ئیسرائیل لەشکرکێشییەکی بۆ سەر شاری ڕەفەح دەکات کە هەزاران ئاوارەی تێدایە

نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل دەربڕی بۆ سەر شاری ڕەفەح لەسەر سنووری میسر، کە زیاتر لە ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار ئاوارەی تێدایە کە لە دۆخێکی خراپی مرۆیی لەناو چادر و پەناگەدا دەژین.

ناوەندی هەواڵ

 

بارودۆخی ئاوارەکان لە کەرتی غەززە بەرەو خراپتر دەچێت، بە تایبەت ئەوانەی لە چادرێکدا دەژین کە لە سەرمای زستان ناپارێزێن، لەگەڵ بەردەوامی بۆردوومان و گەمارۆدان و نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان، منداڵان بە زۆرترین زیانلێکەوتوو دادەنرێن.

 

درەنگانی ئێوارەی دوێنێ، ئیسرائیل دوو ماڵی لە شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە کردە ئامانج و ١٤ کەس کوژران کە پێنجیان منداڵ بوون، جگە لە دەیان بریندار و قەناس بەدەستەکانیش خەڵکی ئاوارەیان کردە ئامانج لە دەوروبەری کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر لە شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە.

 

لە ئەنجامی بۆردوومانێکدا کە ماڵێکی لە گەڕەکی سەلام لە ڕۆژئاوای دێر ئەلبەلا کردە ئامانج، ٣ کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون و تا ئێستاش هێرشە ئاسمانییەکان و تۆپبارانەکان ماڵە مەدەنییەکان لە دەوروبەری کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر دەکەنە ئامانج.

 

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ئیسرائیل ١٦ کۆمەڵکوژی لە دژی خێزانەکانی کەرتی غەززە ئەنجامدا و ١٢٣ کوژراو و ١٦٩ برینداری لێکەوتەوە، بەهۆی کەمیی دەرمان و گەمارۆدانی زۆرێک لە نەخۆشخانەکان کە تا ئێستا کاردەکەن، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دیکەی سەر بە وەزارەتی تەندروستی غەززە.

 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە سەرەتای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ژمارەی کوژراوان بۆ ٢٧ هەزار و ٧٠٨ کەس بەرزبووەتەوە، هاوکات ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە زیاتر لە ٦٧ هەزار کەس.

 

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر شاری ڕەفەح لەسەر سنووری میسر کرد کە هەزار و ٤٠٠ هەزار ئاوارەی تێدایە کە لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە هەڵاتوون، هەزاران ئاوارە لە چادرەکاندا هیچ شوێنێکیان نییە بۆ هەڵهاتن بۆی، ئەگەر هێرشە زەمینییەکانی ئیسرائیل دەستپێبکات.

 

شاری ڕەفەح چەند مانگێکە بەردەوام لە ژێر بۆردوومانی ئیسرائیل دایە، بەڵام ئەو هەڵمەتە زەمینییە نوێیە چاوەڕوانکراوە ترسی زیاتری بۆ ئاوارەکان دروستکردووە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش نیگەرانی خۆی لە چارەنووسی خەڵکی مەدەنی و ئاوارەکان دەربڕی.

 

دوێنێ ڕێکخەری فریاگوزاری دۆخی لەناکاوی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە کە "خەڵکی کەرتی غەززە لە بارودۆخێکی مرۆیی سەخت و خراپدا دەژین، پێداویستییە سەرەتاییەکانی مانەوەیان نییە و برسێتی و نەخۆشی و مردن فشاری بۆ هێناون".

 

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە شاری ڕەفەح لە سنووری میسردا دەژین، کە چوار ئەوەندەی پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل زیادی کردووە و دۆخی خەڵک قورس بووە.