زمانی دایک لەپێناو نەوەیەکی ئازاد، نەک بەندکردنی لەڕێی پەروەردەوە

ئەو نەتەوانەی بە زمانی دایکیان قسە دەکەن و پەروەردە دەبن، نەوەکانیان بەدوای ئازادیدا وێڵ نین، بەڵام قەدەغەکاری لەسەر زمانی دایکی هەر نەتەوەیەک، نەوەکانی دیلی ئازادی کردووە.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ- ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لە ٢١ی شوباتی هەموو ساڵێکدا یاد دەکرێتەوە، ئامانجی ئەم ڕۆژە بریتییە لە برەودان و پاراستنی زمانە ڕەسەنەکان، هاندانی فرەزمانی، هەمەچەشنی زمان و بەرزکردنەوەی هۆشیاری لەسەر پەروەردەی گشتگیر.

 

ڕۆژی ٢١ی شوبات لەلایەن یونسکۆ-وە هەڵبژێردرا بۆ یادکردنەوەی بزووتنەوەی زمانی بەنگالی ساڵی ١٩٥٢ لە بەنگلادیش، کاتێک خوێندکاران و چالاکوانان خۆپیشاندانیان دژی سەپاندنی زمانی ئوردوو وەک تاکە زمانی فەرمی کرد، ئەم بزووتنەوەیە کاتێک ڕوویدا کە بەنگلادیش پارێزگایەکی پاکستان بوو و خەڵکەکەی تێکۆشانیان دەکرد بۆ ناسینەوەی زمانی بەنگالی.

 

ساڵانە یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە بە ناونیشانی جیاواز دەبیت و بابەتی یادکردنەوەکە بۆ ئەمساڵ بریتییە لە "پەروەردەی فرەزمانی کۆڵەکەی فێربوونی نەوەکانە"، یونسکۆ ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئێستادا ٢٥٠ ملیۆن منداڵ و گەنج هێشتا ناچنە خوێندنگە و ٧٦٣ ملیۆن کەسی پێگەیشتوو شارەزایی لە خوێندنی سەرەتایی نییە، پەروەردەی زمانی دایک پاڵپشتی فێربوون و خوێندنەوە و بەدەستهێنانی زمانی زیاتر دەکات.

 

لە ئێستادا نزیکەی ٤٠%ی منداڵان بە زمانی داییان ناخوێنن، هەندێکیان خۆیان بە پەراوێزخراو دەبینن یان تەنانەت ناچار دەکرێن نکۆڵی لە کەلەپووری کولتووری خۆیان بکەن.

 

زمانی دایک، پەروەردەی زمانی دایک و پەروەردەی فرەزمان چییە؟

دەستەواژەی "زمانی دایک" بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردێت، بەڵام چۆنیەتی پێناسەکردنی دەکرێت پشت بەوە ببەستێت کە کێ بەکاریدەهێنیت و لە چ چوارچێوەیەکدایە؟ زمانی دایک دەتوانێت ئاماژە بەو زمانە بکات کە یەکەم جار فێری بووە، ئەو زمانەی کە کەسێکی پێ دەناسرێتەوە، وەک قسەکەرێکی ڕەسەن لەلایەن کەسانی تر؛ ئەو زمانەی کە بە باشترین شێوە دەیزانێت و ئەو زمانەی کە زۆرترین بەکاری دەهێنێت، هەندێک کەس دەتوانن زیاتر لە یەک زمانی دایکیان هەبێت، هەروەها دەکرێت بە "زمانی سەرەتایی" یان "زمانی یەکەم" ئاماژەی پێ بکرێت.

 

کاتێک باسی پەروەردەی دووزمان و فرەزمان دەکەین، ئاماژە بە بەکارهێنانی دوو زمان یان زیاتر دەکەین وەک ناوەندی فێرکردن لە قوتابخانەکاندا.

 

فێربوونی نێوان نەوەکان چییە؟

فێربوونی نەوەکان بەو فێربوونە پێناسە دەکرێت کە لە نێوان تەمەن و نەوە جیاوازەکاندا ڕوودەدات، تەواوی چەمکەکە فرە ئاڕاستەیی فێربوونە، منداڵان دەتوانن لە گەورەکانەوە فێر بن، گەورەکان لە منداڵانەوە، منداڵە بچووکەکان لە خوشک و برا گەورەترەکان و لە خزمەکانی تر. ئەمە پرۆسەیەکی فێربوونی کۆمەڵایەتییە کە تێیدا هەموو خێزانەکە پێکەوە فێر دەبن.

