"حکومەت شەڕمان لەگەڵ دەکات"

سەدان کەس لە دانیشتووانی شاری سوەیدای سووریا لە گۆڕەپانی ئەلکەرەمە کۆبوونەوە بۆ داواکردنی گۆڕانکاری ئاشتیانە و گواستنەوەی سیاسی لە ڕێگەی جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان و گۆڕینی یاساکانی سنووردارکردنی مافەکانی ژنان.

ڕوشێل جونیۆر

 

سوەیدا- ژنان لە خۆپیشاندانە بەردەوامەکاندا لە شاری سوەیدای سووریا ئامادەبوونێکی بەرچاو و فراوانیان هەیە، سەدان کەس لە دانیشتووانی شاری سوەیدای سووریا ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی شوبات، بە هەڵگرتنی ئاڵا کە داوای دادپەروەری و ئازادی و گۆڕینی یاساکان دەکەن کە مافی ژنان سنووردار دەکەن، ڕێپێوانیان کرد بۆ گۆڕەپانی ئەلکەرەمە.

 

دیمە ئەبو ئیسماعیل، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی بزووتنەوەی گەلەوە لە گۆڕەپانی ئەلکەرەمە بووە وتی: جەخت لەسەر ڕۆڵی سیاسی ژنان و دژایەتیکردنیان لەلایەن ڕژێم و کۆمەڵگەوە، پێویستە هۆشیاری کۆمەڵگە هەبێت بۆ یارمەتیدانی ژنان لە بەشداریکردن لە سیاسەتدا، کە تێیدا سەرکەوتوو دەبن ئەگەر بەردەوام بن لە جوڵاندن و ڕووخاندنی ڕژێم.

 

ڕوونیکردەوە لە یەکێک لە ئەڵقەکانی نووسەر نەوال سەعداوی کە مێشکی پیاوان و مێشکی ژنانی شیکردۆتەوە، هیچ بەڵگەیەکی زانستی لە بایۆلۆجی، فیزیۆلۆژی نییە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ژنان لە پیاوان کەمترن لە ڕووی لێکۆڵینەوەی جەستەیی یان دەروونییەوە.

 

"ژنان بەدەست یاسای باری کەسی دەناڵێنن"

ئەمال دەنون ئاماژەی بەوەکرد، ژنان بەدەست یاسای باری کەسی دەناڵێنن، کە بە هەموو بڕگەکانیەوە دەیانچەوسێنێتەوە، وتی: داوا دەکەین هەموار بکرێتەوە بۆ مسۆگەرکردنی هەموو مافەکانمان، بەردەوام دەبین لە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکەدا و پاشگەز نابینەوە هەتا هەموو داواکارییەکانمان بۆ گۆڕانکاری ئاشتیانە و گواستنەوەی سیاسی جێبەجێ دەکرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕژێم هەموو ماف و کەرامەت و ئازادی و داهاتووی منداڵەکانیان لە گەل دزیوە و چیتر ناتوانێت هیچ شتێک بۆ گەلەکەی دابین بکات، گەل پێویستیان بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان هەیە، ئەمەش باری ژنان زیاد دەکات و ئازارەکانیان زیاتر کردووە.

 

ئەمال دەنون داوای لە ژنان کرد بچنە مەیدانەکان و داوای مافەکانی منداڵەکانیان بکەن بۆ ئەوەی لە ئازادی و شکۆمەندیدا بژین.

 

"ژنان بە بەشداریکردن ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا وەرگرتووە"

بەشیرە زەهرەدین وتی: بە هەوڵەکانمان و بوونی هەمیشەییمان لە گۆڕەپانەکەدا، وڵاتێک بونیاد دەنێینەوە کە لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی دامەزراوە، ژنان بەشێک لە ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا وەرگرتووە، ڕژێم منداڵەکانمانی ئاوارە کردووە ئەم هۆکارانە بەس بوون بۆ ئەوەی دژی بوەستین و داوای ڕووخاندنی بکەین.