەرانسەری جیهان بەگشتی و سووریا بەتایبەتی کرد کە لە دژی نادادپەروەری و قڕکردن و چەوساندنەوە هەستن و دەنگیان بەرز بکەنەوە و خەباتیان بۆ ئازادکردنی چەوساوەکان و پەراوێزخراوەکان بەرز بکەنەوە.

 

"مانگی ئادار چەندین دەستکەوتی مێژوویی هەن کە بە تێکۆشان و خەباتی ژنان نووسراون"

زەینەب حەسەن ئاماژەی بەوەکرد، مانگی ئادار چەندین ڕۆژ و دەستکەوتی مێژوویی هەن کە بە تێکۆشان و خەباتی ژنان نووسراون و پێویستە لە ڕێگەی خەبات و بەرخۆدانەوە دەستکەوتەکانیان بپارێزرێن لە کۆتایی قسەکانیدا بەڵێنی بەدەستهێنانی ئازادی بۆ هەموو ژنان و بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ئازادکردنی عەفرین و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیا و ڕەتکردنەوەی پلانەکانی لەسەر بنەمای پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و شکاندنی سووربوون و ئیرادەیان دا.