مانگرتن و نافەرمانی مەدەنی دوکانداران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

س.م.، چالاکوان و نووسەر دەڵێت: مانگرتنی دوکانداران نافەرمانییەکی مەدەنیانەی ئاشتیانەیە، کە بووەتە خاڵی وەرچەرخان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە هەموو ئێرانیشدا بەرخۆدانێکی ناوازەیە.

مهاباد

 

دوکانداران و بازرگانان لە مێژووی ناڕەزایەتی و شۆڕشی گەلانی جۆراوجۆردا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە، لە کوردستانیش هەمیشە بازرگانان و دوکانداران وەک یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکان دەنگی ناڕەزایەتی بوون.

 

کاریگەری ئابووری و زیادبوونی فشارەکان لەسەر حکومەت و هاوپشتی کۆمەڵایەتی هۆکاری داخستنی بازاڕەکانن، ڕەنگە ڕۆڵی داخستنی بازاڕ لە مانگرتنەکان لە دژی حکومەتەکان وەک ستراتیژییەکی ناڕەزایەتی سەرکەوتوو بێت و دەتوانێت فشاری ئابووری بخاتە سەر حکومەت و هانی خەڵک بدات بۆ بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان و ناڕەزایی خۆیان لە ئەدای حکومەت لە بوارە جیاجیاکاندا نیشان بدەن، ئەم کارە دەتوانێت سەرنجی زیاتری میدیا و کۆمەڵگە ڕابکێشێت و ببێتە هۆی چڕبوونەوەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان.

 

مێژووی مانگرتنی دوکانداران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

تیرۆر و زیندانیکردنی سەرکردە سیاسییەکان، لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی، ساڵڕۆژی سەرهەڵدانەکانی گەل، ناڕەزایەتی دەربڕین لە پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، پێشهات و ناڕەزایەتییە سیاسییەکانی هاوشێوەی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" پاڵنەری دەستپێکردنی مانگرتنی سەرتاسەری و بەشداری هەموو توێژەکان بووە، لەناویشیاندا دوکانداران و بازرگاکان کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لە ئابووری وڵات کردووە.

 

بەڵگەی مێژوویی مانگرتنی بازرگانان و دوکاندارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای دامەزراندنی ڕژێمی ئیسلامی و لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی وەک فەرزاد کەمانگەر و شیرین عەلەمهولی، شەرمەزارکردنی کوشتنی کۆڵبەران و ... هتددا، بەڕوونی دەبینرێت.

 

ناڕەزایەتیەکانی دوکانداران لە سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا

بە کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە تاران مانگرتنی سەرتاسەری گەل پێی نایە دۆخێکی تر و بەربڵاوترین مانگرتن بوو لە مێژووی ڕژێمی ئیسلامیدا، لەگەڵ ڕژانە سەرشەقامی خۆپیشاندەران و دروستبوونی ناڕەزایەتی و خەبات دژی حکومەت، بازرگانان و دوکانداران وەک توێژێکی کۆمەڵگە پەیوەست بوون بە خەباتەوە، بەو پێیەی خاڵی دەستپێکی ئەم سەرهەڵدانە شۆڕشگێڕییە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، دوکاندارانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی وەک سەقز، مهاباد، بۆکان، سنە، کرماشان، جوانڕۆ، ورمێ و سەردەشت لە پێشەنگەکانی مانگرتنی دوکانداران بوون.

 

لە دوای دەستپێکردنی مانگرتنەکان ٪٧٠ی دوکانداران و بازرگانان، لە ٢١ پارێزگای ئێران پەیوەست بوون بە یەکەم ڕۆژی بانگەوازی مانگرتنەوە، ئەمەش بووە ڕۆژەڤی میدیا پەیوەندیدارەکان، لە بەرامبەردا ڕژێمی ئێران بۆ شکاندنی بەرخۆدان و ئیرادەی گەل، دەستی کرد بە بلۆککردنی هەژماری بانکەکان، زیندانیکردن، سەرپێچی، مۆرکردن و ...هتد، بەڵام بەرخۆدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە فشاری حکومەت نەشکێندرا و ڕووخسارێکی هاوسۆزیی ڕۆژهەڵات لەلایەن جیهانەوە دەرکەوت.