 

شارەزایی زمان لەناو قەدەغەکاریدا

بە شێوەیەکی تێگەیشتوو، شارەزایی لە زمانی دایکدا زۆرجار لە ماڵەوە دەست پێدەکات، چونکە منداڵان لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە فیێری دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا لە خوێندنگە، زۆربەی خوێندکاران دەتوانن وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە پێویستیان بە شێوازێکی خولاوەی فێربوون هەیە، بەڵام بەهۆی سنووردارکردنەوە هەندێک لە منداڵانی نەتەوەکان کێشەیان هەیە بۆ نووسین و قسەکردن بە زمانی دایکیان، هەرچەندە خوێندکارەکان لە زمانەکە تێدەگەن، بەڵام دەرفەتی پێویستیان نییە بۆ ڕاهێنانی قسەکردن لە بارودۆخی ڕۆژانەدا، بەبێ دەرکەوتنی بەردەوام، لەوانەیە زەحمەت بێت بۆ هێشتنەوە و باشترکردنی شارەزایی زمان.

 

خوێندنگەکان سەرەتایەک بۆ سەرکوتکردنی زمانی دایک

لە کاتێکدا کە سیستمی پەروەردەی نەریتی جەختی کردووەتەوە لەسەر فێربوونی زمان لە خوێندنگەکاندا، بەڵام زۆرێک لەو وڵات و دەسەڵاتانەی زمانی دایک لە نەتەوەکان قەدەغە دەکەن یان فرەزمانی لە خوێندنگەکاندا قبوڵ ناکەن، سەرەتا لە پڕۆسەی خوێندنەوە دەستپیدەکەن واتە ناهێڵن خوێندکاران جگە لەو زمانەی زاڵ کراوە بە هیچ زمانیکی دیکەو زمانی دایکیان پەروەردەو فێربکرێن، ئەەمش لەکاتێکدا دوای خێزان و ماڵەوە، خوێندنگە ا باشترین بەرکەوتن و کارلێکە بۆ فێربوونی زمان.

 

زمان ناسنامە و بوونە

ئەو زمانانەی قسەی پێدەکرێت بەهاکان و باوەڕەکان و ناسنامەکان دیاری دەکەن. بە سایەی زمان، ئەزموون، نەریت و زانیاریەکان دەگوازرێنەوە و بە زیندوویی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەهێڵرێنەوە.

 

فرەیی زمان ڕەنگدانەوەی دەوڵەمەندی خەیاڵەکان و شێوازەکانی ژیانە و پێکهاتەیەکی بنەڕەتییە لە کەلەپووری نادیاری مرۆڤایەتی، بەڵام تاک زمانی هەڕەشەی زیاتر دەکات و زمانەکانی دیکە ون دەکات، فرەزمانی دەرفەتی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ پردکردنی جیاوازییەکان، بۆ دیالۆگ و پشتگیریکردنی تێگەیشتن و هاوکاری، لەگەڵ ئەوەشدا، فرەزمانی ئەمڕۆ ئامانجێکە، نەک ڕاستییەکی هەستپێکراو.

 

زۆرێک لە زمانەکانی جیهان، یەکیک لەوانە کە زمانی کوردییە و لە پلەی ٨ەمی ١٦٨ زمانە چالاکەکانی جیهاندایە، بەهۆی ڕەتکردنەوەو قەدەغەکردنی لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەر و زۆردارەکانەوە، هەمیشە ڕووبەڕووی مەترسی بووەتەوە.

 

نەتەوەی کورد کە بە زمانی کوردی قسە دەکەن و زمانی دایکیانە، بەو قەدەغەکاری زمانە لەمیژەوە دیل کراون و بەدوای ئەو ئازادییەدا دەگەڕێن کە هەموو نەتەوەیەک و گەلێک لە ڕێگەی زمانی دایکییەوە بەدەستیدەهێنێت.