 

مانگرتنی دوکانداران درێژەی هەیە

دوای سەرکوتکردنی توندی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەشێکی ئەمنی توند لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە پەیڕەو کرا، بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، دەنگی ناڕەزایەتییەکان کپ نەکراوە و خەباتی جەماوەری دیسان خۆیان لە بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نیشان دایەوە.

 

لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دوا بە دوای لەسێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسی کورد بە ناوەکانی، وەفا ئازەربار، پژمان فاتحی، محەمەد(هەژیر) فەرامەرزی و موحسین مەزلوم، بەشێک لە کارگەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی سزای سێدارە ٣٠ی کانوونی دووەم مانیان گرت.

 

زریان ف. چالاکوانی مەدەنی، لە بارەی مانگرتنەکانەوە دەڵێت: لە سەردەمی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا حکومەت هەوڵیدا بە دروستکردنی کەشێکی ترسناک و کەڵک وەرگرتن لە توندوتیژی کۆمەڵگە بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت کۆنترۆڵ بکات، لەسێدارەدانی ئەو چوار زیندانییە سیاسییە کوردە بۆ هەموو ڕۆژهەڵات ئازارێکی قوڵ بوو، شاهیدیش بووین کە لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵات دووکانداران بە داخستنی دوکانەکانیان ناڕەزایەتی خەڵکیان بە هەموو جیهان گەیاند، دەکرێت بوترێت مانگرتنی بازرگانان و دوکانداران و داخستنی دوکانەکان لە دوای لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسی پریشکی دەستپێکی وەرزێکی تری خەباتی "ژن، ژیان، ئازادی"یە، کە ڕۆحێکی نوێی ئازایەتی لە جەستەدا زیندوو کردەوە.

 

دایکان پێشەنگایەتییان کرد

س.م، چالاکوان و نووسەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، و سەبارەت بە لەسێدارەدان و مانگرتنەکانی ئەم دواییە دەڵێت: حکومەتی ئێران چوار چالاکوانی سیاسی بە تۆمەتی ناڕەوا و بێ بنەما لە سێدارەدا، بەڵام لە ڕاستیدا کوردبوونیان یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەسێدارەدانیان، موحسین مەزلوم چالاکوانێکی خوێندکاران بوو کە نەیتوانی خوێندنی زانکۆ تەواو بکات و ناچار بوو ئێران بەجێبهێڵێت، کاتێک موحسین گەنج بوو و لە خەمی کار و نووسیندا بوو، بەهۆی کوردبوون و چالاکییەکانیەوە ڕێگرییان لێکرد، ڕەنگە خوێندکارەکانی شارەکانی دیکە ئەو جۆرە سنووردارکردنەیان نەبێت، هەر بەو هۆیەشەوە حکومەت هەوڵی لابردن و کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی زیاتری دا بە بیانووی جۆراوجۆر.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: مانگرتنی دوکانداران نافەرمانییەکی مەدەنی ئاشتیانەیە کە بووەتە خاڵی وەرچەرخان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەموو ئێرانیشدا بەرخۆدانێکی ناوازە بوو، لە سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا مانگرتنەکانی کوردستان کلیلی سەرەکی تەواوی مانگرتنەکانی ئێران بوون، مانگرتنی دوکانداران و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سیاسەتی حکومەت بەو واتایەیە کە خەڵک هێشتا یەک دەنگن و پاڵپشتی گەلەکەیانن، ئیتر ناخوازن دایکان ڕەش بپۆشن، هەروەها ڕێوڕەسمی پرسەی کۆچکردوواب بوو بە مەیدانی خەبات و کۆمەڵێک دایکی داواکار هاوسۆزی دایکی شەهیدانن و بە شێوەیەکی ژنانە و دایکانە بەرخۆدانیان چەند هێندە کرد.

 

لە هەلومەرجی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بازرگانەکان بنچینەی خەباتی سیاسین و سیاسەت و تێکۆشان لە کوردستان لە دڵی کۆمەڵگەوە بە شێوەیەک سەرهەڵدەدەن کە لە بارودۆخی خراپی ئابووری و هەڵاوسانی بەرز و گرانبوونی نرخدا، خەڵک بە درێژایی ناڕەزایەتییەکانی بەردەوامە.